١ڕۆڵە، ئەگەر بووی بە کەفیلی دراوسێکەت، ئەگەر لەگەڵ بێگانەیەک تەوقەت کرد،
٢ئەگەر بە داوی قسەکانی دەمتەوە بوویت، بە قسەی دەمی خۆت پێوە بوویت،
٣ڕۆڵە، ئەمە بکە و فریای خۆت بکەوە، چونکە ژێردەستەی دراوسێکەت بوویت، بڕۆ، خۆت نزم بکەرەوە و لە هاوڕێکەت بپاڕێوە.
٤خەو مەدە چاوەکانت و پێڵووەکانت خەواڵوو نەبن.
٥وەک مامز خۆت لە دەست ڕاوچی دەرباز بکە، وەک چۆلەکە لە تەڵەی ڕاوچی.
٦ئەی تەمبەڵ، بڕۆ لای مێروولە، بڕوانە ڕێگاکانی و ببە بە دانا.
٧بێ ئەوەی پێشەوا و کوێخا و فەرمانڕەوای هەبێت،
٨بەڵام لە هاویندا نانی خۆی ئەمبار دەکات و لە کاتی دروێنەدا خۆراکی خۆی کۆدەکاتەوە.
٩ئەی تەمبەڵ، هەتا کەی پاڵدەدەیتەوە؟ کەی لە خەوەکەت هەڵدەستی؟
١٠کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون، کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان،
١١ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت، نەبوونیشت وەک چەکدار.
١٢کەسی هیچوپووچ، پیاوی چەواشەکار، بە زمان خواری ڕەفتار دەکات،
١٣چاوی دەقوچێنێت و بەپێی ئاماژە دەکات و بە پەنجە دەریدەبڕێت،
١٤فێڵ لە دڵیدایە، خراپە دادەهێنێت، هەموو کاتێک ناکۆکی دەوروژێنێت.
١٥لەبەر ئەوە لەپڕ لێی دەقەومێت، لەناکاو دەشکێت و چارەسەری نییە.
١٦شەش شت هەن یەزدان ڕقی لێیانە، حەوتیش قێزەونە لەلای:
١٧چاوی بەفیز، زمانی درۆزن، دەستێک کە خوێنی بێتاوانی ڕشتبێت،
١٨دڵێک پیلانی خراپ دابهێنێت، پێیەک بە پەلە بەرەو خراپەکاری ڕابکات،
١٩شایەتی درۆزن درۆ بڵاو بکاتەوە و وروژێنەری ناکۆکی نێوان برایان.
٢٠ڕۆڵە، ڕاسپاردەکانی باوکت بەجێبگەیەنە و فێرکردنەکانی دایکت پشتگوێ مەخە.
٢١هەمیشە بە دڵتەوە گرێیان بدە و بە گەردنی خۆتەوە هەڵیانواسە.
٢٢لە هاتوچۆکردنتدا ڕێنماییت دەکەن، لە ڕاکشانت چاودێریت دەکەن و کە خەبەریشت بووەوە دەتدوێنن،
٢٣چونکە ئەم ڕاسپاردانە چران و ئەم فێرکردنەش ڕووناکییە، سەرزەنشتی تەمبێکردنیش ڕێگای ژیانە،
٢٤بۆ ئەوەی لە ژنی بەدڕەوشت بتپارێزێت، لە زمانلووسی داوێنپیس.
٢٥لە دڵەوە ئارەزووی جوانییەکەی مەکە، با بە برژانگەکانی نەتبات،
٢٦چونکە ژنی لەشفرۆش وا دەکات پێویستیت بە نانێک بێت، بەڵام ژنی بەمێرد گیانی گرانبەهات ڕاودەکات.
٢٧ئایا کەس دەتوانێت ئاگر لە باوەش بگرێت و جلەکانی نەسووتێت؟
٢٨یان بەسەر پشکۆدا بڕوات و پێیەکانی داغ نەبێت؟
٢٩ئاوایە ئەوەی بچێتە لای ژنی کەسێکی دیکە، هەرکەسێک دەستی لێ بدات بێ سزا نابێت.
٣٠سووکایەتی بە دز ناکرێت کە دزی دەکات بۆ خۆتێرکردن کاتێک کە برسییە.
٣١هەرچەندە کە لێی ئاشکرا بوو دەبێت حەوت قات بداتەوە، ئەگەر هەموو ماڵی خۆشی لەسەر دانابێت.
٣٢بەڵام ئەوەی داوێنپیسی لەگەڵ ژنێک بکات تێنەگەیشتووە، هەرکەسێک وا بکات خۆی دەفەوتێنێت.
٣٣تووشی لێدان و سەرشۆڕی دەبێت و شەرمەزارییەکەی ناسڕێتەوە،
٣٤چونکە ئیرەیی پیاو دەوروژێنێت، لە ڕۆژی تۆڵەدا دەست ناگێڕێتەوە،
٣٥چاوی لە هیچ قەرەبووێک نییە، بە دیاری ڕازی نابێت، ئەگەر بۆشی زیاد بکەیت.