١پەندەکانی سلێمان: کوڕی دانا باوکی شاد دەکات، بەڵام کوڕی گێل دڵتەنگییە بۆ دایکی.
٢بێ سوودە گەنجینەی داهاتی ناڕەوایی، بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.
٣یەزدان ناهێڵێت ڕاستودروستان تووشی برسیێتی بن، بەڵام ئارەزووی بەدکاران بەتاڵ دەکاتەوە.
٤دەستی تەمبەڵ دەبێتە هۆی هەژاری، بەڵام دەستی کۆڵنەدەر دەوڵەمەندی بەدواوەیە.
٥ئەوەی لە هاوین کۆدەکاتەوە، کوڕێکی وریایە، بەڵام ئەو کوڕەی لە کاتی دروێنەدا دەخەوێت، مایەی شەرمەزارییە.
٦بەرەکەت بۆ سەر ڕاستودروستانە، بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە.
٧یادکردنەوەی ڕاستودروستان بۆ بەرەکەتە، بەڵام ناوی بەدکاران دەڕزێت.
٨ئەوەی دڵی دانا بێت فەرمان وەردەگرێت، بەڵام گێلی زۆربڵێ وێران دەبێت.
٩ئەوەی ڕێگای ڕاست بگرێت ئاسوودە دەبێت، بەڵام ئەوەی ڕێگای خوار بگرێت لێی ئاشکرا دەبێت.
١٠چاوقوچان دەبێتە هۆی ئازار، گێلی زۆربڵێش دەکەوێت.
١١دەمی کەسی ڕاستودروست سەرچاوەی ژیانە، بەڵام دەمی بەدکاران توندڕەوی دەشارێتەوە.
١٢ڕق ناکۆکی دەوروژێنێت، بەڵام خۆشەویستی هەموو یاخیبوونێک دادەپۆشێت.
١٣لە لێوەکانی تێگەیشتوو دانایی هەیە، کوتەکیش بۆ پشتی تێنەگەیشتووانە.
١٤داناکان زانیاری کۆدەکەنەوە، بەڵام دەمی گێل فەوتانێکی نزیکە.
١٥سامانی دەوڵەمەند شاری قەڵابەندیەتی، بەڵام فەوتانی هەژاران نەدارییانە.
١٦کرێی کەسی ڕاستودروست ژیانە، بەڵام داهاتی بەدکار گوناهە.
١٧ئەوەی چاوی لە تەمبێکردنە لەسەر ڕێچکەی ژیانە، بەڵام ئەوەی واز لە سەرزەنشت بهێنێت گومڕا دەبێت.
١٨ئەوەی ڕق بشارێتەوە لێوەکانی درۆ دەکەن، ئەوەی بوختان بڵاو بکاتەوە گێلە.
١٩قسەی زۆر بێ گوناه نابێت، بەڵام ئەوەی زمانی خۆی بگرێت وریایە.
٢٠زمانی کەسی ڕاستودروست زیوی پوختەکراوە، بەڵام دڵی بەدکاران کەم بەهایە.
٢١لێوەکانی کەسی ڕاستودروست ڕابەرایەتی زۆر کەس دەکەن، بەڵام گێلەکان بە تێنەگەیشتوویی دەمرن.
٢٢بەرەکەتی یەزدان دەوڵەمەندی بەدواوەیە و هیچ زەحمەتێکیش ناخاتە پاڵی.
٢٣وەک پێکەنینە بۆ گێل بەدکاری کردن، بەڵام دانایی بۆ کەسی تێگەیشتوو.
٢٤ئەوەی بەدکار لێی دەترسێت، بەسەری دێت، ئەوەی ڕاستودروستانیش ئارەزووی دەکەن، پێیان دەبەخشرێت.
٢٥وەک تێپەڕبوونی گەردەلوول خراپەکاریش ئاوا نامێنێت، بەڵام کەسی ڕاستودروست هەتاهەتایە جێگیر دەبێت.
٢٦وەک سرکە بۆ ددان و دووکەڵ بۆ چاو، کەسی تەمبەڵیش بۆ ئەوانەی دەینێرن ئاوایە.
٢٧لەخواترسی ڕۆژانی ژیانت زیاد دەکات، بەڵام ساڵانی بەدکاران کورت دەبێت.
٢٨هیوای ڕاستودروستان خۆشییە، بەڵام ئاواتی بەدکاران لەناودەچێت.
٢٩ڕێگای یەزدان پەناگایە بۆ ئەوانەی ڕێگای ڕاست بگرن، بەڵام لەناوچوونە بۆ ئەوانەی خراپە دەکەن.
٣٠کەسی ڕاستودروست هەرگیز نالەقێت، بەڵام خراپەکاران لە خاکەکە نیشتەجێ نابن.
٣١دەمی کەسی ڕاستودروست دانایی لێ دەڕوێت، بەڵام زمانی درۆودەلەسە دەبڕدرێتەوە.
٣٢لێوەکانی کەسی ڕاستودروست پەسەندیی دەزانن، بەڵام دەمی بەدکاران درۆودەلەسە.