کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەندەکانی سلێمان

پەندەکانی سلێمان ١٦

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١پلانەکانی دڵ هی مرۆڤە، بەڵام وەڵامدانەوەی زمان لە یەزدانەوەیە.

٢هەموو ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی خۆی بێگەردن، بەڵام یەزدان پاڵنەرەکان هەڵدەسەنگێنێت.

٣کارەکانت بە یەزدان بسپێرە، پلانەکانت جێگیر دەبێت.

٤یەزدان بۆ مەبەستی خۆی هەموو شتێکی دروستکردووە، تەنانەت بەدکاریش بۆ ڕۆژی بەڵا.

٥یەزدان قێزی لە هەموو دڵ بەفیزێکە، بێگومان سزادانی لەسەر تێناپەڕێت.

٦بە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی کەفارەت بۆ تاوان دەکرێت، بە لەخواترسیش دوورکەوتنەوە لە خراپە.

٧ئەگەر ڕەفتاری مرۆڤ مایەی ڕەزامەندی یەزدان بێت، وا دەکات تەنانەت دوژمنەکانیشی لەگەڵیدا ئاشت ببنەوە.

٨باشترە کەمت هەبێت بە ڕاستودروستییەوە لەوەی داهاتێکی زۆری بە ناڕەوا.

٩دڵی مرۆڤ پلان بۆ ڕێگای خۆی دادەنێت، بەڵام یەزدان هەنگاوەکانی ئاراستە دەکات.

١٠قسەی پاشا وەک سروشە، دەبێ لە دادوەریدا دەمی ناپاکی نەکات.

١١قەپان و تەرازووی دادپەروەر لە یەزدانەوەیە، هەموو کێشێکی ناو کیسە کاری ئەوە.

١٢قێزی پاشایان لە خراپەکردنە، چونکە بە ڕاستودروستی تەخت دەچەسپێت.

١٣ڕەزامەندی پاشایان لێوی ڕاستودروستە، کەسی ڕاستگۆیان خۆشدەوێت.

١٤تووڕەیی پاشا وەک فریشتەی مەرگە، بەڵام کەسی دانا هێمنی دەکاتەوە.

١٥ڕووناکی ڕووی پاشا ژیانی تێدایە، ڕەزامەندیشی وەک هەورە بارانی بەهارە.

١٦دەستکەوتنی دانایی چەند لە زێڕ باشترە، دەستکەوتنی تێگەیشتنیش لە زیو پەسەندترە.

١٧ڕێگای سەرڕاستان دوورکەوتنەوەیە لە خراپە، ئەوەی ڕێگای خۆی بپارێزێت گیانی خۆی دەپارێزێت.

١٨لەپێش شکان لووتبەرزییە، لەپێش ڕووخانیش ڕۆحزلییە.

١٩باشترە بێفیز بیت و لەگەڵ ستەملێکراوان بیت، لە دابەشکردنی دەستکەوت لەگەڵ لووتبەرزان.

٢٠ئەوەی بایەخ بە ئامۆژگاری بدات چاکەی دەست دەکەوێت، ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت خۆزگەی پێ دەخوازرێت.

٢١ئەوەی لە دڵدا دانا بێت پێی دەگوترێت تێگەیشتوو، شیرینی لێوەکانیش فێربوون زیاد دەکات.

٢٢وریایی سەرچاوەی ژیانە بۆ خاوەنەکەی، بەڵام گێلەکان بە گێلایەتی خۆیان سزا دەدرێن.

٢٣دڵی کەسی دانا ڕێنمایی دەمی دەکات و بەسەر لێوان فێربوون زیاد دەکات.

٢٤قسەی جوان شانەی هەنگوینە، بۆ دەروون شیرینە و بۆ ئێسک چاکبوونەوەیە.

٢٥ڕێگا هەیە لەبەرچاوی مرۆڤ ڕاست دیارە، بەڵام کۆتاییەکەی بەرەو مردنە.

٢٦نەوسی کرێکار بۆ خۆی ڕەنج دەدات، برسیێتییەکەی پاڵی پێوەدەنێت.

٢٧کەسی دڵڕەش کای کۆن بە با دەکات و لەسەر لێوەکانیشی ئاگری کڵپەدارن.

٢٨کەسی درۆزن دووبەرەکی دەوروژێنێت و دەمشڕ دۆستی نزیک لە یەکتر جیا دەکاتەوە.

٢٩کەسی توندڕەو دراوسێی خۆی تەفرە دەدات و بە ڕێگایەکدا دەیبات کە باش نییە.

٣٠ئەوەی چاو دەقوچێنێت پیلان بۆ درۆ دادەڕێژێت، ئەوەی لێوی دەکرۆژێت خراپە بە ئەنجام دەگەیەنێت.

٣١ڕیش سپیێتی تاجی شانازییە، لە ڕێگای ڕاستودروستییەوە دەستدەکەوێت.

٣٢ئەوەی درەنگ تووڕە بێت لە پاڵەوان باشترە، ئەوەی بەسەر خۆیدا زاڵ بێت باشترە لەوەی شارێک دەگرێت.

٣٣تیروپشک هەڵدەدرێتە کۆش، بەڵام هەموو بڕیارێکی لەلایەن یەزدانەوەیە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.