کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەندەکانی سلێمان

پەندەکانی سلێمان ٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی کوڕینە، گوێ لە تەمبێکردنی باوک بگرن، سەرنج بدەن بۆ زانینی تێگەیشتن.

٢من شتی چاکتان فێر دەکەم، بۆیە فێرکردنەکانی من پشتگوێ مەخەن.

٣کاتێک کوڕی باوکم بووم، ناسک و تاقانە لەلای دایکم،

٤فێری دەکردم و پێی دەگوتم: «با دڵت لەسەر قسەی من بێت، ئەگەر فەرمانەکانم بپارێزیت، دەژیت.

٥دانایی بەدەستبهێنە، تێگەیشتن بەدەستبهێنە، قسەکانی دەمم لەبیر مەکە و لێیان لامەدە.

٦واز لە دانایی مەهێنە، دەتپارێزێت، خۆشتبوێت، چاودێریت دەکات.

٧ئەمە دەستپێکی داناییە: دانایی بەدەستبهێنە، بە هەموو دەستکەوتەکانت، تێگەیشتن بەدەستبهێنە.

٨ڕێزی بگرە، بەرزت دەکاتەوە، لە ئامێزی بگرە، شکۆدارت دەکات.

٩تاجەگوڵینەی نیعمەت دەخاتە سەرت، تاجی شکۆمەندیت پێ دەبەخشێت.»

١٠ڕۆڵە، گوێ بگرە و قسەکانم وەربگرە، جا تەمەنت درێژ دەبێت.

١١ڕێگای داناییم پیشاندایت، بۆ ڕێڕەوە ڕاستەکان ڕێنماییم کردیت.

١٢لە ڕۆیشتندا هەنگاوت کورت نابێت، لە ڕاکردنیشدا پێت هەڵناکەوێت.

١٣دەست بە تەمبێکردنەوە بگرە و دەست شل مەکە، بیپارێزە، چونکە ژیانتە.

١٤مەچووە سەر ڕێگەی بەدکاران، بە ڕێگای خراپەکاراندا مەڕۆ.

١٥خۆتی لێ لابدە و پێیدا مەڕۆ، لێی دووربکەوە و تێپەڕە،

١٦چونکە خەویان لێ ناکەوێت ئەگەر خراپە نەکەن، خەویان دەزڕێت ئەگەر یەکێک نەخەن.

١٧نانی خراپە دەخۆن و شەرابی ستەمکاری دەخۆنەوە.

١٨ڕێچکەی ڕاستودروستان وەک ڕووناکی بەرەبەیانە، ڕووناکتر و ڕووناکتر دەبێت هەتا دەبێتە ڕۆژی تەواو.

١٩بەڵام ڕێگای بەدکاران وەک تاریکستانە، نازانن پێیان لە چی هەڵدەکەوێت.

٢٠ڕۆڵە، سەرنج بدە وشەکانم، گوێ بۆ قسەکانم شل بکە.

٢١لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە، لە ناخی دڵت بیانپارێزە،

٢٢چونکە ژیانن بۆ ئەو کەسەی دەیاندۆزێتەوە، دەرمانە بۆ هەموو لەشی.

٢٣لە سەرووی هەموو چاودێرییەکەوە دڵت بپارێزە، چونکە دڵ سەرچاوەی ژیانە.

٢٤خواری لە دەمت داماڵە و چەوتی لە لێوانت دووربخەوە.

٢٥با چاوەکانت تەماشای پێشت بکەن و پێڵووەکانت ڕێک بۆ بەردەمت بێت.

٢٦ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە، هەموو ڕێگاکانت دەچەسپێن.

٢٧بەلای ڕاست یان چەپدا لامەدە، پێت لە خراپە دووربخەوە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.