١ئایا دانایی بانگەواز ناکات؟ ئەی تێگەیشتن دەنگی خۆی هەڵنابڕێت؟
٢لەسەر لووتکەی بەرزاییەکان، لەسەر ڕێگاکان، لە چواڕیانەکان ڕادەوەستێت.
٣لەلای دەروازەی شارەکان، لەبەردەم دەرگاکان، هاوار دەکات:
٤«ئەی خەڵکینە، بۆ ئێوە بانگ دەکەم، دەنگم بۆ ئادەمیزادە.
٥ساویلکەکان، فێری ژیری بن، گێلەکان، فێری تێگەیشتن بن.
٦گوێ بگرن، چونکە باسی شتی بەرزتان بۆ دەکەم، کردنەوەی لێوەکانم بۆ ڕاستەڕێییە.
٧ڕاستگۆیی وێردی دەممە، خراپەش قێزەونە بۆ لێوەکانم.
٨قسەکانی دەمم هەموو ڕاستودروستن، هیچ فێڵ یان خواروخێچی تێدا نییە.
٩هەموو ڕێکن لای کەسی تێگەیشتوو، ڕاستەڕێیە لای ئەوانەی زانیاری دەدۆزنەوە.
١٠تەمبێکردن لە من وەربگرن نەک زیو، زانیاریش زیاتر لە زێڕی پوختەکراو،
١١چونکە دانایی لە یاقووت باشترە، هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای.
١٢«من داناییم، لەگەڵ ژیریدا نیشتەجێم، زانیاری و سەلیقەم هەیە.
١٣ئەوەی لەخواترس بێت، ڕقی لە خراپە دەبێت، من ڕقم لە لووتبەرزی و خۆبەزلزانییە، لە ڕێگای خراپ و لە قسەی بە فێڵە.
١٤ڕاوێژ و دانایی تەواو هی منن، تێگەیشتن هی منە، هێز هی منە.
١٥بە منەوە پاشاکان پاشایەتی دەکەن و فەرمانڕەوایان بە ڕاستودروستی یاسا دەردەکەن.
١٦بە منەوە میرەکان میرایەتی دەکەن، بەگەکان و هەموو ئەوانەی بە ڕاستودروستی دادوەری دەکەن.
١٧من ئەوانەم خۆشدەوێت کە منیان خۆشدەوێ، ئەوانەش کە بە پەرۆشەوە بەدوامدا دەگەڕێن، دەمدۆزنەوە.
١٨دەوڵەمەندی و ڕێزداری لەلای منە، ڕاستودروستی و ئەو سامانەی کە دەمێنێتەوە.
١٩بەرهەمی من لە زێڕ باشترە، لە زێڕی بێگەردیش، دەغڵیشم لە زیوی پوختەکراو باشترە.
٢٠بە ڕێچکەی ڕاستودروستیدا دەڕۆم، لەسەر ڕێبازی دادپەروەری،
٢١تاکو سامان بکەمە میرات بۆ ئەوانەی منیان خۆشدەوێت و ئەمبارەکانیان پڕ بکەم.
٢٢«یەزدان لە سەرەتای بەدیهێنانەکەی منی دروستکرد، هەر لە کۆنەوە لەپێش کارەکانی.
٢٣لە ئەزەلەوە من دامەزراوم، لە سەرەتاوە، لەپێش زەوی.
٢٤هێشتا زەریاکان نەببوون من بەدیهێنراوم، هێشتا کانییە پڕ ئاوەکان نەبوون.
٢٥پێش ئەوەی چیاکان بچەسپێن، پێش گردەکان، من بەدیهێنراوم،
٢٦هێشتا نە زەوی و نە پانتاییەکانی دروستکردبوو، نە سەرەتای خۆڵی زەوی.
٢٧کاتێک کە ئاسمانی جێگیر کرد من لەوێ بووم، کاتێک کە هێڵی ئاسۆی بەسەر قووڵاییدا کێشا،
٢٨کاتێک کە هەوری لە ئاسمان ڕاگرت و سەرچاوەی قووڵاییەکانی چەسپاند،
٢٩کاتێک کە سنووری بۆ دەریا کێشا بۆ ئەوەی ئاوەکان فەرمانی ئەو نەشکێنن، کاتێک کە بناغەی زەوی داڕشت.
٣٠لەگەڵ ئەو وەستایەکی لێزان بووم، ڕۆژبەڕۆژ شادمانی ئەو بووم، هەمیشە لەبەردەمیدا دڵخۆش بووم،
٣١لە زەوییە ئاوەدانەکەی دڵخۆش دەبووم، لەگەڵ ئادەمیزاد شادمان بووم.
٣٢«ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن، خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی ڕێگای من دەپارێزن.
٣٣گوێ لە تەمبێکردن بگرن و دانا بن، پشت گوێی مەخەن.
٣٤خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی گوێم لێ دەگرێت، ڕۆژبەڕۆژ لەلای دەرگاکەم ئاگادارە، لەلای دەروازەی دەرگاکەم ئێشک دەگرێت،
٣٥چونکە ئەوەی من بدۆزێتەوە، ژیان دەدۆزێتەوە، ڕەزامەندی یەزدانیش بەدەستدەهێنێت.
٣٦بەڵام ئەوەی من نەدۆزێتەوە زیان بە خۆی دەگەیەنێت، هەموو ئەوانەی ڕقیان لە منە، مردنیان خۆشدەوێت.»