کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزنەحەمیا

نەحەمیا ٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لە بیست و چواری ئەم مانگەدا نەوەی ئیسرائیل کۆبوونەوە، بە ڕۆژوو و جلوبەرگی گوش و سەری تۆزاوییەوە.

٢ئەوانەی لە ڕەچەڵەکی ئیسرائیل بوون لە هەموو ڕەچەڵەکە بێگانەکان جیا بوونەوە و ڕاوەستان و دانیان بە گوناهەکانی خۆیان و تاوانەکانی باوباپیرانیان نا.

٣لە شوێنەکانی خۆیاندا ڕاوەستان و چارەکە ڕۆژێک لە پەڕتووکی تەوراتی یەزدانی پەروەردگاریان خوێندەوە، چارەکە ڕۆژێکیش دانیان بە گوناهەکانیان دەنا و کڕنۆشیان بۆ یەزدانی پەروەردگاریان دەبرد.

٤لەسەر پێپلیکانەکەی لێڤییەکان، یێشوع، بانی، قەدمیێل، شەڤەنیا، بوننی، شێرێڤیا، بانی و کەنانی ڕاوەستان و بە دەنگی بەرز هاواریان بۆ یەزدانی پەروەردگاریان کرد.

٥لە لێڤییەکان، یێشوع، قەدمیێل، بانی، حەشەڤنەیا، شێرێڤیا، هۆدیا، شەڤەنیا و پەتەحیا، گوتیان: «هەستن و ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان بکەن کە لە ئەزەلەوەیە و هەتاهەتایە.» «با ناوی شکۆدارت بەرەکەتدار بێت، بەرزە بەسەر هەموو بەرەکەت و ستایشێکەوە.

٦تۆ خۆت بە تەنها یەزدانیت. تۆ ئاسمانت دروستکرد، ئاسمانی ئاسمانەکان و هەموو هێزەکانیان، زەوی و هەموو ئەوەی لەسەریەتی، دەریاکان و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە. تۆ ژیان بە هەموویان دەدەیت و هێزەکانی ئاسمان کڕنۆشت بۆ دەبەن.

٧«تۆ یەزدانی پەروەردگاریت، کە ئەبرامت هەڵبژارد و لە ئووری کلدانییەکانەوە دەرتهێنا و ناوت نا ئیبراهیم.

٨بینیت لەبەردەمی تۆ دڵسۆزە، پەیمانت لەگەڵی بەست، کە خاکی کەنعانی و حیتی و ئەمۆری و پریزی و یەبوسی و گرگاشییەکانی بدەیتێ، بیدەیتە نەوەکەی، ئینجا بەڵێنەکەی خۆتت هێنایە دی، چونکە تۆ ڕاستودروستیت.

٩«تۆ زەلیلی باوباپیرانی ئێمەت لە میسر بینی و گوێت لە هاواریان بوو لەلای دەریای سوور.

١٠نیشانە و پەرجووت لە دژی فیرعەون و هەموو کاربەدەستەکانی و گەلی خاکەکەی کرد، چونکە زانیت میسرییەکان زۆریان لێکردن. جا ناوێکت بۆ خۆت دروستکرد وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە.

١١دەریاکەت لەبەردەمیاندا شەقکرد تاوەکو بەناو دەریاکە بەسەر وشکانیدا بپەڕینەوە، ڕاونەرانی ئەوانیشت فڕێدایە ناو قووڵاییەوە، وەک بەردێک لەناو ئاوە بەهێزەکان.

١٢بە ڕۆژ بە ستوونی هەور ڕێت نیشان دان، بە شەویش بە ستوونی ئاگر، هەتا ئەو ڕێگایەیان بۆ ڕووناک بکەیتەوە کە پێیدا دەڕۆن.

١٣«لەسەر شاخی سینا دابەزیت و لە ئاسمانەوە لەگەڵیاندا دوایت. حوکمە ڕێک و فێرکردنە ڕاست و فەرز و فەرمانە باشەکانت دانێ.

١٤ڕۆژی شەممەی پیرۆزت پێ ناساندن، لەسەر دەستی موسای خزمەتکارت فەرمان و فەرز و فێرکردنەکانت دانێ.

١٥لە برسیێتییاندا لە ئاسمانەوە نانت دانێ، لە تینووێتیشیاندا لە تاشەبەردەوە ئاوت بۆ دەرهێنان و فەرمانت پێدان کە بچنە ناو ئەم خاکە و بە میرات وەریبگرن، کە سوێندت خواردبوو بیاندەیتێ.

١٦«بەڵام ئەوان، واتا باوباپیرانمان لەخۆبایی و کەللەڕەق بوون و گوێیان لە فەرمانەکانت نەگرت.

١٧ڕەتیان کردەوە گوێ بگرن و پەرجووەکانی تۆیان وەبیر خۆیان نەهێنایەوە کە بۆت کردن، کەللەڕەقییان کرد و لە کاتی یاخیبوونەکەیاندا سەرۆکیان بەسەر خۆیانەوە دانا تاکو بگەڕێنەوە سەر کۆیلایەتییەکەیان. بەڵام تۆ خودایەکی لێبوردە و میهرەبان و بە بەزەییت، پشوودرێژیت، خۆشەویستی نەگۆڕت زۆرە. تۆ وازت لێ نەهێنان،

١٨تەنانەت کاتێک کە پەیکەرێکی لەقاڵبدراوی گوێرەکەیان دروستکرد و گوتیان: ”ئەمە خوداوەندەکەتانە، ئەوەی ئێوەی لە میسر دەرهێنا!“ یان کاتێک چەندین کفری گەورەیان کرد.

١٩«بەڵام تۆ بە بەزەییە زۆرەکەت لە چۆڵەوانی وازت لێ نەهێنان، بە ڕۆژ ستوونە هەورەکە لەسەریان لا نەچوو بۆ ئەوەی ڕێگایان پیشان بدات، بە شەویش ستوونە ئاگرەکە تاکو ئەو ڕێگایە ڕووناک بکاتەوە کە پێیدا دەڕۆن.

٢٠ڕۆحە چاکەکەی خۆشت پێدان بۆ فێرکردنیان و مەنی خۆتت لە دەمیان نەگرتەوە و ئاوت پێدان بۆ تینووێتییان.

٢١چل ساڵ لە چۆڵەوانی بەخێوت کردن و لە هیچیان کەم نەبوو، جلەکانیان دانەڕزا و پێیەکانیان نەئاوسا.

٢٢«پاشایەتی و گەلانت پێدان بەسەر هەرێمەکاندا دابەشت کردن، خاکی سیحۆنی پاشای حەشبۆن، هەروەها خاکی عۆگی پاشای باشانیان داگیر کرد.

٢٣کوڕەکانی ئەوانت وەک ئەستێرەکانی ئاسمان زۆر کرد و ئەوانت هێنا ئەو خاکەی کە بە باوباپیرانیانت فەرموو: ”وەرنە ناوییەوە داگیری بکەن.“

٢٤ئینجا کوڕان هاتن و دەستیان بەسەر خاکەکەدا گرت، تۆش کەنعانییەکانی دانیشتووانی خاکەکەت لەبەردەمیاندا زەلیل کرد، پاشاکانی و گەلەکانیت دایە دەست ئەوان، هەتا ئەوەیان پێ بکەن کە پێیان باشە.

٢٥چەند شارێکی قەڵابەند و زەوی بەپیتیان گرت؛ ماڵیان داگیر کرد کە پڕ بوو لە هەموو جۆرە شتێکی باش، بیری هەڵکەنراو، ڕەزەمێو، ڕەزی زەیتوون و داری بەرداری زۆر. ئینجا هەتا تێر و قەڵەو بوون خواردیان و چێژیان لە چاکەی زۆری تۆ وەرگرت.

٢٦«بەڵام یاخی بوون و لێت هەڵگەڕانەوە و پشتیان لە فێرکردنەکانی تۆ کرد. پێغەمبەرەکانی تۆیان کوشت، ئەوانەی ئاگاداریان کردنەوە هەتا بیانگەڕێننەوە لای تۆ، چەندین کفری گەورەیان کرد.

٢٧ئیتر ئەوانت دایە دەست دوژمنەکانیان، ئەوانیش ستەمیان لێکردن. کاتێک لە تەنگانەدا بوون هاواریان بۆ کردیت، تۆش لە ئاسمانەوە گوێت لێ بوو، جا بەپێی بەزەییە زۆرەکەت چەند ڕزگارکەرێکت پێدان، کە لە دەست دوژمنانیان ڕزگاریان کردن.

٢٨«کاتێک حەسانەوە، گەڕانەوە بۆ ئەنجامدانی خراپە لەبەردەمی تۆ، تۆش لەناو دەستی دوژمنەکانیان وازت لێ هێنان هەتا بەسەریاندا زاڵ بن، جا گەڕانەوە و هاواریان بۆت کرد، تۆش لە ئاسمانەوە گوێت لێ بوو، زۆر جار بەپێی بەزەییەکەت فریایان کەوتیت.

٢٩«ئاگادارت کردنەوە هەتا بیانگەڕێنیتەوە سەر فێرکردنەکانت. بەڵام ئەوان لەخۆبایی بوون و گوێیان لە فەرمانەکانت نەگرت و لە دژی حوکمەکانت گوناهیان کرد، کە لەبارەیانەوە فەرمووت: ”ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بەهۆیانەوە دەژیێت.“ ئەوان کەللەڕەقانە پشتیان تێ کردیت و ملیان ڕەقکرد و گوێیان نەگرت.

٣٠تۆ ساڵانێکی زۆر لەگەڵیان پشوودرێژ بوویت و بە ڕۆحی خۆت و لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانتەوە ئاگادارت کردنەوە، بەڵام گوێیان نەگرت، تۆش ئەوانت دایە دەستی گەلانی دراوسێ.

٣١بەڵام لەبەر بەزەییە زۆرەکەت کۆتاییت پێ نەهێنان، وازت لێ نەهێنان، چونکە تۆ خودایەکی میهرەبان و بە بەزەییت.

٣٢«ئێستاش ئەی خودای ئێمە، خودای مەزنی بە توانا و بە سام، کە پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر، با بەلاتەوە کەم نەبێت هەموو ئەو ناخۆشییانەی کە تووشمان بووە، تووشی پاشا و ڕابەرەکانمان بووە، تووشی کاهین و پێغەمبەرەکانمان بووە، تووشی باوباپیرانمان و هەموو گەلەکەت بووە، لە ماوەی پاشایەتی پاشاکانی ئاشورەوە هەتا ئەمڕۆ.

٣٣لە هەموو ئەوەی بەسەرمان هاتووە تۆ ڕاستودروستیت، چونکە تۆ دڵسۆزیت ئەنجام دا، ئێمەش خراپە.

٣٤پاشا و سەرکردە و کاهین و باوباپیرانمان کاریان بە فێرکردنەکەت نەکرد و گوێیان نەدایە ئەو فەرمان و یاسایانەی کە ئاگادارت کردنەوە تاکو جێبەجێی بکەن.

٣٥تەنانەت لە پاشایەتییەکەی خۆیان و لەو چاکە زۆرەی تۆ کە داتە ئەوان لەو خاکە فراوان و بەپیتەی کە خستتە بەردەمیان، خزمەتی تۆیان نەکرد و لە کردەوە خراپەکانیان نەگەڕانەوە.

٣٦«ئەمڕۆ ئێمە کۆیلەین ئەو خاکەش کە داوتە بە باوباپیرانی ئێمە هەتا لە بەروبووم و خێروبێرەکەی بخۆن، ئەوەتا ئێمە کۆیلەین لەسەری.

٣٧لەبەر گوناهەکانمان بەروبوومە زۆرەکەشی بۆ ئەو پاشایانەیە کە لەسەر ئێمەت داناوە، کە بەسەر خۆمان و ئاژەڵەکانماندا زاڵن، بەپێی ئارەزووی خۆیان. ئیتر ئێمە لە تەنگانەیەکی گەورەداین.

٣٨«لەبەر هەموو ئەمانە، ئێمە پەیمانێک دەبەستین و دەینووسینەوە، ڕابەر و لێڤی و کاهینەکانیشمان مۆری دەکەن.»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.