کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەندەکانی سلێمان

پەندەکانی سلێمان ١٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەوەی حەز لە تەمبێکردن بکات حەز لە زانیاری دەکات، بەڵام ئەوەی ڕقی لە سەرزەنشت بێت دەبەنگە.

٢پیاوچاک ڕەزامەندی یەزدان بەدەستدەهێنێت، بەڵام کەسی تەڵەکەباز تاوانبار دەکرێت.

٣مرۆڤ بە بەدکاری ناچەسپێت، ڕیشەی ڕاستودروستانیش نالەقێت.

٤ئافرەتی خانەدان تاجی سەری مێردەکەیەتی، بەڵام ئافرەتی شەرمەزار وەک کلۆرییە لەناو ئێسقانەکانی.

٥پلانی ڕاستودروستان دادپەروەرییە، بەڵام ڕاوێژی بەدکاران هەڵخەڵەتێنەرە.

٦قسەی بەدکاران بۆسەی خوێنڕشتنە، دەمی سەرڕاستان فریایان دەکەوێت.

٧بەدکاران وەردەگەڕێنەوە و نامێنن، بەڵام ماڵی ڕاستودروستان دەچەسپێت.

٨مرۆڤ بەپێی وریاییەکەی ستایش دەکرێت، بەڵام ئەوەی دڵخراپە ڕیسوا دەبێت.

٩باشترە ساکار بیت و خزمەتکارت هەبێت لەوەی خۆت گەورە دەربخەیت بەڵام نانت نەبێت.

١٠کەسی ڕاستودروست بایەخ بە ئاژەڵەکەی دەدات، بەڵام بەزەیی بەدکاران دڵڕەقییە.

١١ئەوەی ئیش لە زەوی خۆیدا بکات، تێر نان دەبێت، بەڵام ئەوەی دوای هیچوپووچی بکەوێت، تێنەگەیشتووە.

١٢بەدکار حەز لە قازانجی خراپەکاران دەکات، ڕیشەی ڕاستودروستان بەروبووم دەدات.

١٣خراپەکار دەکەوێتە تەڵەی زمانە یاخییەکەی، بەڵام کەسی ڕاستودروست لە تەنگانە دەرباز دەبێت.

١٤مرۆڤ لە بەروبوومی دەمی تێر چاکە دەبێت، پاداشتی ماندووبوونی دەستەکانی وەردەگرێتەوە.

١٥ڕێگای گێل لەبەرچاوی خۆی ڕاستە، بەڵام دانا گوێگری ئامۆژگارییە.

١٦گێل دەستبەجێ تووڕەیی دەردەبڕێت، بەڵام داپۆشەری سووکایەتی ژیرە.

١٧ئەو شایەتەی کە بە ڕاستگۆیی دەدوێت، ڕاستودروستی ڕادەگەیەنێت، بەڵام شایەتی ناڕاست درۆ دەکات.

١٨قسەی هەڵەشانە وەک زەبری شمشێرە، بەڵام زمانی دانایان چاکبوونەوەیە.

١٩لێوی ڕاستگۆ هەتاهەتایە دەچەسپێت، بەڵام زمانی درۆ هەتا چاوتروکانێکە.

٢٠ساختە لە دڵی ئەوانەیە کە پیلانی خراپە دەنێنەوە، بەڵام دڵخۆشی بۆ ڕاوێژکارانی ئاشتییە.

٢١کەسی ڕاستودروست تووشی هیچ ناخۆشییەک نابێت، بەڵام بەدکاران پڕ دەبن لە خراپە.

٢٢قێزی یەزدان لە لێوی درۆیە، بەڵام ئەوانەی بە ڕاستگۆیی کار دەکەن جێی ڕەزامەندی ئەون.

٢٣مرۆڤی ژیر زانیارییەکەی دەپارێزێت، دڵی گێلەکانیش گێلایەتی دەردەبڕێت.

٢٤دەستی تێکۆشەر فەرمانڕەوایەتی دەکات، بەڵام دەستی تەمبەڵ لەژێر بێگاریدا دەبێت.

٢٥نیگەرانی لە دڵی مرۆڤدا دەیچەمێنێتەوە، بەڵام قسەی خۆش شادمانی دەکات.

٢٦کەسی ڕاستودروست ڕاوێژی چاک دەداتە هاوڕێکەی، بەڵام ڕێگای خراپەکاران گومڕایان دەکات.

٢٧مرۆڤی تەمبەڵ نێچیری خۆی ناگرێت، بەڵام مرۆڤی تێکۆشەر نرخی سامانەکەی دەدات.

٢٨لە ڕێچکەی ڕاستودروستی ژیان هەیە، ڕێگای ڕێڕەوەکانی بەرەو نەمرییە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.