کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەندەکانی سلێمان

پەندەکانی سلێمان ٢٢

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ناوبانگی چاک لە دەوڵەمەندی گەورە خوازراوترە، ڕێزیش لە زێڕ و زیو باشترە.

٢دەوڵەمەند و هەژار لەمەدا یەکدەگرنەوە، دروستکەری هەردووکیان یەزدانە.

٣ژیر خراپە دەبینێت و خۆی دەشارێتەوە، بەڵام ساویلکە مل پێوەدەنێت و سزا دەدرێ.

٤پاداشتی بێفیزی و لەخواترسی دەوڵەمەندی و ڕێزداری و ژیانە.

٥چقڵ و تەڵە لە ڕێگای پیاوی خواردایە، بەڵام ئەوەی خۆی بپارێزێت لێی دوور دەکەوێتەوە.

٦منداڵ لەسەر ئەو ڕێگایە ڕابهێنە کە پێویستە بیگرێت، پیریش بێت لێی لا نادات.

٧دەوڵەمەند بەسەر هەژاردا حوکم دەکات، قەرزاریش کۆیلەی خاوەن قەرزە.

٨ئەوەی ناڕەوایی بچێنێت دروێنەی خراپە دەکات، کوتەکی تووڕەییشی دەفەوتێت.

٩ئەوەی چاوتێر بێت بەرەکەتدار دەبێت، چونکە لە نانی خۆی دەداتە هەژار.

١٠گاڵتەجاڕ دەربکە، ناکۆکی دەڕوات، دووبەرەکی و ڕیسواییش نامێنێت.

١١ئەوەی حەزی لە دڵپاکی بێت و قسەی شیرین بێت، پاشا دەبێتە دۆستی.

١٢چاوی یەزدان چاودێری زانیاری دەکات، بەڵام قسەی ناپاکان سەرەوژێر دەکات.

١٣تەمبەڵ دەڵێت: «شێرێک لە دەرەوەیە! ئەگەر بچمە گۆڕەپانەکان دەکوژرێم!»

١٤دەمی ژنی بەدڕەوشت چاڵێکی قووڵە، ئەوەی بەر تووڕەیی یەزدان بکەوێت دەکەوێتە ناوی.

١٥گێلی بە دڵی منداڵەوە گرێدراوە، بەڵام گۆچانی تەمبێکردن دووری دەخاتەوە لێی.

١٦ئەوەی زۆرداری لە هەژار بکات بۆ ئەوەی بۆ خۆی زیاد بکات و ئەوەی بە دەوڵەمەند ببەخشێت، بێگومان هەردووکیان بەرەو نەبوونییە.

١٧گوێ شل بکە و قسەی دانایان ببیستە، دڵت بدە زانیاری من،

١٨چونکە جوانە ئەگەر لە ناختدا هەڵیبگریت و تێکڕا لەسەر لێوەکانت بچەسپێن.

١٩بۆ ئەوەی پشتبەستنت بە یەزدان بێت، ئەمڕۆ تۆ فێر دەکەم، بەڵێ تۆ.

٢٠ئایا سی پەندم بۆ نەنووسیوی سەبارەت بە ڕاوێژ و زانیاری،

٢١بۆ ئەوەی دروستی قسەی ڕاستیت فێر بکەم، هەتا وەڵامە ڕاستییەکان بدەیتەوە ئەوانەی کە تۆیان ناردووە؟

٢٢هەژار تاڵان مەکە لەبەر هەژارییەکەی و نەبوون وردوخاش مەکە لە دادگا،

٢٣چونکە یەزدان بەرگری لە کێشەکەیان دەکات و ئەوانەی تاڵانیان دەکەن گیانیان تاڵان دەکات.

٢٤مەبە برادەری کەسی تووڕە، هاوڕێیەتی کەسی هەڵچوو مەکە،

٢٥نەوەک لە ڕێچکەی ئەوان ڕابێیت، خۆت تووشی تەڵە بکەیت.

٢٦لەوانە مەبە کە تەوقە دەکەن، دەستەبەری قەرزی خەڵک مەکە.

٢٧ئەگەر نەتبوو بیدەیتەوە، بۆچی نوێنەکەی ژێرت ببردرێت.

٢٨سنووری کۆن مەگوازەوە، ئەوەی باوباپیرانت دایانناوە.

٢٩ئایا ئەو کەسەت بینیوە بە دەستوبردە لە کارەکەی؟ لەبەردەم پاشاکان ڕادەوەستێت، نەک لەبەردەم خەڵکی بێ ناوبانگ.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.