کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزفیلیپی

فیلیپی ٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بۆیە خوشکان و برایانم، ئەی ئەوانەی خۆشمدەوێن و پەرۆشتانم، ئێوە خۆشی و تاجی منن. خۆشەویستانم، بەو شێوەیە کە نووسیومە، بە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆ بچەسپێن.

٢لە ئەوۆدیا دەپاڕێمەوە و لە سینتخی دەپاڕێمەوە کە بە یەکبوونیان لەگەڵ مەسیح هاوبیر بن.

٣بەڵێ تۆش ئەی هاوڕێی دڵسۆزم، داوات لێ دەکەم یارمەتییان بدەیت، چونکە هەردووکیان لە ڕاگەیاندنی پەیامی ئینجیلدا شانبەشانی من تێکۆشاون، لەگەڵ کلیمنتۆس و هاوکارانی دیکەم کە ناویان لە پەڕتووکی ژیانە.

٤هەمیشە بە عیسای خاوەن شکۆ دڵشاد بن. دیسان دەیڵێمەوە، دڵشاد بن!

٥با هەموو خەڵک بە ڕووخۆشیتان بزانێت. هاتنەوەی عیسای خاوەن شکۆ نزیکە.

٦نیگەران مەبن، بەڵکو با لە هەموو شتێکدا داواکاریتان بە نوێژ و پاڕانەوە و سوپاسگوزارییەوە لەلای خودا زانراو بێت.

٧ئاشتی خوداش، ئەوەی بەرزترە لە هەموو تێگەیشتنێک، دڵ و بیرتان بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا دەپارێزێت.

٨لە کۆتاییدا خوشکان و برایان، بیر لە هەموو ئەو شتانە بکەنەوە کە ڕاست و ڕێزدارن، دادپەروەر و پاکن، خۆشەویست و ناوبانگ باشن، ڕەوشت بەرز و شایانی ستایشن.

٩چی لە مندا فێربوون و وەرتانگرت و بیستتان و بینیتان، ئەوە جێبەجێ بکەن. خودای ئاشتیش لەگەڵتان دەبێت.

١٠زۆر دڵشاد بووم بە مەسیحی خاوەن شکۆ، کە ئێستا دیسان بایەخم پێدەدەن. بە دڵنیاییەوە پێشتریش بایەختان پێم دەدا، بەڵام دەرفەتی ئەوەتان نەبوو کە دەریبخەن.

١١من ئەمە ناڵێم لەبەر ئەوەی پێویستم بە یارمەتییە، چونکە فێربووم لە هەر دۆخێکدا بم خۆبژێو بم.

١٢دەزانم نەبوونی چییە و دەزانم هەبوونیش چییە، لە هەر شتێک و لە هەموو شتێکدا فێری نهێنی ئەوە بووم لە هەبوونی و نەبوونیدا ئاسوودە بم.

١٣دەتوانم هەموو ئەم شتانە لە ڕێگەی مەسیحەوە بکەم، ئەوەی بەهێزم دەکات.

١٤لەگەڵ ئەوەشدا چاکتان کرد کە بەشداری تەنگانەتان کردم.

١٥ئەی فیلیپییەکان، ئێوەش دەزانن، لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی پەیامی ئینجیل لەنێو ئێوە، کاتێک لە مەکدۆنیا ڕۆیشتم، هیچ کڵێسایەک لە بابەتی وەرگرتن و پێداندا هاوکارییان نەکردووم، ئێوە نەبێت.

١٦تەنانەت ئەو کاتەی لە شاری سالۆنیکی بووم، چەند جارێک هاوکاریتان کردم کاتێک پێویستم بە یارمەتی بوو.

١٧نەک لەبەر ئەوەی حەزم لە بەخشین بێت بەڵکو حەزم لەو بەرهەمەیە کە لەلای خودا بۆتان تۆمار دەکرێت.

١٨ئێستا هەموو شتێکم هەیە، زیاتر لە پێویست. ئەو شتانەی ئەپەفرۆدیتۆس لەلای ئێوە هێنای وەرمگرت و تێربووم، بۆنێکی خۆشە، قوربانییەکی قبوڵکراوە، دڵی خودا خۆش دەکات.

١٩خودای من هەموو پێداویستییەکانتان دابین دەکات بەپێی دەوڵەمەندی ئەو شکۆیەی لە عیسای مەسیحدا هەیەتی.

٢٠ئێستاش شکۆمەندی بۆ خودای باوکمان هەتاهەتایە. ئامین.

٢١بە ناوی عیسای مەسیح سڵاو لە هەموو گەلی خودا بکەن. ئەو خوشک و برایانەی لەگەڵمدان سڵاوتان لێدەکەن.

٢٢هەموو گەلی خودا کە لێرەن سڵاوتان لێدەکەن، بە تایبەتی ئەوانەی لە خانەوادەی قەیسەرن.

٢٣با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحتان بێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.