کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزسەرژمێری

سەرژمێری ١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١لە یەکی مانگی دووی ساڵی دووەمی هاتنەدەرەوەی گەلی ئیسرائیل لە خاکی میسر، لە چادری چاوپێکەوتندا لە چۆڵەوانی سینا، یەزدان بە موسای فەرموو:

٢«سەرژمێری هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل بکەن، بە خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیانەوە، بە لیستی ناوی نێرینەکان یەک بە یەک.

٣لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن لە ئیسرائیل خزمەت بکەن لە سوپا، تۆ و هارون بەگوێرەی لەشکرەکانیان تۆماریان بکەن.

٤بۆ هەر هۆزێک پیاوێکتان لەگەڵدا بێت، پیاوێک گەورەی بنەماڵەکەی بێت.

٥«ئەمەش ناوی ئەو پیاوانەیە کە یارمەتیتان دەدەن: «لە هۆزی ڕەئوبێن، ئەلیسوری کوڕی شەدیئور؛

٦لە هۆزی شیمۆن، شەلومیێلی کوڕی چووریشەدای؛

٧لە هۆزی یەهودا، نەحشۆنی کوڕی عەمیناداب؛

٨لە هۆزی یەساخار، نەتەنێلی کوڕی چوعەر؛

٩لە هۆزی زەبولون، ئەلیابی کوڕی حێلۆن؛

١٠لە کوڕەکانی یوسف: لە هۆزی ئەفرایم، ئەلیشاماعی کوڕی عەمیهود؛ لە هۆزی مەنەشە، گەمالائیلی کوڕی پەداهچوور؛

١١لە هۆزی بنیامین، ئەبیدانی کوڕی گدعۆنی،

١٢لە هۆزی دان، ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدای؛

١٣لە هۆزی ئاشێر، پەگعیێلی کوڕی عۆخران؛

١٤لە هۆزی گاد، ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێل؛

١٥لە هۆزی نەفتالی، ئەحیڕەعی کوڕی عێینان.»

١٦ئەوانە هەڵبژێردراوانی کۆمەڵەکەن، سەرکردەی هۆزی باوکانیانن، سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیلن.

١٧جا موسا و هارون هەموو ئەو پیاوانەیان برد کە باس کران،

١٨هەموو کۆمەڵیان لە یەکی مانگی دوو کۆکردەوە. لە گەنجانی بیست ساڵە بەرەو سەرەوە بەگوێرەی ڕەچەڵەکیان خرانەوە سەر خێڵ و بنەماڵەکانیان، یەک بە یەک ناوەکانیان تۆمار کرا،

١٩هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد. ئینجا لە چۆڵەوانی سینادا تۆماری کردن.

٢٠لە نەوەی ڕەئوبێن کە نۆبەرەی ئیسرائیلە، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، یەکە بە یەکە بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.

٢١تۆمارکراوان لە هۆزی ڕەئوبێن چل و شەش هەزار و پێنج سەد کەس بوون.

٢٢لە نەوەی شیمۆن، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، یەکە بە یەکە ژمێردران و بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.

٢٣تۆمارکراوان لە هۆزی شیمۆن پەنجا و نۆ هەزار و سێ سەد کەس بوون.

٢٤لە نەوەی گاد، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.

٢٥تۆمارکراوان لە هۆزی گاد چل و پێنج هەزار و شەش سەد و پەنجا کەس بوون.

٢٦لە نەوەی یەهودا، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.

٢٧تۆمارکراوان لە هۆزی یەهودا حەفتا و چوار هەزار و شەش سەد کەس بوون.

٢٨لە نەوەی یەساخار، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.

٢٩تۆمارکراوان لە هۆزی یەساخار پەنجا و چوار هەزار و چوار سەد کەس بوون.

٣٠لە نەوەی زەبولون، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.

٣١تۆمارکراوان لە هۆزی زەبولون پەنجا و حەوت هەزار و چوار سەد کەس بوون.

٣٢لە نەوەی یوسف، لە نەوەی ئەفرایم، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.

٣٣تۆمارکراوان لە هۆزی ئەفرایم چل هەزار و پێنج سەد کەس بوون.

٣٤لە نەوەی مەنەشە، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.

٣٥تۆمارکراوان لە هۆزی مەنەشە سی و دوو هەزار و دوو سەد کەس بوون.

٣٦لە نەوەی بنیامین، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.

٣٧تۆمارکراوان لە هۆزی بنیامین سی و پێنج هەزار و چوار سەد کەس بوون.

٣٨لە نەوەی دان، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.

٣٩تۆمارکراوان لە هۆزی دان شەست و دوو هەزار و حەوت سەد کەس بوون.

٤٠لە نەوەی ئاشێر، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.

٤١تۆمارکراوان لە هۆزی ئاشێر چل و یەک هەزار و پێنج سەد کەس بوون.

٤٢لە نەوەی نەفتالی، هەموو نێرینەیەک لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپادا، بەپێی ناوەکان ڕێکخران، بەگوێرەی تۆمارکردنی خێڵەکانیان و بنەماڵەکانیان.

٤٣تۆمارکراوان لە هۆزی نەفتالی پەنجا و سێ هەزار و چوار سەد کەس بوون.

٤٤ئەوانە تۆمارکراوەکانن، ئەوانەی موسا و هارون و دوازدە سەرۆک هۆزەکانی ئیسرائیل تۆماریان کردن، هەر پیاوێک لە تۆمارکراوەکان نوێنەر بوو بۆ بنەماڵەکەی.

٤٥جا هەموو نەوەی ئیسرائیل، بەگوێرەی بنەماڵەکانیان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، هەموو ئەوانەی دەتوانن خزمەت بکەن لە سوپای ئیسرائیلدا تۆمار کران،

٤٦هەموو تۆمارکراوەکان شەش سەد و سێ هەزار و پێنج سەد و پەنجا کەس بوون.

٤٧بەڵام هۆزی لێڤی بنەماڵەکانیان لەگەڵ ئەوان تۆمار نەکران،

٤٨چونکە یەزدان بە موسای فەرموو:

٤٩«هۆزی لێڤی تۆمار مەکە و لەنێوان نەوەی ئیسرائیلدا سەرژمێریان مەکە.

٥٠بەڵکو لێڤییەکان لەسەر چادری پەیمان و هەموو قاپوقاچاغەکەی و هەموو ئەوەی هەیەتی دابنێ، ئەوان چادرەکەی پەرستن بە هەموو قاپوقاچاغەکانییەوە هەڵدەگرن و ئەوان خزمەتی دەکەن، لە چواردەوری چادرەکەی پەرستنیش چادر هەڵدەدەن.

٥١لە کاتی گواستنەوەی چادرەکەی پەرستن لێڤییەکان هەڵیدەگرنەوە و لە کاتی هەڵدانی چادرەکەی پەرستنیش لێڤییەکان دایدەمەزرێننەوە. هەرکەسێکی دیکە جگە لە لێڤییەکان لێی نزیک بێتەوە دەکوژرێت.

٥٢نەوەی ئیسرائیل هەریەکە لە ئۆردوگای خۆی لەژێر بەیداخەکەی خۆی بەپێی لەشکرەکانیان چادر هەڵدەدەن.

٥٣بەڵام لێڤییەکان لە چواردەوری چادرەکەی پەیمان چادر هەڵدەدەن، هەتا تووڕەیی نەیەتە سەر کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل، جا لێڤییەکان بەرپرسیار دەبن لە پارێزگاری چادری پەیمان.»

٥٤نەوەی ئیسرائیلیش ئاوایان کرد، بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.