کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزسەرژمێری

سەرژمێری ٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:

٢«با نەوەی ئیسرائیل، هەریەکە لەژێر بەیداخەکەی خۆی، بە لافیتەکانی بنەماڵەکانیانەوە چادر هەڵبدەن، ڕووەو چادری چاوپێکەوتن و دەوروبەری.»

٣لەلای ڕۆژهەڵات، هۆزی یەهودا ڕووەو خۆر هەڵاتن لەژێر بەیداخی ئۆردوگاکەیان بەگوێرەی لەشکرەکانیان چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی یەهوداش نەحشۆنی کوڕی عەمینادابە.

٤ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش حەفتا و چوار هەزار و شەش سەد کەسە.

٥پاشان هۆزی یەساخار لەتەنیشتیانەوە چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی یەساخاریش نەتەنێلی کوڕی چوعەر.

٦ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش پەنجا و چوار هەزار و چوار سەد کەسە.

٧پاشان هۆزی زەبولون دێت، سەرۆکی نەوەی زەبولونیش ئەلیابی کوڕی حێلۆنە.

٨ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش پەنجا و حەوت هەزار و چوار سەد کەسە.

٩هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای یەهودا، بەگوێرەی لەشکرەکانیان سەد و هەشتا و شەش هەزار و چوار سەد کەسن، یەکەمن لە بەڕێکەوتندا.

١٠لەلای باشوور، هۆزی ڕەئوبێن لەژێر بەیداخی ئۆردوگاکەیان بەگوێرەی لەشکرەکانیان چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی ڕەئوبێنیش ئەلیسوری کوڕی شەدیئورە.

١١ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش چل و شەش هەزار و پێنج سەد کەسە.

١٢پاشان هۆزی شیمۆن لەتەنیشتیانەوە چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی شیمۆنیش شەلومیێلی کوڕی چووریشەدایە.

١٣ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانی پەنجا و نۆ هەزار و سێ سەد کەسە.

١٤پاشان هۆزی گاد دێت، سەرۆکی نەوەی گادیش ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێلە.

١٥ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش چل و پێنج هەزار و شەش سەد و پەنجا کەسە.

١٦هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای ڕەئوبێن، بەگوێرەی لەشکرەکانیان سەد و پەنجا و یەک هەزار و چوار سەد و پەنجا کەسن، دووەمن لە بەڕێکەوتندا.

١٧ئینجا چادری چاوپێکەوتن، ئۆردوگای لێڤییەکان لەناوەندی ئۆردوگاکان بەڕێ دەکەوێت، چۆن چادر هەڵدەدەن بە هەمان شێوە بەڕێ دەکەون، هەریەکە و لە شوێنی خۆی لەژێر بەیداخەکەی.

١٨لەلای ڕۆژئاوا، هۆزی ئەفرایم لەژێر بەیداخی ئۆردوگاکەیان بەگوێرەی لەشکرەکانیان چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی ئەفرایمیش ئەلیشاماعی کوڕی عەمیهودە.

١٩ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانی چل هەزار و پێنج سەد کەسە.

٢٠پاشان هۆزی مەنەشە لەتەنیشتیانەوە دێت، سەرۆکی نەوەی مەنەشەش گەمالائیلی کوڕی پەداهچوورە.

٢١ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانی سی و دوو هەزار و دوو سەد کەسە.

٢٢پاشان هۆزی بنیامین دێت، سەرۆک بۆ نەوەی بنیامینیش ئەبیدانی کوڕی گدعۆنییە.

٢٣ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش سی و پێنج هەزار و چوار سەد کەسە.

٢٤هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای ئەفرایم، بەگوێرەی لەشکرەکانیان سەد و هەشت هەزار و سەد کەسن، سێیەمن لە بەڕێکەوتندا.

٢٥لەلای باکوور، هۆزی دان لەژێر بەیداخی ئۆردوگاکەیان بەگوێرەی لەشکرەکانیان چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی دانیش ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدایە.

٢٦ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش شەست و دوو هەزار و حەوت سەد کەسە.

٢٧پاشان هۆزی ئاشێر دێت، لەتەنیشتیانەوە چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی ئاشێریش پەگعیێلی کوڕی عۆخرانە.

٢٨ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش چل و یەک هەزار و پێنج سەد کەسە.

٢٩پاشان هۆزی نەفتالیش دێت، سەرۆکی نەوەی نەفتالیش ئەحیڕەعی کوڕی عێینانە.

٣٠ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش پەنجا و سێ هەزار و چوار سەد کەسە.

٣١هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای دان سەد و پەنجا و حەوت هەزار و شەش سەد کەسن، لەژێر بەیداخەکانیان لە کۆتاییدا بەڕێ دەکەون.

٣٢ئەوانە تۆمارکراوەکانی نەوەی ئیسرائیلن بەگوێرەی بنەماڵەکانیان. هەموو تۆمارکراوان لە ئۆردوگاکان بە لەشکرەکانیانەوە شەش سەد و سێ هەزار و پێنج سەد و پەنجا کەسن.

٣٣بەڵام لێڤییەکان لەنێوان نەوەی ئیسرائیلدا تۆمار نەکران، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

٣٤جا نەوەی ئیسرائیل بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، ئاوایان کرد، ئاوا لەژێر بەیداخەکانیان چادریان هەڵدا و ئاوا بەڕێکەوتن، هەریەکە بەگوێرەی خێڵەکەی خۆی لە بنەماڵەکەی.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.