١تەرازووی لاسەنگ لەلای یەزدان قێزەونە، بەڵام ئارەزووی لە کێشی دروستە.
٢کە لووتبەرزی هات، ڕیسواییش دێت، بەڵام لەگەڵ بێفیزەکان دانایی دێت.
٣ڕاستیی سەرڕاستەکان ڕێنماییان دەکات، بەڵام خواری ناپاکان سەری خۆیان دەخوات.
٤بێ سوودە سامان لە ڕۆژی تووڕەیی، بەڵام ڕاستودروستی فریادەکەوێت لە مردن.
٥ڕاستودروستی ڕێگا بۆ کەسی بێ کەموکوڕی ئاسان دەکات، بەڵام بەدکار بە بەدکاری خۆی دەگلێت.
٦ڕاستودروستی سەرڕاستەکان فریایان دەکەوێت، بەڵام ناپاکان گرفتاری ئارەزووەکانیان دەبن.
٧بە مردنی بەدکار ئومێدی دەبڕێت، هیوای پاڵەوانانیش لەناودەچێت.
٨کەسی ڕاستودروست لە تەنگانەدا دەرباز دەبێت و بەدکار دەگرێتەوە.
٩کەسی دووڕوو بە دەمی دراوسێکەی لەناودەبات، بەڵام ڕاستودروستان بە زانیاری دەرباز دەبن.
١٠بە سەرکەوتنی ڕاستودروستان شار شادمان دەبێت، بە لەناوچوونی بەدکارانیش هاواری خۆشییە.
١١بە بەرەکەتی سەرڕاستەکان شار بەرز دەبێتەوە، بەڵام بە دەمی بەدکاران وێران دەبێت.
١٢ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات تێنەگەیشتووە، بەڵام کەسی تێگەیشتوو بێدەنگ دەبێت.
١٣دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات، بەڵام مرۆڤی دڵسۆز شت دادەپۆشێت.
١٤بێ ڕاوێژ گەل دەکەوێت، بەڵام سەرکەوتن بە زۆری ئامۆژگارانە.
١٥ئەوەی ببێتە کەفیلی بێگانە بێگومان تووشی خراپە دەبێت، بەڵام ئەوەی ڕەتی دەکاتەوە دەست بداتە کارێکی لەو شێوەیە، ئاسوودەیە.
١٦ئافرەتی نەرمونیان ڕێزی دەست دەکەوێت، بەڵام کەسی زۆردار تەنها سامان.
١٧مرۆڤی بە بەزەیی چاکە لەگەڵ خۆی دەکات، بەڵام دڵڕەق خۆی ماندوو دەکات.
١٨خراپەکار کرێیەکەی قەڵبە، بەڵام چێنەری ڕاستودروست پاداشتی مسۆگەرە.
١٩بێگومان ڕاستودروست ژیان بەدەستدەهێنێت، بەڵام ئەوەی شوێن خراپە دەکەوێت، مردنی دەستدەکەوێت.
٢٠قێزی یەزدان لە دڵخراپانە، ڕەزامەندیشی بۆ ڕێ تەواوانە.
٢١بێگومان بەدکار بێ سزا نابێت، بەڵام نەوەی ڕاستودروستان دەرباز دەبن.
٢٢وەک خەزێمی زێڕە بە لووتی بەرازەوە، ئافرەتی جوانی بێ ئەقڵ.
٢٣ئارەزووی ڕاستودروستان تەنها چاکەیە، بەڵام هیوای بەدکاران لە تووڕەییە.
٢٤هەیە بڵاو دەکاتەوە، بۆی زیاد دەکرێت، هەیە لە ڕادەبەدەر دەستی پێوە دەگرێت، بەڵام نەدار دەبێت.
٢٥چاوتێر دەوڵەمەند دەبێت، ئاوگێڕیش ئاوی دەدرێتێ.
٢٦ئەوەی گەنم ئەمبار دەکات و نایفرۆشێت گەل نەفرەتی لێ دەکات، بەڵام بەرەکەت بۆ سەری فرۆشیارە.
٢٧ئەوەی پەرۆشە بۆ چاکە ڕەزامەندی دەست دەکەوێت، بەڵام ئەوەی بەدوای خراپەدا بگەڕێت خراپە دێتە ڕێی.
٢٨ئەوەی پشت بە دەوڵەمەندی خۆی ببەستێت دەکەوێت، ڕاستودروستانیش وەک گەڵا دەپشکوێن.
٢٩ئەوەی ماڵی خۆی ماندوو بکات میراتی با دەبێت، گێلیش دەبێتە نۆکەری دانا.
٣٠بەروبوومی کەسی ڕاستودروست درەختی ژیانە، ئەوەی خەڵک دەباتەوە دانایە.
٣١ئەگەر کەسی ڕاستودروست لەسەر زەوی پاداشت دەکرێت، ئەی چەند زیاتر خراپەکار و گوناهبار!