کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزسەرژمێری

سەرژمێری ٣٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئینجا یەزدان لە دەشتی مۆئاب لەسەر ڕووباری ئوردون بەرامبەر ئەریحا بە موسای فەرموو:

٢«فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە، با لە موڵکی میراتیان چەند شارۆچکەیەک بۆ نیشتەجێبوون و لەوەڕگاش لە چواردەوری شارۆچکەکان بە لێڤییەکان بدەن.

٣ئینجا شارۆچکەکان بۆ نیشتەجێبوونیان دەبێت و لەوەڕگاکانیش بۆ گاوگۆتاڵ و هەموو مەڕوماڵاتێکی دیکەیان دەبێت.

٤«ئەو لەوەڕگایانەش کە دەیدەنە لێڤییەکان، لە شوورای شارۆچکەکانەوە بەلای دەرەوە، هەزار باڵ بە چواردەوریدا دەبێت.

٥لە دەرەوەی شار بەلای ڕۆژهەڵاتدا دوو هەزار باڵ دەژمێرن، بەلای باشووردا دوو هەزار باڵ، بەلای ڕۆژئاوادا دوو هەزار باڵ، بەلای باکووردا دوو هەزار باڵ و شارۆچکەکەش لە ناوەڕاست دەبێت. ئەمە دەبێتە لەوەڕگای شارۆچکەکان بۆیان.

٦«شەش لەو شارۆچکانەش کە بە لێڤییەکانی دەدەن دەبنە شاری پەناگا، بۆ ئەوەی هەرکەسێک کەسێکی دیکە بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت. سەرباری ئەمانەش چل و دوو شارۆچکەی دیکە دەدەنە لێڤییەکان.

٧هەموو ئەو شارۆچکانەی دەیاندەنە لێڤییەکان، چل و هەشت شارۆچکەن بە لەوەڕگاکانیانەوە.

٨ئەو شارۆچکانەش کە لە موڵکی نەوەی ئیسرائیل دەیدەنە لێڤییەکان، هەریەکە بەگوێرەی میراتی هەر هۆزێک. لەو هۆزانەی کە شارۆچکەیان زۆرە، زۆر وەردەگرن و لەو هۆزانەش کە کەمە، کەم وەردەگرن.»

٩هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:

١٠«لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک ئێوە لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە بۆ خاکی کەنعان،

١١چەند شارۆچکەیەک بۆ خۆتان دەستنیشان دەکەن و دەبنە شاری پەناگا، تاکو ئەو کەسەی کە بەبێ ئەنقەست کەسێک بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت.

١٢ئەو شارانە بۆتان دەبنە پەناگا لە دەست خوێنگر، بۆ ئەوەی تۆمەتبارکراو بە کوشتن، نەکوژرێت هەتا لەبەردەم ئەنجومەن دەوەستێت بۆ دادوەری.

١٣ئەو شەش شارۆچکانەش کە ئێوە دەیدەن دەبنە شاری پەناگا بۆتان.

١٤سێ لە شارۆچکەکان لەوبەری ڕووباری ئوردون دەدەن و سێ شارۆچکەش لە خاکی کەنعان دەدەن، دەبنە شاری پەناگا،

١٥بۆ نەوەی ئیسرائیل و نامۆ و ئەوەی لەنێویاندا نیشتەجێیە. ئەم شەش شارە بۆ پەناگا دەبن، هەتا هەرکەسێک کە بەبێ ئەنقەست کەسێک بکوژێت بۆ ئەوێ هەڵبێت.

١٦«”ئەگەر یەکێک بە ئامرازێکی ئاسن لە کەسێکی دا و مرد، ئەوا بە بکوژ دادەنرێت، دەبێت بکوژ بکوژرێتەوە.

١٧ئەگەر کەسێک بەردێکی بە دەستەوە بوو کە بکوژێت و بەو بەردە لە کەسێکی دا و مرد، ئەوا بە بکوژ دادەنرێت، دەبێت بکوژ بکوژرێتەوە.

١٨یان ئەگەر کەسێک هەر شتێکی لە دار دروستکراوی بە دەستەوە بوو کە بکوژێت، لە کەسێکی دیکەی دا، ئەوا بە بکوژ دادەنرێت، دەبێت بکوژ بکوژرێتەوە.

١٩خوێنگرەکە بکوژ دەکوژێت، هەر کاتێک تووشی بێت دەیکوژێتەوە.

٢٠یان ئەگەر کەسێک بە ڕقەوە پاڵی بە کەسێکی دیکەوە نا یان بە ئەنقەست شتێکی بۆ هاویشت و مرد،

٢١یان ئەگەر بە دوژمنایەتییەوە بە مستەکۆڵە لێیدا و مرد، ئەوا دەستدرێژیکەر دەبێت بکوژرێتەوە، چونکە بکوژە، خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە هەر کاتێک تووشی بکوژ بێت دەیکوژێتەوە.

٢٢«”بەڵام ئەگەر کەسێک لەناکاو پاڵی بە کەسێکی دیکەوە نا بەبێ دوژمنایەتی یان بەبێ ئەنقەست شتێکی بۆ هاویشت،

٢٣یان بێ ئەوەی بیبینێت، بەردێکی گەورەی بەسەریدا بەردایەوە و مرد، ئەگەر چی دوژمنیشی نییە و خراپەی ئەوی ناوێت،

٢٤ئەوا ئەنجومەن بەگوێرەی ئەم یاسایانە دادوەری لەنێوان تۆمەتبارکراوەکە و خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە دەکات.

٢٥ئەنجومەن فریای تۆمەتبارکراوەکە دەکەوێت لە دەست خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە و دەیگەڕێنێتەوە بۆ ئەو شارەی پەناگا کە بۆی هەڵاتبوو. لەوێ دەمێنێتەوە هەتا سەرۆکی کاهین دەمرێت کە بە زەیتی پیرۆز دەستنیشان کراوە.

٢٦«”بەڵام ئەگەر تۆمەتبارکراوەکە لە سنووری شاری پەناگای کە بۆی هەڵاتووە، چووە دەرەوە و

٢٧خوێنگری تۆڵەسێنەر ئەوی لە دەرەوەی سنووری شاری پەناگا بینییەوە و خوێنگرە تۆڵەسێنەرەکە تۆمەتبارکراوەکەی کوشت، ئەوا مافی تاوانبارکردنی خوێنی نییە،

٢٨چونکە دەبێت هەتا مردنی سەرۆکی کاهین ئەو کەسە لە شاری پەناگا بێت، بەڵام لەدوای مردنی سەرۆکی کاهین، دەگەڕێتەوە موڵکەکەی خۆی.

٢٩«”ئەمە بۆتان دەبێتە فەرزێکی یاسایی بۆ نەوەکانتان لە هەموو نشینگەکانتان.

٣٠«”هەرکەسێک کەسێکی دیکە بکوژێت، ئەوا لەسەر دەمی چەند شایەتێک بە بکوژ دادەنرێت و دەبێت بکوژرێتەوە، یەک شایەت بەس نییە بۆ شایەتیدان لەسەر کەسێک بۆ مردن.

٣١«”خوێنبایی وەرمەگرە بۆ بکوژێک کە شایانی سزای مردنە، بەڵکو دەبێت بکوژرێتەوە.

٣٢«”هەروەها خوێنبایی وەرمەگرن بۆ ئەو کەسەی بۆ شاری پەناگا هەڵبێت، تاوەکو پێش مردنی سەرۆکی کاهین بگەڕێتەوە و لە زەوی خۆی نیشتەجێ بێت.

٣٣«”ئەو خاکەی ئێوە تێیدان گڵاوی مەکەن، چونکە خوێن خاک گڵاو دەکات، هیچ شتێک کەفارەتی ئەو خوێنە ناکات کە لە خاکەکە ڕژاوە، تەنها خوێنی خوێنڕێژەکە نەبێت.

٣٤کەواتە ئەو خاکەی کە ئێوە تێیدا نیشتەجێن و من لە ناوەڕاستیدا نیشتەجێم گڵاوی مەکەن، چونکە من کە یەزدانم لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا نیشتەجێم.“»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.