کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆزپەندەکانی سلێمان

پەندەکانی سلێمان ٢٩

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەوەی زۆر سەرزەنشت بکرێت و هەر کەللەڕەق بێت، لەناکاو تێکدەشکێت و چارەسەریشی نابێت.

٢کاتێک ڕاستودروستان زۆر بن گەل دڵخۆش دەبێت، کە بەدکار فەرمانڕەوا بێت گەل دەناڵێنێت.

٣ئەوەی حەز لە دانایی بکات باوکی دڵخۆش دەکات، هاوڕێی لەشفرۆشانیش سامان بەفیڕۆ دەدات.

٤پاشا بە دادوەری وڵات ڕادەگرێت، بەڵام ئەوانەی بەدوای پارە بکەون وێرانی دەکەن.

٥ئەو کەسەی لەگەڵ دراوسێکەی زمانلووسی بکات داو لەبەرپێی دەنێتەوە.

٦لە گوناهی پیاوخراپ تەڵە هەیە، بەڵام کەسی ڕاستودروست گۆرانی دەڵێت و دڵخۆش دەبێت.

٧کەسی ڕاستودروست گرنگی بە مافی هەژار دەدات، بەڵام بەدکار ئەو گرنگییە تێناگات.

٨گاڵتەجاڕان شار دەخەنە ئاژاوەوە، بەڵام دانایان تووڕەیی کپ دەکەنەوە.

٩ئەگەر پیاوێکی دانا گێلێک بداتە دادگا، گێلەکە تووڕە بێت یان گاڵتەی پێ بێت ئاشتی نابێت.

١٠خوێنڕێژان ڕقیان لە کەسی دروست دەبێتەوە، بەڵام سەرڕاستان ژیانی دەپارێزن.

١١گێل هەرچی تووڕەیی لە دڵدایە دەریدەبڕێت، بەڵام دانا خۆی دەگرێت.

١٢ئەگەر فەرمانڕەوایەک گوێ لە قسەی درۆ بگرێت، هەموو خزمەتکارەکانی دەبنە بەدکار.

١٣هەژار لەگەڵ زۆردار لەمەدا لە یەکتری دەچن: یەزدان ڕووناکی بە چاوی هەردووکیان دەدات.

١٤ئەگەر پاشایەک بە ڕاستی دادوەری هەژاران بکات، تەختەکەی هەتاهەتایە دەچەسپێت.

١٥داری تەمبێکردن دانایی دەبەخشێت، بەڵام منداڵ جڵەوی بەربدرێت دایکی خۆی شەرمەزار دەکات.

١٦کاتێک بەدکاران گەشە دەکەن گوناه زۆر دەبێت، بەڵام ڕاستودروستان کەوتنیان دەبینن.

١٧کوڕەکەت تەمبێ بکە دەتحەسێنێتەوە، چێژ دەداتە گیانت.

١٨بەبێ سروش گەل بەڕەڵا دەبێت، بەڵام ئەوەی تەورات پەیڕەو بکات خۆزگەی پێ دەخوازرێت.

١٩خزمەتکار تەنها بە قسە تەمبێ نابێت، هەرچەندە تێدەگات، بەڵام گوێی ناداتێ.

٢٠ئەو کەسەت بینیوە بە پەلەیە لە قسەکانی؟ گێل لەو زیاتر ئومێدی پێ دەکرێت.

٢١ئەوەی خزمەتکارەکەی لە منداڵییەوە بە ناز ڕابگرێت، لە کۆتاییدا لێی هەڵدەگەڕێتەوە.

٢٢کەسی تووڕە ناکۆکی دەوروژێنێت، کەسی هەڵچووش گوناهی زۆرە.

٢٣لووتبەرزی مرۆڤ خۆی نزم دەکاتەوە، بەڵام بێفیز ڕێزدار دەبێت.

٢٤هاوبەشی دز ڕقی لە خۆی دەبێتەوە، سوێند دەخوات و دانی پێدا نانێت.

٢٥ترسی مرۆڤ تەڵە دەنێتەوە، بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت پەناگیر دەبێت.

٢٦زۆر کەس داوای ڕەزامەندی فەرمانڕەوایان دەکەن، بەڵام مرۆڤ لەلایەن یەزدانەوە دادپەروەری بەدەستدەهێنێت.

٢٧قێزی ڕاستودروستان لە کەسی ناڕەوایە، قێزی بەدکاریش لەوەیە کە ڕێگای ڕاستە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.