١ڕۆڵە، فێرکردنەکەم لەبیر مەکە، فەرمانەکانم لەناو دڵتدا هەڵبگرە،
٢چونکە ڕۆژگاری درێژ و ساڵانی ژیان و ئاشتیت بۆ زیاد دەکات.
٣با خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لێت جیا نەبنەوە، بە ملتەوە گرێیان بدە، لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە.
٤ئینجا پەسەندی و نازناوی چاک بەدەستدەهێنیت لەلای خودا و خەڵک.
٥پڕ بەدڵ پشت بە یەزدان ببەستە و بە تێگەیشتوویی خۆت پشت ئەستوور مەبە.
٦لە هەموو ڕێگاکانت بیناسە، ئەویش ڕێچکەکانت ڕاست دەکات.
٧لەبەرچاوی خۆت، خۆت بە دانا مەزانە، لە یەزدان بترسە و لە بەدکاری بەدووربە.
٨دەبێتە تەندروستی بۆ لەشت و خۆراک بۆ ئێسقانەکانت.
٩بە سامانت ڕێزی یەزدان بگرە، بە یەکەمین بەرهەمی هەموو خەرمانەکانت.
١٠ئەمبارەکەت پڕ دەبێت هەتا تێری، قەڕابەکەت سەرڕێژ دەبێت لە شەرابی نوێ.
١١ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە، ڕقت لە سەرزەنشتی ئەو نەبێتەوە،
١٢چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات و وەک باوکێک بە کوڕ دڵخۆش دەبێت.
١٣خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی دانایی دەدۆزێتەوە و بەو کەسەی تێگەیشتن بەدەستدەهێنێت،
١٤چونکە قازانجی لە قازانجی زیو باشترە و بەرهەمیشی لە زێڕ.
١٥لە یاقووت بەهادارترە و هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای.
١٦تەمەنی درێژ لە دەستی ڕاستیدایە و دەوڵەمەندی و ڕێزیش لە دەستی چەپی.
١٧ڕێگاکانی ڕێگای خۆشحاڵین و هەموو ڕێڕەوەکانی ئاشتین.
١٨درەختی ژیانە بۆ ئەوانەی خۆیان پێوە گرتووە، خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی پێی پابەند دەبن.
١٩یەزدان بە دانایی زەوی دامەزراند، بە تێگەیشتنیش ئاسمانی چەسپاند.
٢٠بە زانیاری ئەو قووڵاییەکان شەق بوون، هەورەکان شەونمیان دڵۆپاند.
٢١ڕۆڵە، دەست بە دانایی تەواو و سەلیقەوە بگرە، ئەمانە لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە،
٢٢دەبنە ژیان بۆ تۆ، ملوانکە بۆ جوانی گەردنت.
٢٣ئەوسا بە ئاسوودەیی بە ڕێگای خۆتدا دەڕۆیت و ساتمە ناکەیت و ناکەویت.
٢٤کاتێک ڕادەکشێیت بێ ترسیت، ڕادەکشێیت و خەوت خۆش دەبێت.
٢٥نە لە بەڵای کتوپڕ دەترسیت و نە لە ماڵی بەدکاران کە وێران دەبێت،
٢٦چونکە یەزدان دەبێتە پشتیوانت و پێت لە پێوەبوون دەپارێزێت.
٢٧دەستی چاکە مەگرەوە لەوانەی شایستەی چاکەن، کاتێک لە تواناتدایە بیکەیت.
٢٨بە کەس مەڵێ: «بڕۆ، دواتر وەرەوە، بەیانی دەتدەمێ،» لە کاتێکدا ئەو شتەت پێیە.
٢٩پیلانی خراپ لە دژی دراوسێکەت مەگێڕە، لە کاتێکدا ئەو بە دڵنیاییەوە لەلات جێنشین بووە.
٣٠لەخۆڕایی دژایەتی کەسێک مەکە، ئەگەر خراپەی لەگەڵتدا نەکرد.
٣١بەغیلی بە پیاوی ستەمکار مەبە، هیچ ڕێگایەکی ئەو هەڵمەبژێرە،
٣٢چونکە لەلای یەزدان مرۆڤی قەڵپ قێزەونە، بەڵام نهێنی خۆی لەلای سەرڕاستانە.
٣٣نەفرەتی یەزدان لەسەر ماڵی بەدکارە، بەڵام ماڵی ڕاستودروستان بەرەکەتدار دەکات.
٣٤هەرچەندە گاڵتە بە گاڵتەجاڕان دەکات، بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.
٣٥داناکان ڕێزداری بە میرات دەگرن، بەڵام گێلەکان شەرمەزاری هەڵدەگرن.