١هەلیلویا! ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
٢کێ باسی پاڵەوانیێتی یەزدان دەکات؟ کێ بە تەواوی ستایشی ئەو دەکات؟
٣خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی دادپەروەری پەیڕەو دەکەن، ئەوانەی هەموو کاتێک بە ڕاستودروستی کار دەکەن.
٤ئەی یەزدان، لە کاتی ڕەزامەندیت لە گەلەکەت یادم بکەرەوە، لە ڕزگارییەکەت بەسەرم بکەرەوە،
٥بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی هەڵبژێردراوانت ببینم، بۆ ئەوەی بە دڵخۆشی نەتەوەکەت دڵخۆشبم، بۆ ئەوەی لەگەڵ میراتەکەت شانازی بکەم.
٦ئێمە وەک باوباپیران گوناهمان کرد، خراپەمان کرد و بەدکاریمان کرد.
٧کاتێک باوکانمان لە میسر بوون، لە پەرجووەکانی تۆ تێنەگەیشتن، یادی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی تۆیان نەکردەوە، بەڵکو یاخی بوون لەلای دەریا، لەلای دەریای سوور،
٨بەڵام لەبەر ناوی خۆی ڕزگاری کردن، بۆ ئەوەی پاڵەوانیێتی بزانرێت.
٩لە دەریای سووری ڕاخوڕی، وشک بوو، بە ناو قووڵاییەکەیدا بردنی، وەک لە بیابان.
١٠لە دەست ناحەز ڕزگاری کردن، لە دەست دوژمن کڕینیەوە.
١١ئاو دوژمنانی ئەوانەی داپۆشی، کەسیان دەرباز نەبوون.
١٢ئەوسا بڕوایان بە بەڵێنەکانی کرد، گۆرانییان بۆ ستایشی گوت.
١٣بەڵام هەر زوو کردارەکانی ئەویان لەیادچوو، چاوەڕێی ڕاوێژی ئەویان نەکرد.
١٤بەڵکو لە چۆڵەوانی نەوسیان هەستا، لە بیابان خودایان تاقی کردەوە،
١٥ئەوەی داوایان کرد، پێیدان، بەڵام نەخۆشی لەڕی بۆ ناردن.
١٦لە ئۆردوگا بەغیلییان برد بە موسا و بە هارونی تەرخانکراوی یەزدان.
١٧زەوی لێک بووەوە و داتانی قووت دا، بەسەر تاقمەکەی ئەبیرامدا هاتەوەیەک.
١٨ئاگر بەربووە تاقمەکەیان، گڕ بەدکارانی هەڵلووشی.
١٩لە حۆرێڤ گوێرەکەیەکیان دروستکرد، کڕنۆشیان بۆ پەیکەرێکی داڕێژراو برد.
٢٠شکۆیان گۆڕییەوە بە پەیکەری گای گیاخۆر.
٢١خودای ڕزگارکەری خۆیان لەبیر کرد، کە لە میسر کاری مەزنی کردبوو،
٢٢پەرجووەکان لە وڵاتی حام، کارە سامناکەکان لەلای دەریای سوور.
٢٣ئینجا فەرمووی لەناودەچن، ئەگەر موسای هەڵبژاردەی خۆی، لە کەلێنی شووراکە لە بەرامبەری ڕانەوەستابایە، بۆ ئەوەی نەهێڵێ تووڕەیی ئەو دایانبڕزێنێ.
٢٤خاکی خۆشییان بە سووک زانی، باوەڕیان بە بەڵێنی ئەو نەکرد.
٢٥لەناو خێوەتەکانیاندا کەوتنە بۆڵەبۆڵ، گوێیان لە قسەی یەزدان نەگرت.
٢٦ئەویش سوێندی بۆ خواردن، کە لە بیابان بە مردوویی بکەون،
٢٧نەوەکانیان لەنێو نەتەوەکان بخات و لە خاکەکان پەرتیان بکات.
٢٨پەیوەست بوون بە بەعلی پەعۆرەوە، ئەو قوربانییانەیان خوارد کە بۆ بتی مردوو کرابوون.
٢٩بە کردەوەکانیان یەزدانیان پەست کرد، دەرد بەناویاندا بڵاو بووەوە.
٣٠بەڵام فینەحاس هەستا و کەوتە نێوانەوە و دەرد ڕاگیرا.
٣١بە ڕاستودروستی بۆی دانرا، نەوە دوای نەوە هەتاهەتایە.
٣٢لەلای مێرگی مەریبا یەزدانیان تووڕە کرد و موسا بەهۆی ئەوانە کەوتە ناخۆشی،
٣٣چونکە کاتێک ئەوان لە ڕۆحی خودا یاخیبوون، قسەی ناشایستەش لە دەمی موسا دەرچوو.
٣٤گەلەکانیان لەناونەبرد، وەک یەزدان فەرمانی پێ کردبوون،
٣٥بەڵکو لەگەڵ نەتەوەکان تێکەڵاو بوون، فێری نەریتەکانیان بوون.
٣٦بتەکانی ئەوانیان پەرست و بوو بە داو بۆیان.
٣٧کوڕ و کچانی خۆیان بۆ بتەکان سەربڕی.
٣٨خوێنێکی بێتاوانیان ڕشت، خوێنی کوڕ و کچەکانیان، ئەوانەی بۆ بتەکانی کەنعان سەریان بڕین، زەوی پیس بوو بە خوێن.
٣٩گڵاو بوون بە کردەوەکانیان، داوێنپیس بوون بە کارەکانیان.
٤٠لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر گەلەکەیدا جۆشا، قێزی لە میراتەکەی بووەوە.
٤١ژێردەستەی نەتەوەکانی کردن، ناحەزانیان بەسەریاندا زاڵبوون،
٤٢دوژمنەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین، زەلیلی ژێر دەستیان بوون.
٤٣زۆر جار دەربازی کردن، بەڵام بە ئەنقەست یاخیبوون، داڕووخان بە گوناهەکانیان.
٤٤بەڵام لە تەنگانەیاندا ئاوڕی لێ دانەوە، کە گوێی لە دەنگی هاواریان بوو.
٤٥لە پێناوی ئەوان پەیمانی خۆی هێنایەوە یاد، بەگوێرەی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پاشگەز بووەوە.
٤٦وای کرد ئەوانەی بە دیل گرتوویانن، سکیان پێیان بسووتێت.
٤٧ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، ڕزگارمان بکە، لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە، بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.
٤٨ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە. با هەموو گەل بڵێن: «ئامین!» هەلیلویا!