کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەندەکانی سلێمان

پەندەکانی سلێمان ١٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١هەژارێک ڕێگای تەواوەتی گرتبێت باشترە لەوەی زمان خوار و گێلە.

٢دڵگەرمی بەبێ زانیاری باش نییە و ئەوەی پەلە بە پێیەکانی بکات بە هەڵەدا دەچێت.

٣مرۆڤ بە گێلایەتییەکەی ڕێگای خۆی وێران دەکات، کەچی دڵی لە دژی یەزدان هەڵدەچێت.

٤دەوڵەمەندیێتی برادەری زۆر پەیدا دەکات، بەڵام هەژار برادەرەکەشی لێی جیا بووەتەوە.

٥شایەتی درۆزن بێ سزا نابێت، ئەوەی درۆ پەخش دەکات دەرباز نابێت.

٦زۆر کەس هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی میر دەدەن، هەمووش دۆستی پیاوی بەخشندەن.

٧پیاو هەژار بێت براکانی خۆشی ڕقیان لێی دەبێتەوە، لەوەش زیاتر هاوڕێیەکانی لێی دوور دەکەونەوە! بە پاڕانەوەکانی دوایان دەکەوێت، بەڵام بێ سوودە.

٨ئەوەی دانایی دەست بکەوێت خۆی خۆشدەوێت، ئەوەی بایەخ بە تێگەیشتن بدات چاکە دەدۆزێتەوە.

٩شایەتی درۆزن بێ سزا نابێت، ئەوەی درۆ پەخش بکات لەناودەچێت.

١٠گێل خۆشگوزەرانیی لێ ناوەشێتەوە، لەوەش زیاتر دەسەڵاتداربوونی کۆیلە بەسەر میرانەوە.

١١وریایی مرۆڤ تووڕەبوونی خاودەکاتەوە، شانازیشی لێبوردنە لە یاخیبوون.

١٢هەڵچوونی پاشا وەک نەڕەی شێرە، بەڵام ڕەزامەندییەکەی وەک شەونمە بەسەر گیاوە.

١٣کوڕی گێل ماڵوێرانی باوکیەتی، ناکۆکی ژنیش دڵۆپەکردنی بەردەوامە.

١٤ماڵ و سامان میراتی باوکانە، بەڵام ژنی وریا لەلایەن یەزدانەوەیە.

١٥تەمبەڵی خەوی قووڵ دەهێنێت، کەسی سست برسی دەبێت.

١٦ئەوەی ڕاسپاردە بپارێزێت گیانی خۆی دەپارێزێت، بەڵام ئەوەی بە سووکی بڕوانێتە ڕێگای خۆی لەناودەچێت.

١٧ئەوەی بەزەیی بە هەژاردا بێتەوە قەرز بە یەزدان دەدات، ئەویش پاداشتی چاکەکەی دەداتەوە.

١٨کوڕەکەت تەمبێ بکە ئەوەندەی ئومێدی تێدایە، مەبە هۆکاری مردنی.

١٩ئەوەی زۆر تووڕە بێت بەرگەی ئەنجامەکەی دەگرێت، چونکە ئەگەر جارێک فریای بکەویت دەبێت دووبارەی بکەیتەوە.

٢٠گوێ لە ڕاوێژ بگرە و تەمبێکردن وەربگرە، بۆ ئەوەی دانا بیت لە دواڕۆژت.

٢١مرۆڤ پلانی زۆری لە دڵدایە، بەڵام تەنها ڕاوێژی یەزدان دەچەسپێت.

٢٢ئارەزووی مرۆڤ لە خۆشەویستی نەگۆڕە، هەژار لە پیاوی درۆزن باشترە.

٢٣لەخواترسی بۆ ژیانە، بە تێری دەنوێت و خراپە بەسەری ناکاتەوە.

٢٤تەمبەڵ دەست دەخاتە ناو قاپ، تەنانەت بۆ دەمیشی نابات.

٢٥لە گاڵتەجاڕ بدە و ساویلکە ژیر دەبێت، تێگەیشتوو سەرزەنشت بکە زانیاری تێدەگات.

٢٦ئەوەی باوکی تاڵان بکات و دایکی دەربکات، کوڕێکە مایەی شەرمەزاری و ڕیسوایی.

٢٧ڕۆڵە، ئەگەر وازت لە گوێگرتن لە ڕاوێژ هێنا، لە وتەکانی زانیاری گومڕا دەبیت.

٢٨شایەتی دڵڕەش گاڵتە بە دادپەروەری دەکات، دەمی بەدکارانیش تاوان قووت دەدات.

٢٩سزا بۆ گاڵتەجاڕەکان ئامادەکراوە، لێدانیش بۆ پشتی گێلەکان.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.