١شانازی بە سبەینێ مەکە، چونکە نازانی ڕۆژ چی لێ دەکەوێتەوە.
٢با نامۆ ستایشت بکات نەک دەمی خۆت، بێگانە نەک لێوەکانت.
٣بەرد قورسە و لم بە سەنگە، بەڵام تووڕەیی گێل لە هەردووکیان قورسترە.
٤هەڵچوون توندوتیژە و تووڕەیی لێشاوە، بەڵام کێ لەبەردەم ئیرەیی خۆ ڕادەگرێت؟
٥سەرزەنشتی ئاشکرا لە خۆشەویستی شاردراوە باشترە.
٦برینی دۆست دڵسۆزییە، بەڵام ماچی دوژمن بە فێڵە.
٧کەسی تێر پێ لە هەنگوین دەنێت، بەڵام بۆ برسی هەموو تاڵێتییەک شیرینە.
٨وەک چۆلەکەی وێڵبوو لە هێلانەکەی، ئاوایە مرۆڤی وێڵ لە هەواری خۆی.
٩بۆن و بخورد دڵ خۆش دەکەن، شیرینی برادەریش لە پەرۆشی ڕاوێژە.
١٠واز لە برادەرەکانی خۆت و باوکت مەهێنە، لە ڕۆژی لێقەومانت مەچووە ماڵی برات، دراوسێی نزیک لە برای دوور باشترە.
١١ڕۆڵە، دانا بە و دڵم خۆش بکە، بۆ ئەوەی وەڵامی ئەوانە بدەمەوە کە لۆمەم دەکەن.
١٢ژیر خراپە دەبینێت و خۆی دەشارێتەوە، بەڵام ساویلکە مل پێوەدەنێت و سزا دەدرێ.
١٣ئەگەر کەسێک بووە کەفیلی نامۆیەک کەواکەی لێ وەربگرە، لەبەر بێگانەکە بارمتەی لێ وەربگرە.
١٤ئەوەی بە دەنگی بەرز داوای بەرەکەت بۆ دراوسێکەی بکات لە بەیانی زوودا، بە نەفرەت بۆی ئەژمارد دەکرێت.
١٥دڵۆپەکردنی بەردەوام لە ڕۆژی باران، هەروەک ئافرەتی شەڕانییە.
١٦ئەوەی دەستەمۆی بکات، با دەستەمۆ دەکات، بە دەستی ڕاستی زەیت دەگرێت.
١٧ئاسن بە ئاسن تیژ دەکرێت و مرۆڤیش ڕووی برادەرەکەی تیژ دەکات.
١٨ئەوەی چاودێری دار هەنجیرێک بکات بەرەکەی دەخوات، ئەوەی گەورەکەی خۆی بپارێزێت ڕێزی دەگیرێت.
١٩وەک لە ئاودا وێنەدانەوەی ڕوو دەبینرێت، ئاواش دڵی مرۆڤ وێنەی مرۆڤەکە دەداتەوە.
٢٠جیهانی مردووان و لەناوچوون تێر نابن، هەروەها چاوی مرۆڤیش تێر نابێت.
٢١بۆتە بۆ زیوە و کوورە بۆ زێڕ، مرۆڤیش بە دەمی ستایشکەرەکەی تاقی دەکرێتەوە.
٢٢هەرچەندە گێل لەناو هاون بکوتی، لەگەڵ دانەوێڵە بە دەسکە هاون، گێلایەتییەکەی لێی جیا نابێتەوە.
٢٣باش حاڵی مێگەلەکانت بزانە، دڵت هەر لەلای ڕانە مەڕەکانت بێت،
٢٤چونکە دەوڵەمەندی هەتاسەر نییە، تاجیش نەوە بە نەوە بەردەوام نابێت.
٢٥کاتێک کا نامێنێت و گیا دەردەکەوێت، گیاوگۆڵی شاخان کۆدەکرێنەوە،
٢٦بەرخەکان بۆ جلوبەرگ و گیسکەکانیش بۆ نرخی کێڵگە.
٢٧بەپێی پێویست شیری بزنیشت دەبێت کە بەشی خواردنی خۆت و خێزانەکەت و بژێوی کەنیزەکانت دەکات.