١قسەکانی ئاگوری کوڕی یاقە ئەم سروشە لەخۆ دەگرێت. ئەم پیاوە بە ئیتیێلی ڕاگەیاند: ئەی خودایە، من شەکەتم، بەڵام دەتوانم بەسەریدا زاڵ بم.
٢«من لە هەموو مرۆڤێک دەبەنگترم، تێگەیشتنی مرۆڤانەم نییە.
٣فێری دانایی نەبووم و ناسینی خودای پیرۆزم نییە.
٤کێ بەرزبووەوە بۆ ئاسمان و هاتە خوارەوە؟ کێ بای لەناو هەردوو لەپی خۆی کۆکردەوە؟ کێ ئاوی لەناو جلدا پێچایەوە؟ کێ هەموو لایەکی زەوی دامەزراند؟ ناوی چییە؟ ناوی کوڕەکەی چییە؟ ئەگەر دەیزانیت پێم بڵێ!
٥«هەموو وشەیەکی خودا بێگەردە، قەڵغانە بۆ ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
٦هیچ شتێک بۆ وشەکانی زیاد مەکە، نەوەک سەرزەنشتت بکات و بە درۆزن دەربچیت.
٧«ئەی یەزدان، دوو شتم لێ داوا کردیت، لێمی قەدەغە مەکە پێش مردنم:
٨شتی پووچ و قسەی درۆم لێ دووربخەوە، هەژاری یان دەوڵەمەندیم مەدەرێ، بەڵام نانی پێویستی خۆم پێ بدە،
٩نەوەک تێر بم و نکۆڵیت لێبکەم و بڵێم: ”یەزدان کێیە؟“ یان نەوەک هەژار بم و دزی بکەم و ناوی خودای خۆم بێ ڕێز بکەم.
١٠«بوختان بە خزمەتکار مەکە لەلای گەورەکەی، نەوەک نەفرەتت لێ بکات و تاوانبار بیت.
١١«نەوەیەک هەیە نەفرەت لە باوکی دەکات و دایکی پیرۆز ناکات.
١٢نەوەیەک هەیە لە ڕوانگەی خۆی پاکە، بەڵام خۆی نەشوشتووەتەوە لە پیسوپۆخڵییەکەی.
١٣نەوەیەک هەیە چەند چاو لە هەوراز و بەرز دەڕوانێت.
١٤نەوەیەک هەیە ددانەکانی شمشێرن و کاکیلەکانی چەقۆن، بۆ خواردنی کڵۆڵەکان لەسەر زەوی و نەدارەکان لەنێو خەڵکی.
١٥«زەروو دوو کچی هەیە، هاوار دەکەن: ”بێنە، بێنە!“ «سێ شت هەن تێر نابن، چوارەمیش ناڵێت، ”بەسە!“:
١٦جیهانی مردووان و منداڵدانی نەزۆک و زەوییەک تێر ئاو نەبێت و ئاگرێک هەرگیز نەڵێت: ”بەسە!“
١٧«ئەو چاوەی گاڵتە بە باوکی بکات و سووکایەتی بە گوێڕایەڵی بکات بۆ دایک، قەلەڕەشەکانی دۆڵ هەڵیدەکۆڵن و بێچووە سیسارکە کەچەڵ دەیخۆن.
١٨«سێ شت هەن زۆر سەیرن بۆ من، چوارەمیش تێناگەم:
١٩ڕێگای هەڵۆ لە ئاسمان، ڕێگای مار لەسەر بەرد، ڕێگای کەشتی لەناو جەرگەی دەریا و ڕێگای پیاویش لەگەڵ کچ.
٢٠«ئەمە هەڵسوکەوتی ژنی داوێنپیسە: دەخوات و دەمی دەسڕێتەوە و دەڵێت: ”خراپەم نەکردووە!“
٢١«زەوی لەژێر سێ شتدا دەلەرزێت و لەژێر چوارەمیش ناتوانێت بەرگە بگرێت،
٢٢خزمەتکارێک کە بووبێتە پاشا، گێلێک کە تێر نان بێت،
٢٣ئافرەتێک بێ ناز بێت و مێرد بکات، کەنیزەیەک ببێت بە میراتگری خاتوونەکەی.
٢٤«چوار شت هەن لەسەر زەوی بچووکن بەڵام لە دانایان داناترن:
٢٥مێروولەکان بوونەوەرێکی بێهێزن، بەڵام لە هاویندا خواردنی خۆیان ئەمبار دەکەن.
٢٦گۆڕهەڵکەنەکان گیانلەبەرێکی بێ توانان، بەڵام لەناو بەرد لانەکانیان دروستدەکەن.
٢٧کوللەکان پاشایان نییە، بەڵام هەموویان پۆل پۆل دەجوڵێن.
٢٨مارمێلکە بەدەست دەگیردرێت، بەڵام لە کۆشکی پاشادا دەبینرێت.
٢٩«سێ شت هەن هەنگاویان سەنگینە و چوارەمیش ڕۆیشتنی سەنگینە:
٣٠شێر کە پاڵەوانی هەموو گیاندارەکانە، لە ڕووی هیچ شتێک ناگەڕێتەوە،
٣١کەڵەشێری بە فیز، تەگە، پاشایەکیش لە سەرکردایەتی لەشکرەکەی.
٣٢«ئەگەر گێلایەتیت کرد بە خۆهەڵکێشانت، یان پیلانی خراپت نایەوە، دەستت بخەرە سەر دەمت!
٣٣چونکە وەک چۆن شیر بهەژێنیت کەرەی لێ دەردەچێت و لووت بهەژێنیت خوێنی لێ دێت، تووڕەییش بهەژێنیت ناکۆکی لێ پێدا دەبێت.»