١ڕۆڵە، گوێڕایەڵی قسەکانم بە و ڕاسپاردەکانم لەلای خۆت هەڵبگرە،
٢ڕاسپاردەکانم بەجێبگەیەنە، دەژیت، فێرکردنەکانیشم وەک گلێنەی چاوت بپارێزە.
٣بە پەنجەکانتەوە گرێیان بدە، لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە.
٤بە دانایی بڵێ: «تۆ خوشکی منی،» بە تێگەیشتنیش بڵێ: «تۆ خزمی منی.»
٥بۆ ئەوەی لە ژنی بەدڕەوشت بتپارێزن، لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس.
٦لە پەنجەرەی ماڵەکەمەوە لەو دیوی کڵاوڕۆژنەکەمەوە ڕوانیم،
٧لەناو ساویلکەکاندا بینیم، لەناو کوڕاندا سەرنجم دا گەنجێکی تێنەگەیشتوو.
٨لە شەقامەکە پەڕییەوە و لایدا لای ژنە بەدڕەوشتەکە، ڕێگای ماڵی ئەوی دەگرتەبەر،
٩لە زەردەپەڕی ئێواران کاتی ئاوابوونی خۆر، لەژێر تاریکایی شەو.
١٠ئەوەتا ژنێک بەرەوپیری چوو، لە بەرگی لەشفرۆشێکی فێڵبازدا بوو.
١١(ئەم ژنە بە دەنگەدەنگ و سەرکێشە، پێیەکانی لە ماڵی خۆی گیرنابێت.
١٢پێیەکی لە شەقام و پێیەکی لە گۆڕەپانەکانە، لە هەموو پەنایەک بۆسە دەنێتەوە.)
١٣گەنجەکەی گرت و ماچی کرد، بێ ئابڕووانە پێی گوت:
١٤«قوربانی هاوبەشیم لەسەرە، ئەمڕۆ نەزرەکانی خۆمم بەجێهێنا،
١٥بۆیە بۆ دیدەنیت هاتمە دەرەوە، بۆ دیداری ڕووی تۆ و بۆ دۆزینەوەت.
١٦نوێنم لەسەر قەرەوێڵەکەم ڕاخستووە، کەتانی ڕەنگاوڕەنگی میسری،
١٧نوێنەکەم بۆنخۆش کردووە بە موڕ و ئەلوا و دارچین.
١٨وەرە هەتا بەیانی ئەوین بنۆشین، بە خۆشەویستی چێژ وەربگرین،
١٩چونکە مێردەکەم لە ماڵەوە نییە، چووەتە ڕێگایەکی دوور.
٢٠کیسە زیوی لەگەڵ خۆی بردووە، هەتا مانگ نەبێت بە چواردە ناگەڕێتەوە ماڵ.»
٢١بە زۆری مەکرەکانی لەخشتەی برد، بە قسە لووسەکانی زەوقی هەستاند.
٢٢لەناکاو بەدوایدا ڕۆیشت، وەک گایەک بۆ سەربڕین ببردرێت، وەک مامز دەکەوێتە ناو تەڵە،
٢٣هەتا تیرێک جەرگی ببڕێت، وەک پەلەکردنی باڵدار بۆ داو، کە نازانێ بۆ گیانی خۆیەتی.
٢٤ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن، سەرنج بدەنە قسەکانی دەمم.
٢٥با دڵت بەرەو ڕێگاکانی ئەو ژنە لانەدات، لە ڕێبازەکانی گومڕا مەبە،
٢٦چونکە زۆرن ئەوانەی بە برینداری بەریداونەتەوە، هەموو ئەوانەی بە دەستی کوژراون کۆمەڵی گەورەن.
٢٧ماڵەکەی ڕێگای جیهانی مردووانە، شۆڕبوونەوەیە بۆ ژوورەکانی مەرگ.