١ئەی شاری خوێن، قوڕبەسەرت، سەراپای درۆیە، پڕ لە تاڵانە، نێچیری لێ نابڕێت!
٢شریقەی قامچی، خشەخشی چەرخ، غاردانی ئەسپ و هەڵبەزینی گالیسکە!
٣سوارەکان پێشدەکەون، بڵێسەی شمشێر و بروسکەی ڕم! زۆری برینداران و زۆری کوژراوان، تەرمی بێشومار، خەڵکی ساتمە لە تەرمەکان دەکەن.
٤هەموو ئەمانە لەبەر زۆری داوێنپیسی لەشفرۆشەکەیە، ڕوخسار جوان و جادووگەرە گەورەکە، ئەوەی بە داوێنپیسییەکەی نەتەوەکانی کردە کۆیلە، بە جادووگەرییەکەی خێڵەکان.
٥یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «من لە دژی تۆم. دامێنت هەڵدەبڕم بۆ سەر ڕووت، ڕووتیت پیشانی نەتەوەکان دەدەم و پاشایەتییەکانیش شەرمەزاریت دەبینن.
٦پیسایی فڕێدەدەمە سەرت، ڕیسوات دەکەم و دەتکەمە دیمەنێکی گاڵتەجاڕی.
٧جا هەرکەسێک بتبینێت لێت ڕادەکات و دەڵێت: ”نەینەوا کاول بوو، کێ بۆی دەگریێت؟“ لەکوێ کەسێک ببینمەوە دڵنەواییت بکات؟»
٨ئایا لە شاری تیب چاکتریت، دانیشتووی سەر نیل، ئاو چواردەوری دابوو؟ ئەوەی ڕووبارەکە دەیپاراست، ئاوەکان شوورای بوون.
٩کوش و میسر هێزی لە ڕادەبەدەری بوون، پووت و لیبییەکان هاوپەیمانی بوون.
١٠بەڵام ئەو بە دیل گیرا و ڕاپێچ کرا، منداڵەکانی پارچەپارچە کران لەسەر سووچی هەموو شەقامێک. لەسەر پیاوماقوڵانی تیروپشک کرا و هەموو گەورە پیاوانی کۆت و زنجیر کران.
١١هەروەها تۆش سەرخۆش دەبیت، خۆت دەشاریتەوە و لە پەنایەک دەگەڕێیت لە دەستی دوژمن.
١٢هەموو قەڵاکانت وەک داری هەنجیرن بە یەکەم بەرەوە، کە بتەکێن بەردەبنەوە بۆ ناو دەمی ئەو کەسەی دەیخوات.
١٣تەماشای سەربازەکانت بکە، هەموویان وەک ژنن! دەروازەکانی خاکەکەت بۆ دوژمنانت دەخرێنە سەر پشت، ئاگر شمشیرەی دەروازەکانت هەڵدەلووشێت.
١٤ئاو بکێشەوە بۆ کاتی گەمارۆدراویت، قەڵاکانت بەهێز بکە! بڕۆ ناو قوڕەوە، قوڕ بشێلە و خشتبڕەکانت توندوتۆڵ بکە!
١٥لەوێدا ئاگر دەتخوات، شمشێر دەتبڕێت و وەک پۆلە کوللە دەتخوات. وەک پۆلە کوللە زیادبە، زیادبە وەک پێکوڕە!
١٦بازرگانەکانی خۆت لە ئەستێرەکانی ئاسمان زۆرتر کرد، بەڵام وەک کوللە خاکەکە ڕووت دەکەنەوە و دەفڕن.
١٧پاسەوانەکانت وەک کوللەن، ئەفسەرەکانت وەک ڕەوە کوللەن، کە لە ڕۆژێکی سارد لەسەر دیوار هەڵنیشتوون، بەڵام کە خۆر هەڵهات دەفڕن، کەس نازانێ بەرەو کوێ چوون.
١٨ئەی پاشای ئاشور، شوانەکانت خەوتن، گەورە پیاوانت پاڵکەوتن پشوو بدەن. گەلەکەت لەسەر چیاکان پەرتەوازە بوون، کەس نییە کۆیان بکاتەوە.
١٩شکانەکەت ناگیرێتەوە، برینەکەت ساڕێژ نابێت. هەموو ئەوانەی هەواڵی تۆ دەبیستن لە خۆشیدا چەپڵە لێ دەدەن، چونکە کێ نەیچێشتووە خراپەی بەردەوامی تۆ؟