١ڕۆڵە، سەرنج بدە داناییم، گوێ بۆ تێگەیشتنم شل بکە،
٢تاکو سەلیقەت بپارێزیت و لێوەکانت ئاگایان لە زانیاری بێت،
٣چونکە لێوەکانی ژنی داوێنپیس هەنگوینیان لێ دەتکێت، قسەی لە ڕۆن لووسترە.
٤بەڵام کۆتاییەکەی وەک زەقنەبووت تاڵە، وەک شمشێری دوو دەم تیژە.
٥پێیەکانی بەرەو خوار دەبنەوە بۆ مردن، هەنگاوەکانی پەیوەستن بە جیهانی مردووانەوە.
٦سەرنج ناداتە ڕێچکەی ژیان، هەنگاوەکانی خوارە بەڵام ئەو نازانێت.
٧ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن، لە قسەی دەمم خۆتان لامەدەن.
٨ڕێگای خۆتی لێ دووربخەوە، لە دەرگای ماڵەکەی نزیک مەبەوە،
٩نەوەک شکۆمەندیت بە خەڵکی دیکە بدەیت و ساڵانی تەمەنت بە کەسی دڵڕەق،
١٠نەوەک بێگانەکان لە توانات تێر بن و بەری ماندووبوونت بۆ ماڵی نامۆیەک بڕوات.
١١لە کۆتایی ژیانتدا دەناڵێنیت، کاتێک گۆشت و جەستەت لەناودەچێت.
١٢دەڵێیت: «چۆن ڕقم لە تەمبێکردن دەبووەوە، دڵم گاڵتەی بە سەرزەنشت دەهات.
١٣گوێڕایەڵی ئەوانە نەبووم کە ڕێنماییان دەکردم و گوێم بۆ مامۆستاکانم شل نەکرد.
١٤کەمێکی مابوو بکەومە ناو هەموو خراپەیەکەوە، لەناو کۆڕ و کۆمەڵدا.»
١٥لە ئەمباراوی خۆت ئاو بخۆوە، لە ئاوی هەڵقوڵاوی بیرەکەت.
١٦ئایا کانییەکانت بڕژێتە سەر شەقامەکان، جۆگەی ئاو بێت لە گۆڕەپانەکان؟
١٧با تەنها بۆ تۆ بێت، بێگانەت لەگەڵدا نەبێت.
١٨با کانیاوەکەت بەرەکەتدار بێت، بە هاوسەری گەنجییەتیت دڵخۆش بە.
١٩ئاسکێکی خۆشەویست و مامزێکی شۆخ و شەنگ، با هەموو کاتێک مەمکەکانی تێرت بکەن، بە خۆشەویستی ئەو هەمیشە وێڵ بیت.
٢٠کوڕی خۆم، ئیتر بۆچی وێڵی ژنی بەدڕەوشت دەبیت؟ بۆچی ژنی داوێنپیس لە باوەش دەگریت؟
٢١ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی یەزدانە، هەموو ڕێڕەوەکانی هەڵدەسەنگێنێت.
٢٢بەدکار بە تاوانەکانی خۆیەوە پێوەبوو، بە داوی گوناهەکانی خۆیەوە دەبێت.
٢٣لەبەر نەبوونی تەمبێکردن دەمرێت، لەبەر زۆری دەبەنگییەکەی سەرگەردان دەبێت.