١ئەگەر یەکبوونتان لەگەڵ مەسیح مایەی هاندان بێت، ئەگەر خۆشەویستییەکەی دڵنەواییتان بکات، ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز هاوبەش بن، ئەگەر بە سۆز و میهرەبان بن،
٢ئەوا دڵم بە تەواوی خۆش بکەن کە هاوبیر بن و هەمان خۆشەویستیتان هەبێت، هەروەها یەک دڵ و هاوئامانج بن.
٣هیچ شتێک بە خۆپەرستی و لووتبەرزییەوە مەکەن، بەڵکو بە شێوەیەک بێفیز بن کە بەرامبەرەکەتان لە خۆتان بە باشتر بزانن.
٤تەنها بایەخ بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆتان مەدەن، بەڵکو با هەریەکەتان بایەخ بە بەرژەوەندی خەڵکی دیکەش بدات.
٥وەک عیسای مەسیح بیر بکەنەوە:
٦ئەوەی بە سروشتی خۆی خودایە، نەیویست یەکسانییەکەی لەگەڵ خودا بۆ خۆی بقۆزێتەوە،
٧بەڵکو خۆی کردە هیچ، شێوەی بەندەی وەرگرت، وەک مرۆڤی لێهات،
٨کە بە ڕوخساری مرۆڤ بینرا، خۆی نزم کردەوە و هەتا مردن ملکەچ بوو، تەنانەت مردنی سەر خاچ.
٩لەبەر ئەوە خودا زۆر بەرزی کردەوە و ئەو ناوەی دایێ کە لە سەرووی هەموو ناوێکەوەیە،
١٠تاکو بە ڕاگەیاندنی ناوی عیسا هەموو ئەژنۆیەک چۆک دابدات، لە ئاسمان و سەر زەوی و ژێر زەویش،
١١هەروەها هەموو زمانێک دان بنێت بەوەدا کە عیسای مەسیح خاوەن شکۆیە، بۆ شکۆی خودای باوک.
١٢بۆیە خۆشەویستانم، هەروەک چۆن کاتێک لەلاتان بووم هەمیشە گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانم بوون، ئێستاش کە لەلاتان نیم زۆر گرنگترە کە گوێڕایەڵم بن. بە ترس و لەرزەوە کۆشش بکەن بۆ تەواوکردنی ڕزگاریتان،
١٣چونکە خودا خۆی لە ئێوەدا کار دەکات تاکو بتانەوێت و کار بکەن بۆ ڕەزامەندی ئەو.
١٤هەموو شتێک بێ بۆڵەبۆڵ و شەڕەقسە بکەن،
١٥تاکو بێ کەموکوڕی و پاک بن، منداڵانی خودا لەناو نەوەیەکی چەوت و خواردا بێ لەکەن، لەنێو ئەواندا وەک ئەستێرە لە گەردووندا دەدرەوشێنەوە،
١٦کاتێک کە ئێوە دەست بە وشەی ژیانەوە دەگرن. ئیتر لە ڕۆژی مەسیحدا دەتوانم شانازی بکەم کە بێهوودە ڕام نەکرد و ڕەنجم نەکێشاوە.
١٧بەڵام ئەگەر بمرم و خوێنم وەک شەرابی پێشکەشکراو بەسەر قوربانی و خزمەتی باوەڕتاندا بڕژێم، ئەوا دڵشاد و دڵخۆشم لەگەڵتان.
١٨جا ئێوەش ئاوا دڵشاد بن و لەگەڵم دڵخۆش بن.
١٩هیوادارم بە یارمەتی عیسای خاوەن شکۆ بتوانم زوو تیمۆساوس بنێرم بۆ لاتان، تاکو بە زانینی هەواڵتان منیش دڵخۆش بم،
٢٠چونکە کەسم نییە وەک ئەو بە دڵسۆزی بایەخ بە کاروبارتان بدات،
٢١لەبەر ئەوەی هەموویان بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن، نەک هی عیسای مەسیح.
٢٢بەڵام ئێوە ئاگاداری شارەزایی تیمۆساوسن، چونکە هەروەک چۆن منداڵ لەگەڵ باوکیدا خزمەت دەکات، ئەویش بە هەمان شێوە لەگەڵ من خزمەتی لە مزگێنیدان کردووە.
٢٣بۆیە هیوادارم هەرکە بۆم ڕوون بووەوە کاروبارم چۆن بەڕێوە دەچێت، یەکسەر ئەو بنێرم.
٢٤متمانەم بە مەسیحە کە خۆشم بەم زووانە دێم.
٢٥بەڵام بە پێویستم زانی ئەپەفرۆدیتۆس بنێرمە لاتان، کە لەگەڵم برا و هاوکار و هاوسەربازە، نێردراوی ئێوەیە و خزمەتکاری پێویستییەکانمە.
٢٦ئەو پەرۆشی دیداری هەمووتانە و دڵتەنگ بوو، چونکە هەواڵی نەخۆشبوونی ئەوتان بیستووە.
٢٧بە ڕاستی نەخۆش بوو، خەریک بوو بمرێت، بەڵام خودا بەزەیی پێدا هاتەوە، نەک تەنها بە ئەودا، بەڵکو بەزەیی بە منیشدا هاتەوە، بۆ ئەوەی خەفەت لەدوای خەفەتم نەبێت.
٢٨بۆیە خێراتر ناردم، تاکو بە بینینەوەی دڵشاد بن و منیش خەفەتم کەم بێتەوە.
٢٩کەواتە بەوپەڕی شادییەوە بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە پێشوازی لێ بکەن و ڕێز لەوانەی وەک ئەو بگرن،
٣٠چونکە لە پێناوی کاری مەسیحدا ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە و ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە، تاکو ئەو خزمەتە بکات کە ئێوە نەتانتوانی بۆ منی بکەن.