١وەک بەفر لە هاوین و باران لە کاتی دروێنەدا، ئاواش ڕێزلێنان لە گێل ناوەشێتەوە.
٢وەک چۆلەکەی فڕیو و پەڕەسێلکەی باڵگرتوو، ئاواشە نەفرەت بەبێ هۆ نایێت.
٣قامچی بۆ ئەسپ و لغاو بۆ گوێدرێژە، کوتەکیش بۆ پشتی گێلەکانە.
٤وەڵامی گێل مەدەوە بەپێی گێلایەتییەکەی، نەوەک تۆش وەک ئەوت لێ بێت.
٥وەڵامی گێل بدەوە بەپێی گێلایەتییەکەی، نەوەک لەبەرچاوی خۆی ببێت بە دانا.
٦وەک بڕینەوەی قاچەکانی خۆیەتی و نۆشینی ستەمە، ئەوەی بە دەستی گێل پەیام بنێرێت.
٧وەک شۆڕبوونەوەی قاچەکانی گۆجە، پەند لە دەمی گێلەکان.
٨وەک گرێدانی بەرد بە بەردەقانییەوە، ئەوەی ڕێز لە گێل دەگرێت.
٩وەک دڕکە لە دەستی سەرخۆش، پەند لە دەمی گێلەکان.
١٠وەک تیرهاوێژێکە کوێرانە لە خەڵک بگرێت، بەکرێگری گێل و ڕێبوار.
١١وەک سەگ بگەڕێتەوە سەر ڕشانەوەکەی، گێلیش گێلایەتییەکەی دووبارەی دەکاتەوە.
١٢کەست بینیوە لەبەرچاوی خۆی دانا بێت؟ گێل لەو زیاتر ئومێدی پێ دەکرێت.
١٣تەمبەڵ دەڵێت: «شێر لەسەر ڕێگایە، نەڕەشێر لەنێو گۆڕەپانەکانە.»
١٤دەرگا لەسەر ڕێزە دەسووڕێتەوە، تەمبەڵیش لەناو نوێنەکەی.
١٥تەمبەڵ دەست دەخاتە ناو قاپ، زەحمەتە بۆی بیباتە ناو دەمی.
١٦تەمبەڵ لەبەرچاوی خۆی داناترە لە حەوت کەس کە وەڵامی ژیرانە دەدەنەوە.
١٧وەک گرتنی سەگێکە بە گوێیەکانی ئەوەی ڕێبوارە و خۆی دەخاتە ناو ناکۆکییەکەوە کە هی ئەو نییە.
١٨وەک شێتێک پشکۆ و تیری مەرگ بهاوێژێت،
١٩ئاوایە ئەوەی فێڵ لە دراوسێکەی بکات و بڵێت: «تەنها گاڵتەم کرد!»
٢٠دار نەبێت ئاگر دەکوژێتەوە، دەمشڕ نەبێت دووبەرەکی نامێنێت.
٢١خەڵووز بۆ پشکۆ و دار بۆ ئاگرە، پیاوی شەڕانگێزیش بۆ ورووژاندنی ناکۆکییە.
٢٢قسەکانی دەمشڕ وەک پارووی بەتامە، شۆڕ دەبێتەوە ناو ورگ.
٢٣وەک گۆزەی گڵینی داپۆشراوە بە خڵتی زیو قسەی شیرین لە دڵێکی خراپەوە.
٢٤قین لە دڵ بە لێوەکانی خۆی دەشارێتەوە، بەڵام لە ناخیدا فڕوفێڵ دادەنێتەوە.
٢٥ئەگەر قسەی شیرینی کرد باوەڕی پێ مەکە، چونکە حەوت شتی قێزەون لە دڵیدایە.
٢٦هەرچەندە بە فێڵ قینی خۆی بشارێتەوە، خراپەی لەناو کۆمەڵدا ئاشکرا دەبێت.
٢٧ئەوەی چاڵێک هەڵکەنێت خۆی تێی دەکەوێت، ئەوەی بەردێک گلۆر بکاتەوە بەرەو خۆی دەگەڕێتەوە.
٢٨زمانی درۆ ڕقی لەوانە دەبێتەوە کە برینداریان دەکات، زمانی لووسیش وێرانکاری دەکات.