کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ١٠٧

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

٢با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە، ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە،

٣لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە، لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە:

٤هەندێک گومڕابوون لە چۆڵەوانی، لە بیابان، ڕێگایان بۆ شاری نیشتەجێبوونیان نەدۆزییەوە.

٥برسی و تینوو بوون، گیانیان داهێزرا.

٦ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.

٧ڕابەرایەتی کردن بۆ ڕێگای ڕاست، بۆ ئەوەی بچن بۆ شاری نیشتەجێبوون.

٨با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی، بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،

٩چونکە گیانێکی تینووی تێرکرد، گیانێکی برسی پڕکرد لە چاکە.

١٠هەندێک دانیشتن لە تاریکی و سێبەری مەرگ، لە دیلیێتی ئازار و ئاسن،

١١چونکە لە قسەکانی خودا یاخی بوون، سووکایەتییان بە ڕاوێژی هەرەبەرز کرد.

١٢لەبەر ئەوە پشتیان لەژێر باردا چەمایەوە، کەوتن و کەس نەبوو یارمەتییان بدات.

١٣ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.

١٤لە تاریکی و سێبەری مەرگ دەریهێنان، کۆت و زنجیرەکانی پچڕاندن.

١٥با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی، بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،

١٦چونکە دەروازەی بڕۆنزی تێکشکاند، شیشە ئاسنەکانی شکاند.

١٧هەندێک بوونە گێل لە ڕێگای یاخیبوونیان و لە گوناهەکانیان تووشی ناخۆشی دەبن.

١٨قێزیان لە هەموو خواردنێک بووەوە، لە دەروازەکانی مەرگ نزیک بوونەوە.

١٩ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.

٢٠فەرمایشتی خۆی نارد و چاکی کردنەوە، لە فەوتان دەربازی کردن.

٢١با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی، بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،

٢٢با قوربانی سوپاسگوزاری بکەن، بە هەلهەلەوە باسی کردارەکانی بکەن.

٢٣هەندێک بە کەشتی دابەزینە ناو دەریا، ئەوانەی لە دەریای گەورە بازرگانییان دەکرد.

٢٤ئەوان کارەکانی یەزدانیان بینی، کارە سەرسوڕهێنەرەکانی لە قووڵایی.

٢٥بە قسەی ئەو ڕەشەبا هەستا، شەپۆلەکانی بەرزکردەوە.

٢٦بەرز دەبنەوە بۆ ئاسمان، دادەبەزنە ناو قووڵاییەکان، گیانیان لە مەترسی دەتوێتەوە.

٢٧وەک سەرخۆش سەرسم دەدەن و بە ئەملا و ئەولادا دەکەون، نازانن چی دەکەن.

٢٨ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.

٢٩ڕەشەبای هێدی کردەوە بۆ ئارامی، شەپۆلەکانی بێدەنگ کرد.

٣٠دڵخۆش بوون، چونکە شەپۆلەکان هێمن بوونەوە، گەیاندیانی بەو بەندەرەی دەیانویست.

٣١با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی، بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،

٣٢با لەناو کۆڕی خەڵک بەرزی بکەنەوە، لە ئەنجومەنی پیرەکان ستایشی بکەن.

٣٣ڕووباری کردە بیابان و سەرچاوەی ئاوەکانی کردە زەوی تینوو،

٣٤خاکی بە پیتی کردە زەوی بێ کەڵک، لەبەر خراپەی ئەوانەی تێیدا دانیشتبوون.

٣٥بیابانی کردە گۆمە ئاو و زەوی وشکی کردە سەرچاوەی ئاوەکان.

٣٦برسییەکانی لەوێ نیشتەجێ کرد، شاری نیشتەجێبوونیان دامەزراند.

٣٧کێڵگەیان چاند و ڕەزەمێویان ڕواند، دەغڵیان بە بەروبووم بوو.

٣٨بەرەکەتداری کردن و زۆر زیاد بوون، ئاژەڵی ئەوانی کەم نەکردەوە.

٣٩ئینجا کەم بوونەوە و چەمانەوە، لەژێر باری خراپەکاری و ناخۆشی.

٤٠ئەوەی ڕیسوایی بەسەر میرەکاندا دەڕێژێت، لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا گومڕای کردن.

٤١بەڵام هەژاری لە زەلیلی بەرز کردەوە، وەک ڕانە مەڕ بنەماڵەی ئەوانی زیاد کرد.

٤٢سەرڕاستەکان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن، بەڵام هەموو خراپەکاران دەمیان دەگیرێت.

٤٣کێ دانایە، با سەرنج بداتە ئەمانە و لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی یەزدان تێبگات.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.