کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەندەکانی سلێمان

پەندەکانی سلێمان ٢٥

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەمانەش هەر پەندی سلێمانن کە پیاوەکانی حەزقیای پاشای یەهودا نووسیویانەتەوە:

٢شکۆمەندیی خودا لە شاردنەوەی بابەتدایە، شکۆمەندیی پاشایانیش لە لێکۆڵینەوەی بابەتدایە.

٣هەروەک ئاسمان بۆ بەرزییە و زەوی بۆ قووڵییە، دڵی پاشایانیش ناپشکنرێت.

٤خڵت لە زیو داماڵە، ئەو کاتە دەتوانرێت کەرەستەی لێ دروستبکرێت.

٥بەدکار لەبەردەم پاشا داماڵە، بە ڕاستودروستی تەختەکەی دەچەسپێت.

٦لەبەردەم پاشا خۆت بەرز مەکەرەوە، لە شوێنی گەورە پیاوان ڕامەوەستە.

٧وا چاکترە پێت بگوترێت: «سەربکەوە بۆ ئێرە،» نەک لەلای میر تەریق بیتەوە. ئەوەی بە چاوی خۆت بینیت،

٨خێرا مەیبە بۆ دادگا، چونکە لە کۆتاییەکەی چی دەکەیت ئەگەر دراوسێکەت شەرمەزاری کردیت؟

٩کە باسی کێشەکەت دەکەیت لەگەڵ دراوسێکەت، نهێنی خەڵکی دیکە مەدرکێنە،

١٠نەوەک گوێگرێک شەرمەزارت بکات، جا ناوە زڕاوەکەت لێ نابێتەوە.

١١سێوێکی زێڕە و لە زیو گیراوە، ئەو قسەیەی لە کاتی خۆیدا دەکرێت.

١٢وەک گوارەی زێڕە و خشڵی زێڕی بێگەردە، سەرزەنشتی دانا بۆ گوێی بیسەر.

١٣وەک ساردی بەفرە لە ڕۆژی دروێنەدا، نوێنەری دەستپاک بۆ ئەوانەی دەینێرن، دڵی گەورەکانی فێنک دەکاتەوە.

١٤هەور و بای بێ بارانە، ئەوەی شانازی بە دیاری بکات و نەیبەخشێت.

١٥بە نەسرەوتن فەرمانڕەوا قایل دەکرێت، زمانی نەرمیش ئێسک دەشکێنێت.

١٦ئەگەر هەنگوینت دۆزییەوە بەگوێرەی پێویست بیخۆ، ئەگینا پڕ دەبیت و دەیڕشێنیتەوە.

١٧بە کەمی پێت لە ماڵی دراوسێکەت دابنێ، ئەگینا لێت تێر دەبێت و ڕقی لێت دەبێتەوە.

١٨وەک کوتەک و شمشێر و تیری تیژە، ئەوەی شایەتی درۆ لەسەر دراوسێکەی بدات.

١٩وەک ددانی کلۆر و قاچی لەجێ چووە، پشتبەستن بە ناپاک لە ڕۆژی تەنگانەدا.

٢٠وەک داکەندنی بەرگ لە ڕۆژی سەرمادا، یان سرکەیە بەسەر سۆدەدا، چڕینی گۆرانی بۆ دڵتەنگ.

٢١ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو نانی دەرخوارد بدە، ئەگەر تینووی بوو ئاوی بدەرێ.

٢٢بەمە پشکۆ لەسەر سەری کەڵەکە دەکەیت، یەزدانیش پاداشتت دەداتەوە.

٢٣بای باکوور باران دەهێنێت، زمانی پاشملەش ڕووی گرژ.

٢٤باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت، نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی.

٢٥وەک ئاوی ساردە بۆ گیانێکی شەکەت، هەواڵی خۆش لە وڵاتێکی دوور.

٢٦وەک کانییەکی لێڵ و بیرێکی بۆگەنە، ئەو کەسە ڕاستودروستەی لەبەردەم بەدکار کۆڵ دەدات.

٢٧زۆر خواردنی هەنگوین باش نییە، ڕێزدار نابێت ئەوەی داوای ڕێزلێنان بۆ خۆی دەکات.

٢٨وەک شارێکی ڕووخاوی بێ شوورایە، ئەو پیاوەی بەسەر خۆیدا زاڵ نەبێت.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.