کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزسەرژمێری

سەرژمێری ٢٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

٢«فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە و پێیان بڵێ: ”قوربانی من، ئەو بۆنەی پێم خۆشە، ئاگاداربن کە لە کاتی خۆی خۆراکم بە قوربانی بە ئاگر پێشکەش بکەن.“

٣پێشیان بڵێ: ”ئەمە ئەو قوربانی بە ئاگرەیە کە ڕۆژانە بۆ یەزدان پێشکەشی دەکەن: دوو بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ، قوربانی سووتاندنی بەردەوام.

٤یەکێک لە بەرخەکان لە بەیانی پێشکەش بکە و بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابوون.

٥لەگەڵ دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە بە چارەکە هەینێک زەیتی زەیتوونی گوشراو شێلرابێت،

٦قوربانی سووتاندنی بەردەوام، ئەوەی لە شاخی سینا کراوە، بۆنێکی خۆشە و قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان،

٧لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەشی، چارەکە هەینێک مەی بۆ بەرخی یەکەم، لە پیرۆزگا بۆ یەزدان پێشکەشی بکە.

٨هەروەها بەرخی دووەمیش لە کاتی خۆرئاوابووندا پێشکەش بکە، لەگەڵ پێشکەشەکراوی دانەوێڵەکەی و شەرابە پێشکەشکراوەکەی، وەک ئەوەی لە بەیانیدا کردووتە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.

٩«”لە ڕۆژی شەممە دوو بەرخی یەک ساڵەی ساغ پێشکەش بکەن لەگەڵ دوو دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو وەک پێشکەشکراوێکی دانەوێڵە لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی، کە ئەمەش

١٠قوربانی سووتاندنی هەموو ڕۆژێکی شەممەیە، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام و شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

١١«”لە دەستپێکی هەموو مانگێکدا قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان بکەن، دوو جوانەگا و بەرانێک و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ،

١٢لەگەڵ سێ دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیە بۆ هەر جوانەگایەک و دوو دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیە بۆ هەر بەرانێک.

١٣یەک دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیە بۆ هەر بەرخێک، قوربانی سووتاندنە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.

١٤شەرابە پێشکەشکراوەکەشیان نیو هەین بۆ جوانەگا و سێیەکی هەین بۆ بەران و چارەکە هەینێک بۆ بەرخ. ئەمە قوربانی سووتاندنە لە دەستپێکی هەموو مانگەکانی ساڵ.

١٥سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی، هەروەها گیسکێکی نێریش بۆ قوربانی گوناه بۆ یەزدان پێشکەش بکرێت.

١٦«”لە چواردەی مانگی یەک، جەژنی پەسخەیە بۆ یەزدان،

١٧لە ڕۆژی پازدەی ئەم مانگەدا جەژنە، حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە بخۆن.

١٨لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.

١٩قوربانی بە ئاگر، قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، دوو جوانەگا و بەرانێک و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ لەلایەن ئێوەوە بێت.

٢٠پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ هەر جوانەگایەک، دوو دەیەک بۆ هەر بەرانێک،

٢١دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە بکە.

٢٢گیسکێکی نێریش قوربانی گوناه بێت بۆ کەفارەتکردن بۆتان،

٢٣سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەیانییان کە بۆ قوربانی سووتاندنی بەردەوام دەیکەن.

٢٤بە هەمان شێواز بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ هەموو ڕۆژێک ئاوا بکەن، خۆراک پێشکەش بکەن، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەی.

٢٥لە ڕۆژی حەوتەمیش کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.

٢٦«”لە ڕۆژی یەکەمین بەرهەم، کاتێک پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەیی نوێ بۆ یەزدان پێشکەش دەکەن، لە جەژنی هەفتەکانتان کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.

٢٧قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن، بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، دوو جوانەگا و بەرانێک و حەوت بەرخی نێری یەک ساڵە،

٢٨هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەشیان لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو، سێ دەیەکی ئێفەیەک بۆ جوانەگا، دوو دەیەک بۆ بەران،

٢٩دەیەکێک بۆ هەر بەرخێک لە حەوت بەرخەکە.

٣٠گیسکێکی نێریش بۆ کەفارەتکردن بۆتان.

٣١سەرەڕای قوربانی سووتاندنی بەردەوام و پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە بیکەن، دڵنیا بن لەوەی ئاژەڵەکان ساغن و لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکەیان بیکەن.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.