١لە کۆتاییدا، خوشکان، برایان، دڵشاد بن بە مەسیحی خاوەن شکۆ! نووسینەوەی هەمان ئەم شتانە ماندووم ناکات، بەڵکو بۆ پاراستنی ئێوەیە.
٢ئاگاداری سەگەکان بن، ئاگاداری بەدکاران و جەستەبڕەکان بن!
٣لەبەر ئەوەی ئێمە بە ڕاستی خەتەنەکراوین، کە بە ڕۆحی پیرۆز خودا دەپەرستین و شانازی بە عیسای مەسیحەوە دەکەین، پشت بە جەستە نابەستین.
٤هەرچەندە منیش هۆکارم هەیە پشت بە جەستە ببەستم. ئەگەر یەکێک وابزانێت هۆکاری هەیە بۆ ئەوەی پشت بە جەستە ببەستێت، من لەپێشترم:
٥کۆرپەی هەشت ڕۆژ بووم کە خەتەنە کراوم، لە ڕەگەزی ئیسرائیل، تیرەی بنیامین، عیبرانی کوڕی عیبرانی. بەگوێرەی تەورات فەریسی بووم،
٦بەگوێرەی دڵگەرمی چەوسێنەری کڵێسا بووم، بەگوێرەی ئەم ڕاستودروستییە کە بەپێی شەریعەتە، بێ گلەیی بووم.
٧بەڵام ئەوەی بۆ من قازانج بوو، لە پێناوی مەسیحدا ئەمانە بە زیان دەزانم.
٨لەمەش زیاتر هەموو شتێک بە زیان دەزانم لەبەر بەرزی بەهای ناسینی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ. لە پێناوی ئەودا هەموو شتێکم لە دەست دا و هەموو ئەو شتانەم بە زبڵ دانا، بۆ ئەوەی مەسیح بەدەستبهێنم و
٩وەک کەسێک کە لەگەڵ مەسیحدا بووبێتە یەک هەژمارد بکرێم، نەک بە ڕاستودروستی خۆم کە لە شەریعەتەوەیە، بەڵکو لە ڕێگەی باوەڕەوە بە مەسیح، ئەو ڕاستودروستییەی کە لە خوداوەیە و پشت بە باوەڕ دەبەستێت.
١٠ئامانجم ئەوەیە مەسیح بناسم و هێزی هەستانەوەکەی بزانم و هاوبەشی ئازاری بم، وەک ئەو بم لە مردنی،
١١تاوەکو بگەمە هەستانەوەی نێو مردووان.
١٢من ناڵێم پێشوەخت هەموو ئەمەم بەدەستهێناوە یان گەیشتوومەتە ئامانج، بەڵکو کۆشش دەکەم ئەوە بەدەستبهێنم کە عیسای مەسیح لە پێناویدا منی بەدەستهێنا.
١٣خوشکان، برایان، من وا دانانێم کە بەدەستم هێناوە، بەڵام تەنها یەک شت دەکەم: ڕابردوو لەبیر دەکەم و بەرەو داهاتوو بەوپەڕی کۆششەوە هەنگاو دەنێم،
١٤بەرەو ئامانج تێدەکۆشم تاکو ئەو خەڵاتە بەدەستبهێنم کە خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بانگهێشتی کردووم بۆ ئاسمان.
١٥با هەموو ئەوانەمان کە لە ڕووی ڕۆحییەوە پێگەیشتووین، ئاوا بیر بکەینەوە، ئەگەر بیرتان لە شتێکی جیاوازیش کردەوە، خودا ئەمەشتان بۆ ئاشکرا دەکات.
١٦با دەست بەوەوە بگرین کە بەدەستمان هێناوە.
١٧ئەی خوشک و برایانم، پێکەوە لاسایی من بکەنەوە و بڕواننە ئەوانەی ئاوا دەژین، بەگوێرەی ئەم نموونەیەی ئێمە پێمان دان.
١٨زۆرم پێ گوتن، ئێستاش بە گریانەوە دەڵێم، زۆر کەس بە شێوەیەک دەژین، دوژمنی خاچی مەسیحن،
١٩ئەوانە کۆتاییان لەناوچوونە، خودایان سکیانە و شانازی بە شەرمەزاربوونیانەوە دەکەن، بیر لە شتی دنیایی دەکەنەوە.
٢٠بەڵام ئێمە هاوڵاتی ئاسمانین، بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکەین ڕزگارکەر لەوێ بێتەوە، عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ،
٢١ئەوەی جەستەی کەساسمان بۆ وێنەی لەشی شکۆداری خۆی دەگۆڕێت، بەگوێرەی کارکردنی هێزی خۆی کە دەتوانێت هەموو شتێک ملکەچی خۆی بکات.