١ڕۆڵە، ئەگەر قسەکانم وەربگریت، فەرمانەکانم لەلای خۆت هەڵبگریت،
٢هەتا گوێ بدەیتە دانایی و دڵت بدەیتە تێگەیشتن،
٣ئەگەر بانگی پەیبردن بکەیت و دەنگ بۆ تێگەیشتن هەڵبڕیت،
٤ئەگەر وەک زیو داوات کرد و وەک خشڵی شاردراوە بەدوایدا گەڕایت،
٥ئەوسا لە واتای لەخواترسی دەگەیت و ناسینی خودا دەدۆزیتەوە،
٦چونکە یەزدان دانایی دەبەخشێت، زانیاری و تێگەیشتنیش لە دەمی ئەوە.
٧دانایی تەواو بۆ سەرڕاستەکان هەڵدەگرێت و قەڵغانە بۆ ئەوانەی ڕێگای تەواوەتی دەگرنەبەر،
٨بۆ چاودێری ڕێچکەی دادپەروەری و پاراستنی ڕێگای خۆشەویستانی.
٩ئینجا ڕاستودروستی و دادپەروەری و ڕاستەڕێیی تێدەگەیت، هەموو ڕێڕەوێکی چاک،
١٠لەبەر ئەوەی دانایی دێتە ناو دڵتەوە و زانیاریش دەبێتە خۆشی دەروونت،
١١سەلیقە دەتپارێزێت و تێگەیشتن چاودێریت دەکات.
١٢دانایی لە ڕێگای خراپەکاران ڕزگارت دەکات، لەو کەسانەی قسەی خوار دەکەن،
١٣ئەوانەی ڕێچکەی ڕاستیان بەرداوە تاکو بە ڕێگای تاریکیدا بڕۆن،
١٤ئەوانەی دڵخۆشن بە خراپەکردن، دڵشاد دەبن بە خواروخێچیێتی خراپە،
١٥ئەوانەی ڕێچکەکانیان چەوتن، گەوجن لە ڕێڕەویان.
١٦هەروەها دانایی لە ژنی بەدڕەوشت ڕزگارت دەکات، لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس،
١٧ئەوەی وازی لە مێردی گەنجییەتی هێناوە و پەیمانەکەی لەبەردەم خودای لەبیر کردووە.
١٨بێگومان ماڵەکەی بەرەو خوارەوە دەچێت بۆ مردن و ڕێڕەوەکانی بەرەو دنیای مردووانە.
١٩هەموو ئەوانەی بچنە لای ناگەڕێنەوە و ناگەنە ڕێچکەی ژیان.
٢٠کەواتە بە ڕێگای پیاوچاکاندا بڕۆ و ڕێچکەی ڕاستودروستان بپارێزە،
٢١چونکە سەرڕاستان لە خاکەکە نیشتەجێ دەبن و تەواوەکان تێیدا دەمێننەوە،
٢٢بەڵام خراپەکاران لە خاکەکە دەبڕێنەوە و ناپاکانیش تێیدا ڕیشەکێش دەکرێن.