١ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن، کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
٢گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن، هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
٣شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن، با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
٤پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن، بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.
٥باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی، پەرجوو و حوکمەکانی دەمی،
٦ئەی نەوەی ئیبراهیمی بەندەی ئەو، ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
٧ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە، حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.
٨بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە، ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
٩ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی، ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد.
١٠وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی، وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
١١فەرموویەتی: «خاکی کەنعان دەدەمە تۆ، بەشە میراتی خۆتانە.»
١٢ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو، کەم و نامۆ بوون لەو خاکە،
١٣لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە، لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە.
١٤لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات، بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد:
١٥«دەست لە دەستنیشانکراوەکانم مەدەن، خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.»
١٦قاتوقڕی ناردە سەر زەوی، هەموو نانێکی لە زەوی بڕی.
١٧کەسێکی لەپێشیانەوە نارد، یوسف بە کۆیلایەتی فرۆشرا،
١٨بە کۆت ئازاری پێیان دا، زنجیری ئاسنیان لە ملی کرد،
١٩هەتا کاتی هاتنەدی قسەکەی، پەیامی یەزدان ڕاستگۆیی ئەوی چەسپاند.
٢٠پاشا ناردی کۆتەکەیان کردەوە، فەرمانڕەوای گەلان ئازادی کرد.
٢١کردی بە گەورەی ماڵی خۆی، کردی بە دەسەڵاتدار لەسەر هەموو موڵکی خۆی،
٢٢بۆ ئەوەی بە دڵی خۆی میرەکانی ڕێنمایی بکات، پیرەکانی فێری دانایی بکات.
٢٣جا ئیسرائیل هاتە میسر، یاقوب لە خاکی حام بوو بە لانەواز.
٢٤بەم جۆرەی کرد گەلەکەی زۆر بە بەروبووم بن، لە هەموو دوژمنەکانی بەهێزتری کردن،
٢٥ئەو دڵی گۆڕین بۆ ئەوەی ڕقیان لە گەلەکەی بێتەوە، هەتا فێڵ لە خزمەتکارەکانی بکەن.
٢٦موسای بەندەی خۆی نارد و هارون ئەوەی هەڵیبژارد.
٢٧لەنێو خۆیان ئەو پەرجوو و نیشانانەی فەرمانی پێکرابوو، لە خاکی حام هێنایانە دی.
٢٨تاریکی نارد و تاریک داهات، میسرییەکان لە دژی فەرمانەکانی یاخی بوون.
٢٩ئاوەکانی گۆڕین بۆ خوێن، ماسییەکانیانی کوشت.
٣٠زەوی پڕبوو لە بۆق، کە چوونە نێو نوێنی پاشاکانیشیان.
٣١بە فەرمانی ئەو مێشومەگەز هات، مێشوولە بۆ هەموو سنوورەکانیان.
٣٢بارانی کردن بە تەرزە، ئاگری بە گڕ لە زەوییەکانیان.
٣٣لە هەنجیر و دار مێوەکانی دان، درەختی سنوورەکانیانی شکاند.
٣٤بە فەرمانی ئەو کوللە هات، کوللەحاجی بێشومار،
٣٥هەموو سەوزایی زەوییەکەیانی خوارد، بەروبوومی خاکەکەیانی خوارد.
٣٦لە هەموو نۆبەرەیەکی دا لە خاکەکەیان، یەکەمین بەرهەمی پیاوەتییان.
٣٧بە زێڕ و زیوەوە دەریهێنان، لەنێو هۆزەکانیان کەس پەکی نەکەوت.
٣٨میسر بە چوونەدەرەوەیان دڵخۆش بوو، چونکە ترسی ئەوان چووبووە دڵیانەوە.
٣٩هەورێکی هێنا بۆ داپۆشین، ئاگرێک بۆ ڕووناککردنەوەی شەو.
٤٠داوایان کرد، سوێسکەی هێنا، نانی ئاسمانی تێری کردن.
٤١بەردی شەقکرد و ئاوی لێ هەڵقوڵا، وەک ڕووبار بەناو بیاباندا ڕۆیی.
٤٢لەبەر ئەوەی بەڵێنی پیرۆزی خۆی یادکردەوە، بۆ ئیبراهیمی بەندەی.
٤٣گەلەکەی بە شادییەوە هێنایە دەرەوە، هەڵبژاردەکانی بە هەلهەلەوە.
٤٤خاکی نەتەوەکانی پێ بەخشین، بەری ماندووبوونی گەلانیان بە میرات بۆ مایەوە،
٤٥بۆ ئەوەی فەرزەکانی بەجێبهێنن، فێرکردنی جێبەجێ بکەن. هەلیلویا.