١ئەی خودایە، ئەوەی ستایشت دەکەم، بێدەنگ مەبە،
٢چونکە دەمی بەدکار و دەمی فریودەر لێم کراونەتەوە، بە زمانی درۆ قسەم لەسەر دەکەن.
٣بە قسەی ڕقەوە دەوریان گرتووم، بەبێ هۆ لە دژم دەجەنگن.
٤لە جیاتی خۆشەویستییەکەم دژایەتیم دەکەن، بەڵام من نوێژم کردووە.
٥لە پاداشتی چاکە خراپەم لەگەڵ دەکەن، ڕقیش لە پاداشتی خۆشەویستیم.
٦بەدکارێکی لەسەر دابنێ، با سکاڵاکار لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستێت.
٧با لە دادگایی تاوانبار بکرێت، با نوێژی بۆی بە گوناه دابنرێت.
٨با ڕۆژگاری کورت بێت، یەکێکی دیکە ئەرکەکەی ئەو وەربگرێت!
٩با کوڕەکانی هەتیو بن، ژنی بێوەژن بێت.
١٠با کوڕەکانی سەرگەردان بن و سواڵ بکەن، لە ماڵە کاولەکانیان دەربکرێن.
١١با هەرچی هەیەتی خاوەن قەرز بیبات، بێگانەش بەری ڕەنجی تاڵان بکەن.
١٢با کەس نەبێت دەستی خۆشەویستی بۆ درێژ بکات، کەس نەبێت دڵی بە هەتیوەکانی بسووتێت!
١٣با نەوەکانی ببڕێتەوە، ناوی لە نەوەی داهاتوو بسڕێتەوە!
١٤با تاوانەکانی باوباپیرانی بخرێنە بەردەم یەزدان، با گوناهەکانی دایکی نەسڕێنەوە!
١٥با هەمیشە لەبەردەم یەزدان بن هەتا یادیان لەسەر زەوی ببڕێتەوە!
١٦لەبەر ئەوەی بیری نەکردەوە کە خۆشەویستی نەگۆڕ بنوێنێت، بەڵکو کەسی هەژار و نەدار و دڵشکاوی ڕاوناوە و کوشتووە.
١٧حەزی لە نەفرەت لێکردن بوو، با بۆی بێت! دڵشاد نەبوو بە داوای بەرەکەت بۆ کردن، با لێی دووربکەوێتەوە!
١٨نەفرەتی وەک کراس لەبەرکردبوو، وەک ئاو چووە ناو لەشی، وەک ڕۆن چووە ناو ئێسقانەکانی.
١٩با وەک بەرگێک بێ لە خۆی بیپێچێتەوە، هەمیشە وەک پشتێنێک بێ لە خۆی بیبەستێت!
٢٠با ئەمە کرێی یەزدان بێت بۆ سکاڵاکارانم، ئەوانەی بە خراپە لە دژی من دەدوێن.
٢١بەڵام تۆ ئەی یەزدانی پەروەردگار، لە پێناوی ناوی خۆت چاکەم لەگەڵ بکە، دەربازم بکە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە.
٢٢لەبەر ئەوەی من هەژار و نەدارم، دڵم لە ناخمدا بریندارە.
٢٣وەک سێبەری ئێوارە دەڕۆم، وەک کوللە هەڵدەوەرێم.
٢٤ئەژنۆم شل بووە لەبەر ڕۆژووگرتن، لەشم لاواز بووە لە کەمی چەوری.
٢٥بووم بە سووکایەتی بۆیان، دەمبینن سەر بادەدەن.
٢٦ئەی یەزدان، خودای من، یارمەتیم بدە، بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ڕزگارم بکە.
٢٧با بزانن کە ئەمە دەستی تۆیە، ئەی یەزدان، کە تۆ ئەمەت کردووە.
٢٨ئەوان نەفرەت دەکەن، بەڵام تۆ بەرەکەت دەدەیت، هەستان و شەرمەزار بوون، بەڵام خزمەتکاری تۆ دڵخۆش بوو.
٢٩با سکاڵاکارانم بەرگی نامەردی بکەنە بەر، با شەرمەزاری وەک کەوا لە خۆیان بئاڵێنن.
٣٠بە دەمی خۆم زۆر سوپاسی یەزدان دەکەم، لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشی دەکەم،
٣١چونکە ئەو لە دەستەڕاستی نەدار ڕادەوەستێت، بۆ ڕزگارکردنی لەوانەی حوکمی بەسەردا دەدەن.