١باشترە پارووێکی وشک بە ئارامییەوە لە ماڵێکی پڕ لە خوانی ئامادەکراو، بە ناکۆکی.
٢بەندەی وریا بەسەر کوڕی شەرمەزاردا زاڵ دەبێت و لەگەڵ برایانی میرات بەشدەکات.
٣بۆتە بۆ زیوە و کوورە بۆ زێڕ، یەزدانیش دڵ تاقی دەکاتەوە.
٤بەدکار گوێ لە لێوی خراپ دەگرێت، درۆزنیش گوێ دەداتە زمانی گرفتخواز.
٥ئەوەی گاڵتە بە هەژار بکات سووکایەتی بە دروستکەرەکەی دەکات، ئەوەی بە بەڵا دڵی خۆشبێت بێ سزا دەرناچێت.
٦منداڵی منداڵ تاجی پیرانە، شانازی کوڕانیش دایک و باوکانن.
٧قسەی نەستەق لە گێل ناوەشێتەوە، لەوەش زیاتر قسەی درۆ لە میر.
٨بەرتیل بەردی گرانبەهایە لەبەرچاوی خاوەنەکەی، ڕوو لە هەر لایەک بکات سەردەکەوێت.
٩ئەوەی تاوان دادەپۆشێت پەرە بە خۆشەویستی دەدات، بەڵام ئەوەی باسی بابەتەکە بکاتەوە دۆستی نزیک لە یەکتر جیا دەکاتەوە.
١٠سەرزەنشتکردنێک بۆ تێگەیشتوو قووڵترە لە سەد جار دارکاریکردن بۆ گێل.
١١کەسی خراپ تەنها داواکاری یاخی بوونە، لەبەر ئەوە نێردراوێکی دڵڕەقی بۆ دەنێردرێت.
١٢باشترە تووشی دەڵەورچێکی سک سووتاو بیت، نەک گێلێک لە گێلایەتییەکەی خۆی.
١٣ئەوەی پاداشتی چاکە بە خراپە بداتەوە، خراپە ماڵی بەرنادات.
١٤دەستپێکردنی ناکۆکی وەک تەقینی بەنداوە، جا پێش ئەوەی ناکۆکییەکە بتەقێتەوە وازی لێبهێنە.
١٥بێتاوانکردنی خراپەکار و تاوانبارکردنی ڕاستودروست، هەردووک قێزەونن لەلای یەزدان.
١٦بۆچی پارە بکەوێتە دەست پیاوی گێل؟ کە ئارەزووی نییە بۆ کڕینی دانایی!
١٧برادەر هەموو کاتێک خۆشەویستی خۆی دەردەبڕێت، براش بۆ تەنگانە لەدایک دەبێت.
١٨کەسی تێنەگەیشتوو تەوقە دەکات و بە تەواوی دەبێتە کەفیلی دراوسێکەی.
١٩ئەوەی حەز لە ناکۆکی بکات حەز لە گوناه دەکات، ئەوەی دەرگای خۆی بڵند بکات داوای شکان دەکات.
٢٠ئەوەی دڵخراپ بێت چاکە نایەتە ڕێی، ئەوەی زمان خوار بێت تووشی خراپە دەبێت.
٢١ئەوەی گێلی ببێت تووشی خەفەت دەبێت، باوکی ڕۆڵەی دەبەنگیش دڵخۆشی نابینێت.
٢٢دڵی شادمان تەندروستی دەبەخشێت، بەڵام ڕۆحی تێکشکاو ئێسک وشک دەکات.
٢٣بەدکار بە نهێنی بەرتیل وەردەگرێت تاکو ڕێچکەی دادپەروەری خوار بکاتەوە.
٢٤کەسی تێگەیشتوو چاوی لەسەر داناییە، بەڵام گێل چاودەبڕێتە ئەوپەڕی زەوی.
٢٥کوڕی گێل خەمە بۆ باوکی و تاڵییە بۆ ئەو دایکەی لێی بووە.
٢٦پێبژاردن بە کەسی ڕاستودروست باش نییە، هەروەها دارکاریکردنی کەسی خانەدان لەبەر دەستپاکی.
٢٧ئەوەی قسەی خۆی ڕاگرێت خاوەن زانیارییە، ئەوەی ڕۆح ئارام بێت پیاوی تێگەیشتنە.
٢٨تەنانەت گێلیش کە بێدەنگ بێت بە دانا دادەنرێت، ئەوەی لێویشی لێک نەکاتەوە بە تێگەیشتوو.