١وەڵامی نەرم تووڕەیی دەڕەوێنێتەوە، بەڵام قسەی بریندارکەر ڕق دەوروژێنێت.
٢زمانی دانایان زانیاری دەڕازێنێتەوە، بەڵام دەمی دەبەنگەکان گێلایەتی لێ هەڵدەقوڵێت.
٣چاوی یەزدان لە هەموو جێگایەکە، چاودێری بەدکاران و پیاوچاکان دەکات.
٤هێمنی زمان درەختی ژیانە، بەڵام خوارکردنەوەی تێکشکانی ڕۆحە.
٥گێل سووکایەتی بە تەمبێکردنی باوکی دەکات، بەڵام ئەوەی چاوی لە سەرزەنشت بێت ژیر دەبێت.
٦لە ماڵی کەسی ڕاستودروست گەنجینەی گەورە هەیە، بەڵام داهاتی بەدکار پشێوییە.
٧لێوی دانایان زانیاری بڵاو دەکەنەوە، بەڵام دڵی گێلەکان ئاوا نییە.
٨قوربانی بەدکاران قێزەونە لەلای یەزدان، بەڵام نوێژی سەرڕاستان خۆشحاڵی دەکات.
٩قێزی یەزدان لە ڕێگای بەدکارە، بەڵام ئەوەی خۆشدەوێت کە دوای ڕاستودروستی کەوتووە.
١٠تەمبێی سەخت بۆ لەڕێ لادەرە، ئەوەی ڕقی لە سەرزەنشتە دەمرێت.
١١جیهانی مردووان و لەناوچوون لەبەردەم یەزدانن، لەوەش زیاتر دڵی ئادەمیزاد!
١٢گاڵتەجاڕ ئەو کەسەی خۆشناوێت کە سەرزەنشتی دەکات، بۆ لای دانایان ناچێت.
١٣دڵی شادمان ڕوو خۆشدەکات، بەڵام بە دڵتەنگی ڕۆح تێکدەشکێت.
١٤دڵی تێگەیشتوو بەدوای زانیاریدا دەگەڕێت، بەڵام دەمی گێلەکان لەسەر گێلایەتی دەلەوەڕێت.
١٥هەموو ڕۆژانی ستەملێکراو سەختە، بەڵام دڵخۆش هەمیشە لەسەر خوانی شادییە.
١٦باشترە کەمت هەبێت لەگەڵ لەخواترسی لە گەنجینەی گەورە لەگەڵ سەرلێشێوان.
١٧باشترە سەوزە خواردن لەو شوێنەی خۆشەویستی لێیە لە گایەکی قەڵەو و ڕقی لەگەڵ بێت.
١٨کەسی سەرگەرم ناکۆکی دەوروژێنێت، بەڵام کەسی هێمن دوژمنایەتی ئارام دەکاتەوە.
١٩ڕێگای تەمبەڵ وەک پەرژینی دڕکە، بەڵام ڕێگای سەرڕاستان تەخت کراوە.
٢٠کوڕی دانا باوکی شاد دەکات، بەڵام گێل دایکی خۆی ڕیسوا دەکات.
٢١گێلایەتی خۆشییە بۆ کەسی تێنەگەیشتوو، بەڵام کەسی تێگەیشتوو بە ڕێکی ڕەفتار دەکات.
٢٢پلان بەبێ ڕاوێژ پووچەڵ دەبێت، بەڵام بە زۆری ڕاوێژکاران سەردەکەوێت.
٢٣دڵخۆشییە بۆ مرۆڤ وەڵامی گونجاو، قسەش لە کاتی خۆیدا چەند باشە!
٢٤ڕێچکەی ژیان بۆ کەسی وریا بەرەو سەرەوەیە، بۆ ئەوەی لە دابەزین بەرەو جیهانی مردووان بیپارێزێت.
٢٥یەزدان ماڵی لووتبەرزان ڕیشەکێش دەکات، بەڵام سنووری ماڵی بێوەژن دەچەسپێنێ.
٢٦قێزی یەزدان لە پیلانی بەدە، بەڵام قسەی شیرین پاکە.
٢٧ئەوەی بەدوای دەستکەوتی ناڕەواوە بێت ماڵی خۆی تێکدەدات، بەڵام ئەوەی ڕقی لە بەرتیل ببێتەوە دەژیێت.
٢٨دڵی کەسی ڕاستودروست بیر لە وەڵام دەکاتەوە، بەڵام دەمی بەدکاران خراپەی لێ هەڵدەڕژێت.
٢٩یەزدان لە بەدکاران دوورە، بەڵام گوێی لە نوێژی ڕاستودروستان دەبێت.
٣٠ڕووناکی چاو دڵ خۆش دەکات، مژدەش ئێسک تەندروست دەکات.
٣١ئەوەی گوێ لە سەرزەنشتی بەرەو ژیان بگرێت لەناو دانایان نیشتەجێ دەبێت.
٣٢پشتگوێخەری تەمبێکردن گیانی خۆی ڕیسوا دەکات، بەڵام ئەوەی گوێ لە سەرزەنشت دەگرێت تێگەیشتنی دەستدەکەوێت.
٣٣لەخواترسیی مرۆڤ بەرەو دانایی دەبات، پێش ڕێزلێنانیش بێفیزییە.