١بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.»
٢بالاقیش بەم جۆرەی کرد، وەک بەلعام گوتی. ئیتر بالاق و بەلعام بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکیان سەرخست.
٣ئینجا بەلعام بە بالاقی گوت: «تۆ لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەڕۆم، لەوانەیە یەزدان بۆ بینینم بێت و هەرچی پیشانم بدات پێت دەڵێم.» ئینجا بۆ شوێنێکی بەرز و چۆڵ چوو.
٤خودا هاتە لای بەلعام، بەلعامیش پێی گوت: «حەوت قوربانگام ئامادە کرد و گایەک و بەرانێکم خستە سەر هەر قوربانگایەک.»
٥یەزدان وشەی خستە دەمی بەلعام و فەرمووی: «بۆ لای بالاق بگەڕێوە و ئاوا بڵێ.»
٦ئەویش گەڕایەوە لای و بینی وا لەگەڵ هەموو پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە.
٧ئیتر بەلعام پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «لە ئارامەوە بالاقی پاشای مۆئاب منی هێنا، لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتەوە، گوتی ”وەرە نەفرەت لە یاقوب بکە بۆم، وەرە جنێو بە ئیسرائیل بدە.“
٨چۆن نەفرەت بکەم کە خودا نەفرەتی لێیان نەکردبێت، چۆن جنێو بدەم کە یەزدان جنێوی پێیان نەدابێت؟
٩لەسەر تاوێرەکانەوە دەیبینم، لە گردەکانەوە تەماشای دەکەم، گەلێک وا بە تەنها نیشتەجێ بووە، خۆی بە یەکێک لە نەتەوەکان دانانێت.
١٠کێ خۆڵی یاقوبی هەژمار کردووە، کێ چارەکی ئیسرائیلی ژماردووە؟ با وەک مردنی سەرڕاستان بمرم و کۆتاییم وەک ئەوان بێت!»
١١بالاق بە بەلعامی گوت: «چیت پێکردم! بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنانم تۆم هێنا، کەچی وا داوای بەرەکەتیان بۆ دەکەیت!»
١٢ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا ئەوە نەڵێم، ئەوەی کە یەزدان دەیخاتە سەر زارم تاکو بیڵێم؟»
١٣ئینجا بالاق پێی گوت: «لەگەڵم وەرە بۆ شوێنێکی دیکە هەتا بیانبینیت، بەڵام تەنها بەشێکی دەبینیت و هەمووی نابینیت، لەوێوە نەفرەتیان لێ بکە.»
١٤جا بردیە کێڵگەی چۆفیم بۆ سەری پسگە و حەوت قوربانگای بنیاد نا و هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی سەرخستە سەری.
١٥بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەچمە ئەوێ بۆ گەیشتن بە یەزدان.»
١٦یەزدان بە بەلعام گەیشت و وشەی خستە دەمی و فەرمووی: «بگەڕێوە لای بالاق و ئاوا بڵێ.»
١٧ئەویش هاتە لای و بینی وا لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە. بالاق لێی پرسی: «یەزدان چی فەرموو؟»
١٨ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «ئەی بالاق، هەستە و گوێ بگرە، ئەی کوڕی چیپور، گوێم بۆ شل بکە،
١٩خودا مرۆڤ نییە کە درۆ بکات، کوڕی مرۆڤیش نییە کە بڕیاری بگۆڕێت. ئایا قسە دەکات و ئەنجامی نەدات؟ یان بەڵێن دەدات و نایباتە سەر؟
٢٠فەرمانم پێدراوە داوای بەرەکەت بکەم، ئەو بەرەکەتداری کردووە و من ناتوانم بیگۆڕم.
٢١«لە یاقوبدا بەدبەختی بەرچاو نەکەوتووە، لە ئیسرائیلدا مەراقی نەبینیوە، یەزدانی پەروەردگاریان لەگەڵیاندایە، هوتافی پاشا لەنێویاندایە.
٢٢خودا لە میسر دەریهێنان، ئەوانە هێزی گای کێوییان هەیە.
٢٣جادووگەری لە دژی یاقوب بە کەڵک نایەت، فاڵگرتنەوەش لە دژی ئیسرائیل بێ سوودە. ئێستا دەربارەی یاقوب و ئیسرائیل دەگوترێت، ”سەیر بکە خودا چی کردووە!“
٢٤گەلێک وەک شێرە مێ هەڵدەستێت، وەک نەڕەشێر بەرز دەبێتەوە، ناخەوێت هەتا نێچیرێک نەخوات و خوێنی کوژراوان نەخواتەوە.»
٢٥ئینجا بالاق بە بەلعامی گوت: «نە نەفرەتی لێ بکە و نە داوای بەرەکەتی بۆ بکە.»
٢٦بەلعامیش وەڵامی دایەوە: «پێم نەگوتیت ئەوەی یەزدان بیڵێت، ئەوە دەکەم؟»
٢٧بالاقیش بە بەلعامی گوت: «وەرە بتبەمە شوێنێکی دیکە، بەڵکو لەبەرچاوی خودا باش بێت و لەوێوە بۆ من نەفرەتیان لێ بکە.»
٢٨ئینجا بالاق بەلعامی بردە سەر لووتکەی پەعۆر کە دەڕوانێتە سەر چۆڵەوانی.
٢٩بەلعامیش بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.»
٣٠بالاقیش وەک بەلعام چی گوت ئاوای کرد، بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی خستە سەری.