١کچانی سەلۆفحادی کوڕی حێفەر کوڕی گلعاد کوڕی ماکیر کوڕی مەنەشە لە خێڵەکانی مەنەشەی کوڕی یوسف هاتنە پێش. ئەمەش ناوی کچەکانییەتی: مەحلە و نۆعا و حۆگلە و میلکە و تیرزە،
٢لەبەردەم موسا و ئەلعازاری کاهین و سەرۆکەکان و هەموو کۆمەڵ لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن وەستان و گوتیان:
٣«باوکمان لە بیابان مرد و لەو کۆمەڵەدا نەبوو کە لەگەڵ قۆرەح لە دژی یەزدان کۆبوونەوە، بەڵکو بە گوناهی خۆی مرد و هیچ کوڕی نەبوو.
٤بۆچی ناوی باوکمان لەنێو خێڵەکەی بسڕێتەوە لەبەر ئەوەی کوڕی نییە؟ لەنێو برایانی باوکمان موڵکمان بدەرێ.»
٥موساش داواکارییەکەی ئەوانی بردە بەردەم یەزدان.
٦جا یەزدان بە موسای فەرموو:
٧«کچانی سەلۆفحاد ڕاست دەڵێن. تۆش لەنێو برایانی باوکیان موڵکی میراتیان دەدەیتێ و میراتی باوکیان دەدرێتە ئەوان.
٨«بە نەوەی ئیسرائیلیش دەڵێیت: ”هەر پیاوێک مرد و کوڕی نەبوو میراتەکەی بۆ کچی دەبێت،
٩ئەگەر کچیشی نەبوو، میراتەکەی دەدەنە براکانی،
١٠ئەگەر براشی نەبوو ئەوا میراتەکەی دەدەنە برایانی باوکی،
١١ئەگەر باوکیشی برای نەبوو ئەوا میراتەکەی دەدەنە نزیکترین کەسی لە خێڵەکەی و ئەو دەبێتە میراتگری. ئەمە بۆ نەوەی ئیسرائیل بووە فەرزێکی یاسایی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.“»
١٢ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ سەر ئەم چیایە لە زنجیرە چیای عەڤاریم و تەماشای ئەو خاکە بکە کە بە نەوەی ئیسرائیلم داوە.
١٣کاتێک تەماشات کرد تۆش دەچیتە ڕیزی گەلەکەت، وەک هارونی برات چووە ڕیزەوە،
١٤چونکە لە چۆڵەوانی چن کاتێک کۆمەڵەکە یاخی بوون، ئێوە هەردووکتان قسەتان شکاندم و منتان لەلای ئەوان پیرۆز نیشان نەدا.» (ئەو شوێنە ئاوی مەریبای قادێشە لە چۆڵەوانی چن بوو.)
١٥موسا بە یەزدانی گوت:
١٦«ئەی یەزدان، ئەی ئەو خودایەی ژیان بە ئادەمیزاد دەبەخشیت، پیاوێک لەسەر کۆمەڵەکە دابنێ
١٧بەڕێوەیان ببات و لە شەڕدا ڕابەرایەتییان بکات، هەتا کۆمەڵی یەزدان وەک مەڕی بێ شوانیان لێ نەیێت.»
١٨یەزدانیش بە موسای فەرموو: «یەشوعی کوڕی نون ببە، پیاوێکە ڕۆحی تێدایە و دەستی لەسەر دابنێ.
١٩لەبەردەم ئەلعازاری کاهین و هەموو کۆمەڵەکە ڕای بگرە و لەبەرچاویان ئەرکی پێ بسپێرە.
٢٠هەندێک لە دەسەڵاتی خۆتی بدەرێ هەتا هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل گوێڕایەڵی بن.
٢١ئەو لەبەردەم ئەلعازاری کاهین ڕادەوەستێت، لەبەردەم یەزدان بەپێی حوکمی ئوریم بۆی دەپرسێت. بە قسەی ئەو دەردەچن و بە قسەی ئەو دێنە ژوورەوە، ئەو و هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل لەگەڵی.»
٢٢موسا هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد، ئاوای کرد. یەشوعی برد و لەبەردەم ئەلعازاری کاهین و لەبەردەم هەموو کۆمەڵەکە ڕایگرت،
٢٣دەستی لەسەر دانا و ئەرکی پێ سپارد، هەروەک یەزدان لە ڕێگەی موساوە فەرمانی دا.