کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەندەکانی سلێمان

پەندەکانی سلێمان ٢١

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١دڵی پاشا لەناو دەستی یەزدان جۆگەی ئاوە، بۆ کوێ بیەوێت ئاراستەی دەکات.

٢هەموو ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی خۆی ڕاستە، بەڵام یەزدان دڵەکان هەڵدەسەنگێنێت.

٣کارکردن بە ڕاستودروستی و دادپەروەری لەلای یەزدان لە قوربانی سەربڕین پەسەندترە.

٤چاوی بەفیز و دڵی لەخۆبایی، ئەمانە چرای بەدکارانن و گوناهن.

٥بێگومان پلانی مرۆڤی تێکۆشەر بەرەو پڕییە، هەموو هەڵەشەییەکیش بەرەو نەبوونییە.

٦کۆکردنەوەی سامان بە زمانی درۆ هەڵمە دەڕەوێتەوە و تەڵەی مردنە.

٧زۆرداری بەدکارەکان ڕایاندەماڵێت، چونکە ڕەتیان کردەوە دادپەروەری بکەن.

٨ڕێگای پیاوی تاوانبار خوارە، بەڵام کەسی پاک کرداری ڕاستە.

٩باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت، نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی.

١٠کەسی بەدکار ئارەزووی خراپە دەکات، دراوسێکەی بەزەیی لێی نابینێت.

١١بە سزادانی گاڵتەجاڕ ساویلکە دانا دەبێت، بە فێرکردنی داناش زانیاری وەردەگرێت.

١٢خودای ڕاستودروست سەرنج دەداتە ماڵی خراپەکار، خراپەکاران لە خراپە سەرەوژێر دەکات.

١٣ئەوەی گوێی خۆی لە هاواری هەژاران کەڕ بکات، ئەویش هاوار دەکات و وەڵام نادرێتەوە.

١٤دیاری بە نهێنی تووڕەیی سارد دەکاتەوە، بەرتیلی ناو باخەڵیش هەڵچوونی توند.

١٥ئەنجامدانی دادپەروەری دڵخۆشی ڕاستودروستانە، بەڵام تۆقاندنی بەدکارانە.

١٦پیاو لە ڕێگای وریایی وێڵ بێت لەناو کۆمەڵی مردووان پاڵدەداتەوە.

١٧ئەوەی حەزی لە ڕابواردن بێت هەژار دەبێت، ئەوەی حەز لە شەراب و ڕۆن بکات دەوڵەمەند نابێت.

١٨بەدکار دەبێتە قوربانی بۆ کەسی ڕاستودروست، ناپاکانیش بۆ سەرڕاستان.

١٩باشترە لە چۆڵەوانی نیشتەجێ بیت، نەک لەگەڵ ئافرەتێکی شەڕانی و تووڕە.

٢٠گەنجینەی خۆراکی باش و ڕۆن لە ماڵی کەسی دانا هەیە، بەڵام کەسی گێل هەڵدەلووشێت.

٢١ئەوەی دوای ڕاستودروستی و خۆشەویستی نەگۆڕ بکەوێت، ژیان و ڕاستودروستی و ڕێزداری دەدۆزێتەوە.

٢٢پیاوی دانا بە شاری پاڵەوانەکاندا هەڵدەگەڕێت و قەڵا پشتبەستەکەیان وێران دەکات.

٢٣ئەوەی دەم و زمانی خۆی بپارێزێت، خۆی لە تەنگانە دەپارێزێت.

٢٤لووتبەرز و لەخۆبایی بە گاڵتەجاڕ ناودەبردرێت، بە لێشاوی لووتبەرزییەوە ڕەفتار دەکات.

٢٥ئارەزووی کەسی تەمبەڵ دەیکوژێت، چونکە دەستەکانی ئیش ڕەت دەکەنەوە،

٢٦بە درێژایی ڕۆژ تامەزرۆی ئارەزووە، بەڵام کەسی ڕاستودروست دەبەخشێت و دەستی پێوە ناگرێت.

٢٧قوربانی بەدکاران قێزەونە، لەوەش زیاتر ئەگەر بە نیازێکی خراپەوە بیکات!

٢٨شایەتی درۆزن لەناودەچێت، بەڵام شایەتیی گوێگری وریا دەچەسپێت.

٢٩پیاوی بەدکار ناوچەوانی خۆی گرژ دەکات، بەڵام سەرڕاست ئاگای لە ڕێگای خۆیەتی.

٣٠دانایی و تێگەیشتن و ڕاوێژ نییە لە دژی یەزدان سەربکەوێت.

٣١ئەسپ ئامادەیە بۆ ڕۆژی جەنگ، بەڵام ڕزگاری لە یەزدانەوەیە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.