١شەراب گاڵتەجاڕە و مەستی غەڵبەغەڵب دەکات، ئەوەی پێی وێڵ بێت دانا نییە.
٢هەڵچوونی پاشا وەک نەڕەی شێرە، ئەوەی تووڕەیی بکات لە دژی گیانی خۆی تاوان دەکات.
٣وازهێنان لە ناکۆکی ڕێزدارییە بۆ پیاو، بەڵام هەموو گێلێک هەڵیدەگیرسێنێت.
٤لە زستاندا تەمبەڵ زەوی ناکێڵێت، بۆیە لە کاتی دروێنەدا داوای بەرهەم دەکات و دەستی ناکەوێت.
٥پلان لە دڵی مرۆڤدا ئاوێکی قووڵە، بەڵام تێگەیشتوو دەریدەهێنێت.
٦زۆر کەس بانگەشەی خۆشەویستی نەگۆڕ دەکەن، بەڵام کەسی جێگای متمانە کێ دەیدۆزێتەوە؟
٧کەسی ڕاستودروست بە ڕێگای تەواوی خۆیدا دەڕوات، دوای خۆی خۆزگە بە منداڵەکانی دەخوازرێت.
٨پاشای دانیشتوو لەسەر تەختی دادوەری، بە چاوەکانی هەموو خراپەیەک شەن دەکات.
٩کێیە دەڵێت: «دڵی خۆمم بێگەرد ڕاگرت، پاک بوومەوە لە گوناهم»؟
١٠دوو کێش و دوو پێوانەی لاسەنگ، هەردووکیان قێزەونن لەلای یەزدان.
١١تەنانەت منداڵیش بە کردارەکانی دەناسرێت، ئاخۆ کردەوەکەی پاک و ڕاستە.
١٢گوێ کە دەبیستێت و چاو کە دەبینێت، یەزدان دروستکەری هەردووکیانە.
١٣حەز لە خەو مەکە نەوەک هەژار بیت، چاوت کراوە بێت و تێر نان بە.
١٤کڕیار دەڵێت: «خراپە، خراپە!» بەڵام کە ڕۆیشت شانازی پێوە دەکات.
١٥زێڕ هەیە و یاقووت زۆرە، بەڵام لێوی زانیاری گەوهەرێکی بەهادارە.
١٦ئەگەر کەسێک بووە کەفیلی نامۆیەک کەواکەی لێ وەربگرە، لەبەر بێگانەکە بارمتەی لێ وەربگرە.
١٧بەتامە بۆ مرۆڤ نانی بە فێڵ، بەڵام دواتر دەمی پڕ دەبێت لە چەو.
١٨پلانەکان بە ئامۆژگاری دێنە دی، بە ڕاوێژ بجەنگە.
١٩دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات، بۆیە تێکەڵی چەنەباز مەبە.
٢٠ئەوەی نەفرەت لە دایک و باوکی بکات، لەناو جەرگەی تاریکیدا چرای دەکوژرێتەوە.
٢١میراتێک لە سەرەتای ژیان و بە زوویی دەست بکەوێت لە کۆتاییدا بێ بەرەکەت دەبێت.
٢٢مەڵێ: «خراپە بە خراپە دەدەمەوە.» چاوەڕێی یەزدان بکە ڕزگارت دەکات.
٢٣یەزدان قێزی لە بەکارهێنانی دوو کێشی جیاواز دەبێتەوە، تەرازووی لاسەنگ باش نییە.
٢٤هەنگاوەکانی مرۆڤ لە یەزدانەوەیە، ئیتر مرۆڤ چۆن لە ڕێگای خۆی تێدەگات؟
٢٥تەڵەیە بۆ مرۆڤ بە سەرەڕۆیی نەزرێک تەرخان بکات، ئینجا پاش نەزرەکە پرسوڕا بکات.
٢٦پاشای دانا بەدکاران شەن دەکات، بە جەنجەڕ بەسەریاندا دێت.
٢٧چرای یەزدان ڕۆحی مرۆڤ دەپشکنێت، هەروەها هەموو ناخی دەروونیش.
٢٨خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی پاشا دەپارێزن، بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەختی دەچەسپێت.
٢٩شانازی لاوان هێزیانە، ڕیش سپیێتیش شکۆمەندی پیرانە.
٣٠برینی لێدان خراپە پاک دەکاتەوە، لێدانی قامچیش ناخی دەروون.