کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەندەکانی سلێمان

پەندەکانی سلێمان ١٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ژنی دانا ماڵی خۆی بنیاد دەنێت، گێلیش بە دەستی خۆی کاولی دەکات.

٢ئەوەی ڕاستەڕێیەکەی خۆی بگرێت لەخواترسە، بەڵام ئەوەی ڕێگای خۆی خوار بکاتەوە سووکایەتی پێ دەکات.

٣گێل بە قسەکانی خۆی تووشی گۆچانی سزادان دەبێت، بەڵام دانایان لێوەکانیان دەیانپارێزن.

٤کە مانگا نەبێت ئاخوڕ بەتاڵە، دروێنەی زۆریش بە هێزی گایە.

٥شایەتی دەستپاک درۆ ناکات، بەڵام شایەتی درۆزن درۆ بڵاو دەکاتەوە.

٦گاڵتەجاڕ داوای دانایی دەکات و نایدۆزێتەوە، بەڵام زانیاری بۆ تێگەیشتوو ئاسانە.

٧لەبەردەم کەسی گێل دووربکەوە، چونکە لە لێوەکانی زانیاری نابیستیت.

٨دانایی ژیر تێگەیشتنی ڕێگای خۆیەتی، بەڵام گێلایەتی گێلەکان فریودانە.

٩گێلەکان گاڵتە بە تاوان دەکەن، بەڵام لەنێو سەرڕاستان ڕەزامەندی خودا دەدۆزرێتەوە.

١٠هەر دڵێک تاڵیێتی گیانی خۆی دەزانێت، کەسیش لە خۆشییەکەیدا بەشداری ناکات.

١١ماڵی بەدکارەکان کاول دەبێت، بەڵام ڕەشماڵی سەرڕاستان گەشە دەکات.

١٢ڕێگا هەیە لەبەرچاوی مرۆڤ ڕاست دیارە، بەڵام کۆتاییەکەی بەرەو مردنە.

١٣بگرە لە پێکەنینیشدا دڵ تەنگ دەبێت، لەوانەیە کۆتایی خۆشیش خەم بێت.

١٤کەسی ڕاڕا لە ڕێگای خۆی تێر دەبێت، پیاوچاکیش لەوەی کە هەیەتی.

١٥ساویلکە بە هەموو قسەیەک بڕوا دەکات، بەڵام ژیر دەڕوانێتە هەنگاوەکانی خۆی.

١٦کەسی دانا لە خودا دەترسێت و لە خراپە لادەدات، بەڵام گێل سەرگەرمە و پشت ئەستوورە.

١٧کەسی هەڵەشە ڕەفتاری گێلانە دەکات، پیاوی تەڵەکەبازیش مایەی ڕقە.

١٨ساویلکەکان میراتگری گێلایەتین، بەڵام ژیرەکان سەریان بە زانیاری دەڕازێنرێتەوە.

١٩بەدکاران لەبەردەم پیاوچاکان دەچەمێنەوە، خراپەکارانیش لە بەردەرگای کەسی ڕاستودروست.

٢٠هەژار تەنانەت دراوسێکەشی ڕقی لێی دەبێتەوە، بەڵام دەوڵەمەند دۆستی زۆرە.

٢١ئەوەی سووکایەتی بە دراوسێکەی بکات گوناه دەکات، بەڵام خۆزگە دەخوازرێ بەوەی لەگەڵ هەژاران میهرەبانە.

٢٢ئایا وێڵ نابن ئەوانەی پیلانی خراپە دادەڕێژن؟ بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لەگەڵ ئەوانەیە کە پلانی چاکە دادەڕێژن.

٢٣لە هەموو ماندووبوونێک سوود هەیە، بەڵام تەنها قسەی لێوان بێت بەرەو نەبوونییە.

٢٤دەوڵەمەندی تاجی دانایانە، بەڵام گێلایەتی نادانایان دەڕازێنێتەوە.

٢٥شایەتی ڕاستگۆ دەربازکەری خەڵکە، بەڵام ئەوەی درۆ بڵاو دەکاتەوە تەفرەدەرە.

٢٦ئەوەی لە یەزدان بترسێت دڵنیاییەکی بەهێزی هەیە، بۆ کوڕەکانیشی دەبێتە پەناگا.

٢٧لەخواترسی کانی ژیانە، بۆ دوورکەوتنەوە لە داوی مردن.

٢٨زۆری گەل شکۆمەندییە بۆ پاشا، بەڵام نەمانی گەل شکستی میرە.

٢٩ئەوەی درەنگ تووڕە بێت باش تێدەگات، بەڵام ئەوەی هەڵەشە بێت گێلایەتی دەردەخات.

٣٠دڵی ئارام ژیان بە جەستە دەبەخشێت، بەڵام ئیرەیی ئێسک کلۆر دەکات.

٣١ئەوەی ستەم لە هەژار بکات سووکایەتی بە دروستکەرەکەی دەکات، بەڵام ئەوەی لەگەڵ نەدار میهرەبانە ڕێز لە خودا دەگرێت.

٣٢خراپەکار بە خراپەکانی خۆی دەکەوێنرێت، بەڵام کەسی ڕاستودروست لە مردنیشی پەناگای هەیە.

٣٣دانایی لەناو دڵی کەسی تێگەیشتوو دەحەسێتەوە، هەروەها گێلەکان تەنانەت ناواخنیشیان دەزانرێت.

٣٤ڕاستودروستی نەتەوە بەرز دەکاتەوە، بەڵام گوناه شەرمەزاری گەلانە.

٣٥ڕەزامەندی پاشا بۆ خزمەتکاری وریایە، بەڵام تووڕەبوونی لە خزمەتکاری شەرمەزارە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.