١کوڕی دانا تەمبێکردنی باوکی وەردەگرێت، بەڵام گاڵتەجاڕ گوێ لە سەرزەنشت ناگرێت.
٢مرۆڤ لە بەروبوومی دەمی چاکە دەخوات، ناپاکانیش ئارەزوویان توندوتیژییە.
٣ئەوەی ئاگای لە دەمی بێت گیانی خۆی دەپارێزێت، بەڵام ئەوەی زمان درێژی دەکات لەناودەچێت.
٤گیانی تەمبەڵ ئارەزوو دەکات و هیچی دەست ناکەوێت، بەڵام گیانی تێکۆشەر سەرکەوتوو دەبێت.
٥کەسی ڕاستودروست ڕقی لە قسەی درۆیە، بەدکاریش ڕیسوایی و شەرمەزاری دەهێنێت.
٦ڕاستودروستی ئەو کەسە دەپارێزیت کە ڕێگای ڕاستە، خراپەش گوناهبار سەرەوژێر دەکات.
٧هەیە خۆی بە دەوڵەمەند دەردەخات و هیچی نییە، هەشە خۆی بە هەژار دەردەخات و سامانی زۆری هەیە.
٨لەوانەیە مرۆڤ بە سامانەکەی گیانی خۆی بکڕێتەوە، بەڵام هەژار گوێی لە هەڕەشە نابێت.
٩ڕووناکی ڕاستودروستان دەگەشێتەوە، بەڵام چرای بەدکاران دەکوژێتەوە.
١٠لە لووتبەرزییەوە تەنها ناکۆکی پەیدادەبێت، بەڵام لەگەڵ ڕاوێژکاران دانایی.
١١ماڵێک بە ناپاکی پەیداکرابێت، کەم دەکات، بەڵام ئەوەی بە کاری دەست کۆدەبێتەوە، زیاد دەکات.
١٢ئومێدی درێژکراوە دڵ نەخۆش دەکات، ئارەزووی بەدیهاتووش درەختی ژیانە.
١٣ئەوەی سووکایەتی بە فێرکردنەکە بکات خۆی لەناودەبات، بەڵام ئەوەی ڕێزی بۆ ڕاسپاردەکە هەبێت پاداشتی دەدرێتەوە.
١٤فێرکردنەکانی دانا کانی ژیانە، بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن.
١٥تێگەیشتنی باش پەسەندی بەدەستدەهێنێت، بەڵام ڕێگای ناپاکان سەختە.
١٦هەموو کەسێکی ژیر بە زانیارییەوە کار دەکات، بەڵام نەزان گێلایەتی بڵاو دەکاتەوە.
١٧نێردراوی بەدکار دەکەوێتە خراپەوە، پەیامبەری دەستپاکیش چاکبوونەوە دەهێنێت.
١٨هەژاری و ڕیسوایی بۆ ئەوانەیە تەمبێکردن بەلاوە دەنێن، بەڵام ئەوەی سەرزەنشت لەگوێدەگرێت ڕێزدار دەبێت.
١٩ئارەزووی بەدیهاتوو خۆشییە بۆ گیان، بەڵام گێل وا دەزانێت کە لادان لە خراپە شتێکی قێزەونە.
٢٠ئەوەی لەگەڵ دانایان دەڕوات دەبێتە دانا، هاوڕێی گێلەکانیش زیانی پێدەگات.
٢١خراپە دوای گوناهباران دەکەوێت، بەڵام ڕاستودروستان بە چاکە پاداشت دەدرێنەوە.
٢٢پیاوچاک میرات بۆ نەوەکانی بەجێدەهێڵێت، سامانی گوناهبارانیش بۆ ڕاستودروست هەڵدەگیردرێت.
٢٣لەوانەیە زەویی بەیاری هەژاران خواردنی زۆری تێدابێت، بەڵام لەبەر نادادپەروەری دەبردرێت.
٢٤ئەوەی ڕێگا لە کوتەک بگرێت ڕقی لە کوڕەکەیەتی، بەڵام ئەوەی خۆشیبوێت گرنگی بە تەمبێکردنی دەدات.
٢٥کەسی ڕاستودروست دەخوات و تێر دەبێت، بەڵام سکی بەدکاران هەر برسی دەبێت.