کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەندەکانی سلێمان

پەندەکانی سلێمان ٢٤

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئیرەیی بە پیاوخراپان مەبە، ئارەزوو مەکە لەگەڵیاندا بیت،

٢چونکە دڵیان پیلانی زۆرداری دەکێشێت و لێوەکانیان باسی گرفتنانەوە دەکەن.

٣بە دانایی ماڵ بنیاد دەنرێت، بە تێگەیشتنیش دەچەسپێت،

٤بە زانیاریش ژوورەکان پڕ دەبن لە هەموو گەنجینەیەکی بە نرخ و جوان.

٥پیاوی دانا بەتوانایە، کەسی زانا هێزی زیاد دەبێت.

٦بێگومان بە ڕاوێژەوە شەڕ دەکەیت، سەرکەوتنیش بە زۆری ئامۆژگارانە.

٧دانایی بەرزە بۆ گێل، لە کۆڕی ناو دەروازەدا دەمی لێک ناکاتەوە.

٨ئەوەی بیر لە خراپە بکاتەوە، بە تەڵەکەباز ناودەبردرێت.

٩پیلانی گێلایەتی گوناهە، خەڵک قێزیان لە گاڵتەجاڕە.

١٠ئەگەر ورە بەردەیت لە ڕۆژی تەنگانە، بێ هێزیت!

١١ئەوانە دەرباز بکە کە بۆ مردن دەبردرێن و لەوانەی بۆ سەربڕین پاڵخراون، کەمتەرخەم مەبە.

١٢ئەگەر بڵێی: «ئەوەتا ئەمەم نەزانیوە،» ئایا هەڵسەنگێنەری دڵەکان تێناگات؟ ئەوەی گیانت دەپارێزێت ئایا نازانێت؟ ئایا سزای مرۆڤ بەپێی کردەوەکانی ناداتەوە؟

١٣ڕۆڵە، هەنگوین بخۆ، چونکە باشە و شیلەی هەنگوین لە گەرووت شیرینە،

١٤هەروەها بزانە دانایی بۆ گیانت بەم جۆرەیە. ئەگەر دانایی بدۆزیتەوە دواڕۆژت دەبێت و ئومێدبڕ نابیت.

١٥وەک خراپەکار خۆت مەڵاس مەدە بۆ ماڵی کەسی ڕاستودروست، هەڵمەکوتە سەر جێی حەسانەوەی،

١٦چونکە کەسی ڕاستودروست حەوت جار دەکەوێت و هەڵدەستێتەوە، بەڵام کارەسات بەدکاران تێکدەشکێنێت.

١٧بە ساتمەکردنی دوژمنت شاد مەبە، بە کەوتنیشی دڵت خۆش نەبێت،

١٨نەوەک یەزدان ببینێت و بەلایەوە خراپ بێت، جا تووڕەیی خۆی لێ بگێڕێتەوە.

١٩مەراق لە خراپەکاران مەخۆ، ئیرەیی بە بەدکاران مەبە،

٢٠چونکە خراپەکار دواڕۆژی نابێت و چرای بەدکاران دەکوژێتەوە.

٢١ڕۆڵە، لە یەزدان و پاشا بترسە، تێکەڵی یاخیبووەکان مەبە،

٢٢چونکە بەڵایان لەپڕ دێت، بەڵای هەردووکیان کێ دەیزانێت؟

٢٣هەروەها ئەمەش قسەی دانایانە: لایەنگریکردن لە دادوەری باش نییە.

٢٤ئەوەی بە بەدکار بڵێت: «تۆ بێتاوانی،» گەلان نەفرەتی لێ دەکەن و نەتەوەکان تاوانباری دەکەن.

٢٥بەڵام ئەوانەی بەدکار تاوانبار دەکەن دەکەونە خۆشی و بەرەکەتی باشیان بەسەردا دەڕژێت.

٢٦وەڵامی ڕاست وەک ماچی لێوە.

٢٧کاروباری خۆت لە دەرەوە ڕاپەڕێنە و لە کێڵگەکەت ئامادەی بکە، دوای ئەمە ماڵی خۆت بنیاد بنێ.

٢٨بەبێ هۆ لە دژی دراوسێکەت شایەتی مەدە، بە لێوەکانت فێڵ مەکە.

٢٩مەڵێ: «چی لێکردووم، ئاوای لێ دەکەم، سزای ئەو پیاوە بەپێی کردەوەکەی دەدەمەوە.»

٣٠بەلای کێڵگەی پیاوی تەمبەڵ تێپەڕیم، بەلای ڕەزەمێوی کەسی تێنەگەیشتووش.

٣١چقڵ هەمووی داگرتبوو، گەزگەزکە هەمووی داپۆشی بوو، کەڵەکە بەردەکانی ڕووخابوو.

٣٢تەماشام کرد و لە دڵی خۆمدا لێکم دایەوە، بینیم و وانەم لێ وەرگرت:

٣٣کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون، کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان،

٣٤ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت، نەبوونیشت وەک چەکدار.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.