کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزسەرژمێری

سەرژمێری ٢٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١کاتێک بەلعام بینی لەبەرچاوی یەزدان پەسەندە کە ئیسرائیل بەرەکەتدار بکات، وەک جاری یەکەم و دووەم بەڕێ نەکەوت بۆ جادووگەری، بەڵکو ڕووی لە چۆڵەوانی کرد.

٢کاتێک بەلعام چاوی هەڵبڕی نەوەی ئیسرائیلی بینی هۆز لەتەنیشت هۆز چادریان هەڵداوە، ڕۆحی خوداش هاتە سەری،

٣ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «پەیامەکەی بەلعامی کوڕی بەعۆر، پەیامەکەی ئەو پیاوەی چاوی کراوەیە،

٤پەیامی ئەوەی گوێی لە وشەکانی خودایە، ئەوەی خودای هەرە بەتوانا بینینی بۆ ئاشکرا دەکات، ئەوەی بەسەر ڕوودا دەکەوێت، بەڵام چاو کراوەیە:

٥«ئەی یاقوب، چادرەکانت چەند جوانن، ئەی ئیسرائیل، نشینگەکانت چەند خۆشن!

٦«وەک ئەو دۆڵانەی درێژ بوونەتەوە، وەک باخچەی کەناری ڕووبار، وەک ئەو درەختە ئەلوایانەی کە یەزدان چاندبێتی، وەک ئورزی قەراغی ئاو،

٧گۆزەکانی ئاویان لێ دەڕژێت و تۆوی ئەوان لەسەر ئاوی زۆر دەبێت. «پاشای لە ئەگاگ باڵاتر دەبێت و شانشینەکەی پایەدار دەبێت.

٨«خودا لە میسر دەریهێنان، وەک شاخی گای کێوییە بۆیان، ئەو نەتەوانەی ناحەزی دەکەن دەیانخۆن و ئێسکیان تێکدەشکێنن و بە تیرەکانیان دەیانبڕن.

٩خۆیان وەک شێر ماتداوە و ڕاکشاون، وەک شێرە مێ، کێ هەڵیاندەستێنێت؟ «بەرەکەتدار بن ئەوانەی بەرەکەتدارتان دەکەن، نەفرەت لێکراو بن ئەوانەی نەفرەتتان لێ دەکەن.»

١٠ئینجا تووڕەیی بالاق بەسەر بەلعامەوە گڕی گرت، چەپڵەی لێدا و بە بەلعامی گوت: «بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنەکانم بانگم کردوویت، کەچی تۆ سێ جار داوای بەرەکەتت بۆ کردن،

١١ئێستاش بگەڕێوە شوێنی خۆت، گوتم پاداشتێکی گەورەت دەکەم، بەڵام یەزدان ڕێگری لێ کردیت کە پاداشتەکەت وەربگریت.»

١٢بەلعامیش بە بالاقی گوت: «ئەی من بە نێردراوەکانتم نەگوت کە بۆ لای منت ناردبوون،

١٣”ئەگەر بالاق بە پڕی خانووەکەی زێڕ و زیوم پێبدات ناتوانم لە فەرمانی یەزدان دەربچم، بۆ ئەوەی لە خۆمەوە چاکەیەک یان خراپەیەک بکەم، ئەوەی یەزدان بیڵێت ئەوە دەڵێم؟“

١٤ئێستاش وا من بۆ لای گەلەکەم بەڕێ دەکەوم، بەڵام وەرە با پێت بڵێم کە ئەم گەلە لە دوارۆژدا چی لە گەلەکەت دەکات.»

١٥ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «پەیامی بەلعامی کوڕی بەعۆر، پەیامی ئەو پیاوەی چاوی کراوەیە،

١٦پەیامی ئەوەی گوێی لە وشەکانی خودایە، کە زانینی هەیە لە هەرەبەرزەوە، ئەوەی خودای هەرە بەتوانا بینینی بۆ ئاشکرا دەکات، ئەوەی بەسەر ڕوودا دەکەوێت، بەڵام چاوی کراوەیە:

١٧«دەیبینم، بەڵام ئێستا نا، چاوم پێی دەکەوێت، بەڵام بەم نزیکانە نا. ئەستێرەیەک لە یاقوب دەردەکەوێت و داردەستێک لە ئیسرائیل هەڵدەستێت. ناوچەوانی مۆئاب دەشکێنێت، کاسەسەری هەموو نەوەی شیت تێکدەشکێنێت.

١٨ئەدۆم داگیر دەکرێت، سێعیری دوژمنیشی دەبێتە خاوەندار، بەڵام ئیسرائیل قارەمانیێتی دەنوێنێت.

١٩ئەوەی لە یاقوبەوەیە دەسەڵاتدار دەبێت، بەجێماوەکان لە شار لەناودەبات.»

٢٠ئینجا بەلعام عەمالێقی بینی و پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «عەمالێق یەکەمی نەتەوەکان بوو، بەڵام کۆتاییەکەی لەناوچوونە.»

٢١ئینجا قێنییەکانی بینی و پەیامەکەی پێ ڕاگەیاندن و گوتی: «نشینگەکەتان پتەوە و هێلانەکەتان لەناو تاشەبەردە،

٢٢بەڵام ئەی قێنییەکان، ئێوە وێران دەبن، کاتێک ئەشوورییەکان بە دیلتان دەگرن.»

٢٣ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی: «ئای کێ دەژیێت کاتێک خودا ئاوا دەکات،

٢٤لەلای کەنارەکانی کیتیمەوە کەشتییەکان دێن و ئەشوور و عێبەر ژێردەستە دەکات، بەڵام ئەوانیش بۆ لەناوچوونن.»

٢٥ئینجا بەلعام هەستا و بەڕێکەوت و گەڕایەوە شوێنی خۆی، بالاقیش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.