١ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە. ئەی یەزدانی پەروەردگارم، تۆ زۆر مەزنیت! شکۆمەندی و پایەبەرزیت لەبەرکردووە.
٢وەک بەرگ ڕووناکیت پۆشیوە، وەک خێوەت ئاسمانت هەڵداوە،
٣وەک کاریتە بەیتوونەکەت لەسەر ئاو داناوە. هەوری ئاسمانت کردووەتە گالیسکەت، بەسەر باڵی باوە دەڕۆیت.
٤بایەکانت کردووەتە فریشتەکانت، بڵێسەی ئاگر خزمەتکارانت.
٥زەویت لەسەر بناغەی خۆی دامەزراندووە، هەتاهەتایە نالەقێت.
٦تۆ وەک کراس زەویت بە دەریای قووڵ داپۆشی، لەسەر چیاکان ئاوەکان ڕادەوەستن.
٧بەڵام لە سەرزەنشتی تۆ ئاوەکان هەڵاتن، لە گرمەی دەنگی تۆ بە ترسەوە ڕایانکرد،
٨بەسەر چیاکان کەوتن و شۆڕ بوونەوە ناو دۆڵەکان، بۆ ئەو شوێنەی تۆ بۆت دامەزراندبوون.
٩سنوورێکت دانا لێی تێنەپەڕن، نەگەڕێنەوە هەتا زەوی دابپۆشن.
١٠کانیاو لە شیوەکان دەتەقێنیتەوە، بۆ ئەوەی لەنێوان چیاکاندا بڕۆن.
١١هەموو زیندەوەرێکی دەشتودەر ئاودەدەن، کەرەکێوییەکان تینووێتی خۆیانی پێ دەشکێنن.
١٢باڵندەی ئاسمان هێلانەی تێدا دەکات، لەناو چڵەکان دەخوێنێت.
١٣لە بەیتوونەکەی خۆتەوە چیاکان ئاو دەدەیت، زەوی لە بەروبوومی کردەوەکانت تێر دەبێت.
١٤گیا بۆ ئاژەڵی ماڵی دەڕوێنیت، سەوزە بۆ خزمەتی مرۆڤ، بۆ دەرهێنانی نان لە زەوییەوە.
١٥مەی پێ دەبەخشی بۆ ئەوەی دڵی مرۆڤ خۆش بکەی، ڕۆن بۆ درەوشانەوەی زیاتری ڕووی، نان بۆ پتەوکردنی دڵی مرۆڤ.
١٦درەختەکانی یەزدان تێر دەبن، ئەو داری ئورزەی لوبنان کە چاندی،
١٧ئەوەی چۆلەکە هێلانەی تێدا دەکات، لەقلەقیش داری سنەوبەر ماڵیەتی،
١٨چیای بەرزیش بۆ بزنە کێوی، تاشەبەردەکانیش پەناگای گۆڕهەڵکەنە.
١٩مانگت دروستکرد بۆ دیاریکردنی وەرزەکان، خۆریش ئاوابوونی خۆی دەزانێت.
٢٠تاریکی دادێنێت دەبێت بە شەو، هەموو زیندەوەری دارستان تێیدا دەکەونە جموجۆڵ.
٢١بەچکە شێر بۆ نێچیر دەنەڕێنن، بۆ داواکردنی خواردنیان لە خودا.
٢٢کە ڕۆژ هەڵدێت دەکشێنەوە، لەناو لانەکانیان خۆیان مات دەکەن.
٢٣مرۆڤ دەچێت بۆ ئیشوکاری، بۆ ڕەنجکێشییەکەی هەتا ئێوارە.
٢٤ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن! هەموویت بە دانایی دروستکردووە، زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ.
٢٥ئەم دەریا گەورە و فراوانە، کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت.
٢٦لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن، لیڤیاتان، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات.
٢٧ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە، بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ،
٢٨پێیان دەدەیت و وەریدەگرن، دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن.
٢٩ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن، هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن، دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان.
٣٠کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت، ئەوان بەدیدەهێنرێن، ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە.
٣١با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت، با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت.
٣٢ئەوەی سەیری زەوی دەکات، لەرز دەیگرێت، دەست دەداتە چیاکان، دووکەڵ دەکەن.
٣٣بە درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ یەزدان دەڵێم، تاکو ماوم سروود بۆ خودای خۆم دەڵێم.
٣٤با بیرکردنەوەم شیرین بێت لەلای، منیش بە یەزدان دڵخۆش دەبم.
٣٥بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە، با بەدکاران ئیتر نەمێنن. ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە. هەلیلویا!