١ئەی خودایە، دڵم چەسپاوە، بە هەموو گیانم سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
٢ئەی ساز و قیسارە، هەستن! من بەرەبەیانان هەڵدەستم.
٣ئەی یەزدان، لەنێو گەلان ستایشت دەکەم، لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم،
٤چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت مەزنە، لە ئاسمان بەرزترە، دڵسۆزیشت دەگاتە هەورەکان.
٥ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە، با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.
٦بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە، بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت.
٧خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی: «بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و دۆڵی سوکۆت دەپێوم.
٨گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە، ئەفرایم کڵاوی منە، یەهودا داری دەسەڵاتی منە.
٩مۆئاب دەستشۆرمە، پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم، لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.»
١٠کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟ کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟
١١ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟
١٢یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە، چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە.
١٣لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین، هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.