١پەندەکانی سلێمانی کوڕی داود، پاشای ئیسرائیل،
٢بۆ زانینی دانایی و تەمبێکردن، بۆ پەیبردن بە وشەکانی تێگەیشتن،
٣بۆ وەرگرتنی تەمبێکردن و وریایی، ڕاستودروستی و دادپەروەری و ڕاستەڕێیی،
٤بۆ بەخشینی ژیری بە ساویلکە، بە لاویش زانیاری و سەلیقە،
٥(دانا گوێی لێ دەگرێت و فێربوونی زیاد دەبێت، تێگەیشتووش ڕاوێژی باشی دەست دەکەوێت،)
٦بۆ تێگەیشتنی پەند و نموونە، قسەی دانایان و مەتەڵەکانیان.
٧لەخواترسی سەرەتای زانیارییە، بەڵام گێلەکان سووکایەتی بە دانایی و تەمبێکردن دەکەن.
٨ڕۆڵە، گوێ لە تەمبێکردنی باوکت بگرە و فێرکردنی دایکت پشتگوێ مەخە،
٩چونکە تاجەگوڵینەی نیعمەتن بۆ سەرت، گەردانەن بۆ ملت.
١٠ڕۆڵە، ئەگەر گوناهباران فریویان دایت، ڕازی مەبە.
١١ئەگەر گوتیان: «لەگەڵمان وەرە، بۆسە بۆ خوێنڕشتن بنێینەوە، بەبێ هۆ بۆ بێتاوانێک خۆمان مات بکەین،
١٢وەک جیهانی مردووان بە زیندووێتی هەڵیانلووشین و بە ساغی وەک ئەوانەی لە گۆڕ دەنرێن.
١٣هەموو گەنجینەیەکی بەهادار دەدۆزینەوە و ماڵمان پڕ دەکەین لە دەستکەوت.
١٤پشکی خۆت هەڵبدە ناومان، بە هەموومان یەک کیسەمان دەبێت.»
١٥ڕۆڵە، لەگەڵیان بە ڕێگادا مەڕۆ، پێیەکانت قەدەغە بکە لە ڕێڕەوەکانیان،
١٦چونکە پێیەکانیان بەرەو خراپە ڕادەکەن، بۆ خوێنڕشتن پەلە دەکەن.
١٧بێ سوودە دانانەوەی تۆڕ لەبەرچاوی هەموو باڵدارێک.
١٨بۆ خوێنی خۆیان بۆسەیان ناوەتەوە، خۆیان تەنها بۆ گیانی خۆیان ماتداوە.
١٩ئاوایە ڕێچکەی هەموو ئەوانەی بەدوای دەستکەوتی ناڕەواوەن، سەری خاوەنی دەخوات.
٢٠دانایی لە کۆڵان هاوار دەکات، لە گۆڕەپانەکان دەنگ بەرز دەکاتەوە،
٢١لە شەقامە قەرەباڵغەکاندا بانگ دەکات، لە دەروازەی شارەکاندا قسەی خۆی دەکات:
٢٢«هەتا کەی ئەی ساویلکەکان حەز لە ساویلکەیی دەکەن؟ هەتا کەی گاڵتەجاڕان بە گاڵتەکردن دڵخۆش دەبن، گێلەکانیش ڕقیان لە زانیاری دەبێتەوە؟
٢٣بگەڕێنەوە کاتێک سەرزەنشتتان دەکەم! ئینجا ڕۆحی خۆمتان بەسەردا دەڕێژم، وشەکانی خۆمتان پێ دەناسێنم.
٢٤بەڵام بانگهێشتم کردن، ڕەتتان کردەوە، دەستم درێژکرد، کەس گوێی پێنەدا،
٢٥هەموو ڕاوێژێکی منتان پشتگوێ خست، سەرزەنشتی منتان وەرنەگرت،
٢٦جا منیش لە کارەساتتان پێدەکەنم. گاڵتە دەکەم کە ترستان لێ نیشت،
٢٧کە ترستان وەک گەردەلوول لێ نیشت و وێرانیتان وەک ڕەشەبا هاتە سەر و تەنگانە و ناخۆشی بەسەرتانی دادا.
٢٨«ئینجا بانگم دەکەن، بەڵام من وەڵام نادەمەوە، بە پەرۆشییەوە بەدوامدا دەگەڕێن بەڵام نامدۆزنەوە.
٢٩لەبەر ئەوەی ڕقیان لە زانیاری بووەوە، لەخواترسییان هەڵنەبژارد،
٣٠لەبەر ئەوەی ڕاوێژی منیان وەرنەگرت، بە سووکییەوە تەماشای هەموو سەرزەنشتەکانی منیان کرد،
٣١بۆیە لە بەرهەمی ڕێگای خۆیان دەخۆن، لە بەری پیلانەکانیان تێر دەبن،
٣٢چونکە هەڵگەڕانەوەی ساویلکەکان دەیانکوژێت، بێباکی گێلەکان لەناویان دەبات.
٣٣بەڵام ئەوەی گوێ لە من بگرێت بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت، لە ترسی خراپە دەحەسێتەوە.»