کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەندەکانی سلێمان

پەندەکانی سلێمان ٢٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١کە دانیشتی لەگەڵ فەرمانڕەوایەک نان بخۆیت، باش وردبەرەوە لەوەی لەپێشتە،

٢چەقۆیەکیش لەناو گەرووت دابنێ، ئەگەر تۆ نەوسنی.

٣ئارەزووی خواردنە خۆشەکانی مەکە، چونکە ئەم نانە بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنە.

٤خۆت ماندوو مەکە بۆ ئەوەی دەوڵەمەند بیت، بە تێگەیشتنەوە وازی لێ بهێنە.

٥چاو لە دەوڵەمەندی دەبڕیت و نییە، چونکە بێگومان باڵ دەگرێت، وەک هەڵۆ بەرەو ئاسمان دەفڕێت.

٦نانی کەسی بەرچاوتەنگ مەخۆ، ئارەزووی خواردنە خۆشەکانی مەکە.

٧لەبەر ئەوەی جۆرە کەسێکە هەردەم بیری لەلای تێچوونەکانە، پێت دەڵێت: «بخۆ و بنۆشە.» بەڵام دڵی لەگەڵت نییە.

٨ئەو پارووەی خواردووتە دەیڕشێنیتەوە و قسە شیرینەکانت بە با دەدەیت.

٩قسە بۆ گێل مەکە، چونکە گاڵتەی بە دانایی قسەکانت دێت.

١٠سنوورە کۆنەکان مەگوازەوە، هەروەها مەچووە ناو کێڵگەی هەتیوان،

١١چونکە ئەوەی دەیانپارێزێت بە توانایە، ئەو بەرگری لە کێشەکەیان دەکات لە دژی تۆ.

١٢دڵت ئاراستەی فێربوون بکە و گوێشت بەرەو قسەی زانیاری.

١٣ڕێگری لە تەمبێکردنی منداڵ مەکە، ئەگەر بە گۆچان لێی بدەیت نامرێت.

١٤تۆ بە گۆچان لێی بدەیت، گیانی لە مردن دەرباز دەبێت.

١٥ڕۆڵە، ئەگەر دڵت دانایە، منیش دڵم خۆش دەبێت.

١٦ناخم شادمان دەبێت، کە لێوەکانت ڕاستییەکان دەڵێن.

١٧دڵت ئیرەیی بە گوناهباران نەبات، بەڵکو بە درێژایی ڕۆژ بە پەرۆش بە بۆ لەخواترسی.

١٨بێگومان دواڕۆژت دەبێت، ئومێدی تۆ نابڕێت.

١٩ڕۆڵە، تۆ گوێ بگرە و دانا بە، دڵت بەرەو ڕێگای ڕاستی ئاراستە بکە.

٢٠لەوانە مەبە کە شەراب زۆر دەخۆنەوە، یان ئەوانەی گۆشت زۆر دەخۆن،

٢١چونکە مەیخۆر و زۆر خۆر هەژار دەبن، ئەوەی زۆر بخەوێت پینەوپەڕۆ لەبەر دەکات.

٢٢گوێ لە باوکت بگرە کە تۆی خستووەتەوە، دایکت کە پیر بوو گاڵتەی پێ مەکە.

٢٣ڕاستی بکڕە و مەیفرۆشە، هەروەها دانایی و تەمبێکردن و تێگەیشتن.

٢٤باوکی کەسی ڕاستودروست زۆر دڵخۆش دەبێت، ئەوەی کوڕێکی دانای ببێت پێی شادمان دەبێت.

٢٥با دایک و باوکت شادمان بن، ئەوەی تۆی بووە دڵخۆش بێت.

٢٦ڕۆڵە، دڵی خۆتم بدەرێ، با چاوەکانت لەسەر ڕێگاکانم بێت،

٢٧چونکە لەشفرۆش چاڵێکی قووڵە و ژنی داوێنپیس بیرێکی تەنگە.

٢٨تەنانەت ئەویش وەک چەتە لە بۆسەدا دەبێت، ناپاک لەنێو خەڵک زۆر دەکات.

٢٩واوەیلا بۆ کێیە؟ پەژارەیی بۆ کێیە؟ ناکۆکی بۆ کێیە؟ سکاڵاکردن بۆ کێیە؟ برینی بەخۆڕایی بۆ کێیە؟ چاو سووربوونەوە بۆ کێیە؟

٣٠بۆ ئەوانەی بە دیار شەرابەوە لەنگەر دەگرن، ئەوانەی شەرابی تێکەڵاو تاقی دەکەنەوە.

٣١تەماشای شەراب مەکە بە ڕەنگی سووری، کە لەناو جام پڕشنگی داوە، بە سووکی دەچێتە خوارەوە!

٣٢لە کۆتاییەکەی وەک مار دەتگەزێت و وەک توولەمار پێتەوەدەدات.

٣٣چاوەکانت شتی نامۆ دەبینن و وڕێنەی سەیر و سەمەرە دەکەیت.

٣٤وەک یەکێک دەبیت لەناو دڵی دەریا پاڵکەوتبێت، یان وەک یەکێک بەسەر دارئاڵای کەشتییەوە پاڵکەوتبێت.

٣٥دەڵێی: «لێیان دام، ئازارم نەبوو! کوتامیان، نەمزانی! کەی بە هۆش خۆم دێمەوە، هەتا بەردەوام بم و بخۆمەوە؟»

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.