کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەندەکانی سلێمان

پەندەکانی سلێمان ٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١دانایی خانووی خۆی بنیاد ناوە، حەوت کۆڵەکەکەی داتاشیوە.

٢سەربڕدراوەکەی سەربڕیوە و شەرابەکەی تێکەڵ کردووە، هەروەها خوانەکەی ئامادە کردووە.

٣کەنیزەکانی خۆی ناردووە و بانگ دەکات، لەسەر بەرزاییەکانی شار:

٤«کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!» بە تێنەگەیشتووش دەڵێت:

٥«وەرن، لە نانی من بخۆن و لەو شەرابەی تێکەڵم کردووە بخۆنەوە.

٦واز لە ساویلکەیی بهێنن و بژین، بە ڕێگای تێگەیشتندا بڕۆن.»

٧ئەوەی گاڵتەجاڕ تەمبێ بکات شەرمەزاری دەست دەکەوێت، ئەوەی بەدکار سەرزەنشت بکات خۆی لەکەدار دەکات.

٨سەرزەنشتی گاڵتەجاڕ مەکە، نەوەک ڕقی لێت بێتەوە؛ سەرزەنشتی دانا بکە، تۆی خۆشدەوێت.

٩ڕێنمایی دانا بکە، داناتر دەبێت، کەسێکی ڕاستودروست فێر بکە، زاناتر دەبێت.

١٠لەخواترسی سەرەتای داناییە، ناسینی خودای پیرۆزیش تێگەیشتنە،

١١چونکە بە دانایی ڕۆژگارت زیاد دەکات، ساڵانی ژیانت پتر دەبێت.

١٢ئەگەر دانا بیت، داناییەکەت پاداشتت دەداتەوە؛ ئەگەر گاڵتەجاڕ بیت، تەنها لەسەر خۆت دەکەوێت.

١٣گێلایەتی وەک خاتوونێکی بە بۆڵەبۆڵە، ساویلکەیە و هیچ شتێک نازانێت.

١٤لە بەردەرگای ماڵەکەی دادەنیشێت، لەسەر کورسییەک لە بەرزترین شوێنی شار،

١٥بۆ بانگکردنی ڕێبوارەکان، ئەوانەی لە ڕێچکەی خۆیان دەڕۆن:

١٦«کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!» بە تێنەگەیشتووش دەڵێت:

١٧«ئاوی دزراو شیرینە، نانی بە دزی بەتامە.»

١٨بەڵام ئەوان نازانن، خێوەکان لەوێن، میوانەکانی نەزانیش لەناو جەرگەی جیهانی مردوواندان.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.