١لەدوای دەردەکە، یەزدان بە موسا و ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهینی فەرموو:
٢«ژمارەی هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل وەربگرە، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە، بەگوێرەی بنەماڵەکانیان، هەموو ئەوانەی لە ئیسرائیلدا دەتوانن بجەنگن.»
٣ئینجا موسا و ئەلعازاری کاهین لە دەشتی مۆئاب لەسەر ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا لەگەڵیاندا دوان و گوتیان:
٤«سەرژمێری لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە بکەن، وەک چۆن یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.» نەوەی ئیسرائیلیش ئەوانەی لە خاکی میسر هاتنە دەرەوە ئەمانەن:
٥نەوەی ڕەئوبێنی نۆبەرەی ئیسرائیل: بۆ حەنۆک خێڵی حەنۆکییەکان، بۆ پەڵو خێڵی پەڵووییەکان،
٦بۆ حەسرۆن خێڵی حەسرۆنییەکان، بۆ کەرمی خێڵی کەرمییەکان.
٧ئەمانە خێڵەکانی ڕەئوبێنییەکانن، تۆمارکراوەکانیان چل و سێ هەزار و حەوت سەد و سی کەس بوون.
٨ئەلیابیش کوڕی پەڵو بوو،
٩نەوەی ئەلیابیش نەموئێل و داتان و ئەبیرام، داتان و ئەبیرامیش ئەوانەن کە کۆمەڵەکەیان بانگکرد بۆ بەربەرەکانێی موسا و هارون، لە کۆمەڵی قۆرەح کاتێک بەربەرەکانێی یەزدانیان کرد.
١٠زەوی دەمی کردەوە و لەگەڵ قۆرەح هەڵیلووشین، کاتێک ئەو کۆمەڵە مردن، دوو سەد و پەنجا پیاو سووتان، ئەوان بوون بە پەند.
١١بەڵام نەوەی قۆرەح نەفەوتان.
١٢نەوەی شیمۆن بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە نەموئێل خێڵی نەموئێلییەکان، لە یامین خێڵی یامینییەکان، لە یاکین خێڵی یاکینییەکان،
١٣لە زەرەح خێڵی زەرەحییەکان، لە شائوول خێڵی شائوولییەکان.
١٤ئەمانە خێڵەکانی شیمۆنییەکانن، بیست و دوو هەزار و دوو سەد کەس بوون.
١٥نەوەی گاد بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە چیفۆن خێڵی چیفۆنییەکان، لە حەگی خێڵی حەگییەکان، لە شونی خێڵی شونییەکان،
١٦لە ئۆزنی خێڵی ئۆزنییەکان، لە عێری خێڵی عێرییەکان،
١٧لە ئەرۆدی خێڵی ئەرۆدییەکان، لە ئەرئێلی خێڵی ئەرئێلییەکان.
١٨ئەمانە خێڵەکانی نەوەی گادن، بەگوێرەی ژمارەیان چل هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
١٩ئێر و ئۆنان کوڕانی یەهودا بوون، بەڵام لە خاکی کەنعان مردن.
٢٠نەوەی یەهودا بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە شالەح خێڵی شالەحییەکان، لە پێرێز خێڵی پێرێزییەکان، لە زەرەح خێڵی زەرەحییەکان،
٢١نەوەکانی پێرێزیش: لە حەسرۆن خێڵی حەسرۆنییەکان، لە حامول خێڵی حامولییەکان.
٢٢ئەمانە خێڵەکانی یەهودان، بەگوێرەی ژمارەیان حەفتا و شەش هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
٢٣نەوەی یەساخار بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە تۆلاع خێڵی تۆلاعییەکان، لە پوڤە خێڵی پوڤەییەکان،
٢٤لە یاشوڤ خێڵی یاشوڤییەکان، لە شیمرۆن خێڵی شیمرۆنییەکان.
٢٥ئەمانە خێڵەکانی یەساخارن، بەگوێرەی ژمارەیان شەست و چوار هەزار و سێ سەد کەس بوون.
٢٦نەوەی زەبولون بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە سەرەد خێڵی سەرەدییەکان، لە ئێلۆن خێڵی ئێلۆنییەکان، لە یەحلئێل خێڵی یەحلئێلییەکان.
٢٧ئەمانە خێڵەکانی زەبولونییەکانن، بەگوێرەی ژمارەیان شەست هەزار و پێنج سەد کەس بوون.
٢٨نەوەی یوسف بەگوێرەی خێڵەکانی مەنەشە و ئەفرایم:
٢٩نەوەی مەنەشە: لە ماکیر خێڵی ماکیرییەکان، ماکیر باوکی گلعاد بوو، لە گلعاد خێڵی گلعادییەکان.
٣٠ئەمانە نەوەی گلعادن: لە ئیعەزەر خێڵی ئیعەزەرییەکان؛ لە حێلەق خێڵی حێلەقییەکان؛
٣١لە ئەسریێل خێڵی ئەسریێلییەکان؛ لە شەخەم خێڵی شەخەمییەکان؛
٣٢لە شەمیداع خێڵی شەمیداعییەکان؛ لە حێفەر خێڵی حێفەرییەکان.
٣٣بەڵام سەلۆفحادی کوڕی حێفەر کوڕی نەبوو، تەنها کچ و ناوی کچەکانی سەلۆفحاد مەحلە و نۆعا و حۆگلە و میلکە و تیرزە بوو.
٣٤ئەمانە خێڵەکانی مەنەشەن و تۆمارکراوەکانیان پەنجا و دوو هەزار و حەوت سەد کەس بوون.
٣٥ئەمانەش نەوەی ئەفرایمن بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە شوتەلەح خێڵی شوتەلەحییەکان، لە بەکەر خێڵی بەکەرییەکان، لە تەحەن خێڵی تەحەنییەکان،
٣٦ئەمانەش نەوەی شوتەلەحن: لە عیران خێڵی عیرانییەکان.
٣٧ئەمانە خێڵەکانی نەوەی ئەفرایمن، بەگوێرەی ژمارەیان سی و دوو هەزار و پێنج سەد کەس بوون. ئەمانە نەوەی یوسفن بەگوێرەی خێڵەکانیان.
٣٨نەوەی بنیامین بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە بەلەع خێڵی بەلەعییەکان، لە ئەشبێل خێڵی ئەشبێلییەکان، لە ئەحیرام خێڵی ئەحیرامییەکان.
٣٩لە شوفام خێڵی شوفامییەکان، لە حوفام خێڵی حوفامییەکان.
٤٠نەوەی بەلەعیش ئەرد و نەعمان بوون: لە ئەرد خێڵی ئەردییەکان و لە نەعمان خێڵی نەعمانییەکان.
٤١ئەمانە نەوەی بنیامینن بەگوێرەی خێڵەکانیان و تۆمارکراوەکانیان چل و پێنج هەزار و شەش سەد کەس بوون.
٤٢ئەمانە نەوەی دانن بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە شوحام خێڵی شوحامییەکان. ئەمە خێڵەکانی دانە بەگوێرەی خێڵەکانیان،
٤٣هەموو خێڵەکانی شوحامییەکان بەگوێرەی ژمارەیان شەست و چوار هەزار و چوار سەد کەس بوون.
٤٤نەوەی ئاشێر بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە یمنە خێڵی یمنییەکان، لە یەشڤی خێڵی یەشڤییەکان، لە بەریعە خێڵی بریعییەکان،
٤٥لە نەوەی بەریعە: لە حەڤەر خێڵی حەڤەرییەکان، لە مەلکیێل خێڵی مەلکیێلییەکان،
٤٦کچەکەی ئاشێریش ناوی سەرەح بوو.
٤٧ئەمانە خێڵەکانی نەوەی ئاشێرن، بەگوێرەی ژمارەیان پەنجا و سێ هەزار و چوار سەد کەس بوون.
٤٨نەوەی نەفتالی بەگوێرەی خێڵەکانیان: لە یەحزئێل خێڵی یەحزئێلییەکان، لە گۆنی خێڵی گۆنییەکان،
٤٩لە یێچەر خێڵی یێچەرییەکان، لە شلێم خێڵی شلێمییەکان.
٥٠ئەمانە خێڵەکانی نەفتالین بەگوێرەی خێڵەکانیان و تۆمارکراوەکانیان چل و پێنج هەزار و چوار سەد کەس بوون.
٥١ئەمانە تۆمارکراوەکانن لە نەوەی ئیسرائیل، شەش سەد و یەک هەزار و حەوت سەد و سی.
٥٢یەزدان بە موسای فەرموو:
٥٣«خاکەکە بۆ ئەمانە بەگوێرەی ژمارەی ناوەکان بە میرات دابەش دەکەیت.
٥٤بۆ هۆزە گەورەکان میراتیان زۆر دەکەیت و بۆ هۆزە بچووکەکان میراتیان کەم دەکەیت، هەریەکە بەگوێرەی تۆمارکراوەکانی میراتی دەدرێتێ،
٥٥بەڵام خاکەکە بە تیروپشک دابەش دەکەیت، بەگوێرەی ناوی هۆزەکانی باوکانیان بە میراتی دەگرن،
٥٦لەنێو کۆمەڵەی گەورە و بچووک بەگوێرەی تیروپشک میراتەکەیان بۆ دابەش دەکرێت.»
٥٧ئەمانەش تۆمارکراوەکانن لە لێڤییەکان، بەگوێرەی خێڵەکانیان: بۆ گێرشۆن خێڵی گێرشۆنییەکان، بۆ قەهات خێڵی قەهاتییەکان، بۆ مەراری خێڵی مەرارییەکان.
٥٨ئەمە خێڵەکانی لێڤییە: خێڵی لیبنییەکان، خێڵی حەبرۆنییەکان، خێڵی مەحلییەکان، خێڵی موشییەکان، خێڵی قۆرەحییەکان. عەمرام لە ڕەچەڵەکی قەهات بوو.
٥٩ژنەکەی عەمرامیش ناوی یۆخەڤەد بوو، لە نەوەی لێڤی بوو، لە خێزانی لێڤییەکیش لە میسر لەدایک بوو. لە عەمرام هارون و موسا و مریەمی خوشکیانی بوو.
٦٠هارونیش باوکی ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتامار بوو.
٦١بەڵام ناداب و ئەبیهو کاتێک ئاگرێکی نامۆیان لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد مردن.
٦٢تۆمارکراوەکانی لێڤییەکان بیست و سێ هەزار کەس بوون، هەموو نێرینەیەک لە کۆرپەی یەک مانگی بەرەو سەرەوە، چونکە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلدا تۆمار نەکران، لەبەر ئەوەی لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا میراتیان پێنەدرا.
٦٣ئەمانە بوون کە موسا و ئەلعازاری کاهین تۆماریان کردن، کاتێک نەوەی ئیسرائیلیان لە دەشتی مۆئاب لەسەر ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا تۆمار کرد.
٦٤ئەمانەش کەسیان تێدا نەبوو لەوانەی موسا و هارونی کاهین تۆماریان کردن، کاتێک نەوەی ئیسرائیلیان لە چۆڵەوانی سینادا تۆمار کرد.
٦٥لەبەر ئەوەی یەزدان پێی فەرموون، «لە چۆڵەوانیدا دەمرن،» ئیتر کەسیان لێ نەمایەوە، تەنها کالێبی کوڕی یەفونە و یەشوعی کوڕی نون نەبێت.