کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەندەکانی سلێمان

پەندەکانی سلێمان ٢٨

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١بەدکار بێ ئەوەی کەس ڕاوی بنێت هەڵدێت، بەڵام ڕاستودروست وەک بەچکە شێر چاونەترسە.

٢کە یاخیبوون لە خاکێک هەبێت میری زۆر دەبێت، بەڵام فەرمانڕەوایەکی تێگەیشتوو و زانا نیشتیمان بەرقەرار دەکات.

٣ئەو سەرکردەیەی هەژاران بچەوسێنێتەوە، وەک بارانێکی بەخوڕە هیچ خۆراکێک ناهێڵێتەوە.

٤ئەوانەی واز لە تەورات دەهێنن ستایشی بەدکار دەکەن، بەڵام پارێزەرانی تەورات دژایەتییان دەکەن.

٥پیاوخراپان لە دادپەروەری تێناگەن، بەڵام ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن تەواو تێدەگەن.

٦باشترە هەژار ڕێگای تەواوەتی گرتبێت، لە دەوڵەمەند کە ڕێگاکان خواردەکاتەوە.

٧ئەوەی تەورات بپارێزێت کوڕێکی تێگەیشتووە، بەڵام هاوڕێی دەستبڵاوان باوکی خۆی ڕیسوا دەکات.

٨ئەوەی بە سوو و بازاڕگرانکردن سامانی خۆی زۆر بکات، بۆ یەکێکی کۆدەکاتەوە کە بەزەیی بە نەداران دێتەوە.

٩ئەوەی گوێی دابخات لە بیستنی فێرکردنەکەم، تەنانەت نوێژەکەشی قێزەونە.

١٠ئەوەی سەرڕاستان بەرەو ڕێگای خراپە ببات، دەکەوێتە ئەو چاڵەوە کە خۆی هەڵیکەندووە، بەڵام ئەوانەی کە بێ کەموکوڕین میراتی باشیان بەردەکەوێت.

١١دەوڵەمەند لەبەرچاوی خۆی دانایە، بەڵام هەژاری تێگەیشتوو دەیپشکنێت.

١٢لە سەرکەوتنی ڕاستودروستان شانازییەکی گەورە هەیە، بەڵام لە هەستانی بەدکاران خەڵکی خۆیان دەشارنەوە.

١٣ئەوەی گوناهەکانی خۆی بشارێتەوە سەرناکەوێت، بەڵام دانپێدانەر و وازلێهێنەر بەر بەزەیی دەکەوێت.

١٤خۆزگە دەخوازرێ بە کەسێک بەردەوام لە یەزدان بترسێت، بەڵام ئەوەی دڵی خۆی ڕەق بکات دەکەوێتە خراپەوە.

١٥وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ و ورچێکی هەڵچووە، فەرمانڕەوای بەدکار بەسەر گەلی نەدارەوە.

١٦فەرمانڕەوای ناتێگەیشتوو زۆرداری زۆر دەکات، بەڵام ئەوەی ڕقی لە دەستکەوتی ناڕەوا بێت تەمەن درێژ دەبێت.

١٧ئەوەی خوێنی کەسێکی لە مل بێت هەتا ڕۆژی مردنی هەڵاتوو دەبێت. با کەس پشتیوانی نەکات.

١٨ئەوەی بە ڕێگای تەواویدا بڕوات ڕزگار دەبێت، بەڵام ئەوەی ڕێگاکانی خوار بکات لەپڕ دەکەوێت.

١٩ئەوەی ئیش لە زەوی خۆیدا بکات تێر نان دەبێت، بەڵام ئەوەی دوای هیچوپووچی بکەوێت تێر هەژاری دەبێت.

٢٠کەسی دڵسۆز بەرەکەتی زۆرە، بەڵام ئەوەی بە پەلە بێت بۆ دەوڵەمەندی بێ سزا نابێت.

٢١لایەنگری باش نییە، بەڵام مرۆڤ بۆ لەتە نانێک گوناه دەکات.

٢٢کەسی بەرچاوتەنگ بە پەلەیە بۆ دەوڵەمەندی، بەڵام نازانێت نەبوونی بۆ دێت.

٢٣ئەوەی کەسێک سەرزەنشت بکات لە کۆتاییدا پەسەندتر دەبێت لەوەی زمانلووسی دەکات.

٢٤ئەوەی دایک و باوکی تاڵان بکات و بڵێت: «ئەمە گوناه نییە!» ئەو کەسە هاوبەشی کاولکارانە.

٢٥چاوبرسی ناکۆکی دەوروژێنێت، بەڵام ئەوانەی پشت بە یەزدان دەبەستن سەرکەوتوو دەبن.

٢٦ئەوەی پشت بە بیرکردنەوەی خۆی ببەستێت گێلە، بەڵام ئەوەی بە ڕێگای داناییدا بڕوات دەرباز دەبێت.

٢٧ئەوەی بە هەژار ببەخشێت نەبوون نابێت، بەڵام ئەوەی ڕووی لێ وەرگێڕێت نەفرەتی زۆر دەبێت.

٢٨بە هەستانی بەدکاران خەڵکی خۆیان دەشارنەوە، بەڵام بە لەناوچوونیان ڕاستودروستان سەردەکەون.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.