کتێبخانەی هیواکتێبی پیرۆززەبوورەکان

زەبوورەکان ١٠٣

کتێبی پیرۆز، کوردیی سۆرانی (KSS)

١ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە، هەموو ناخیشم ستایشی ناوی پیرۆزی بکە.

٢ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە، هیچ چاکەیەکی لەبیر مەکە:

٣ئەوەی لە هەموو گوناهێکت خۆشدەبێت، لە هەموو نەخۆشییەک چاکت دەکاتەوە،

٤ئەوەی ژیانت لە گۆڕ دەکڕێتەوە، خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی دەکاتە تاجی سەرت،

٥ئەوەی تەمەنت تێر دەکات بە چاکە، تاکو گەنجییەتیت وەک هەڵۆ نوێ ببێتەوە.

٦یەزدان ڕاستودروستی ئەنجام دەدات، دادپەروەری بۆ هەموو چەوساوەکان.

٧ڕێگای خۆی بە موسا ناساند، کردارەکانی بە نەوەکانی ئیسرائیل:

٨یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە، پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە.

٩تاوانبارکردنی هەتاسەر نییە، تووڕەیی هەتاهەتایە نییە.

١٠بە گوناهی خۆمان لەگەڵ ناکات و بەگوێرەی تاوانەکانمان سزامان ناداتەوە.

١١وەک بەرزی ئاسمان لەسەر زەوییەوە، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرکردووە بۆ ئەوانەی کە لێی دەترسن.

١٢وەک دووری ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاواوە، یاخیبوونەکانمانی لێ دوورخستووینەتەوە.

١٣وەک باوک چۆن بەزەیی بە منداڵەکانیدا دێتەوە، یەزدانیش ئاوا بەزەیی بەوانەدا دێتەوە کە لێی دەترسن،

١٤چونکە دەزانێت ئێمە چۆن پێکهێنراوین، لەبیریەتی کە ئێمە خۆڵین.

١٥مرۆڤ ڕۆژگاری ژیانی وەک گیا وایە، وەک گوڵی ناو کێڵگە گوڵ دەکات،

١٦بایەک بەسەریدا هەڵبکات، ئیتر نامێنێت، ئاسەواریشی دیار نابێت.

١٧بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدان لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە بۆ ئەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە، ڕاستودروستییەکەشی بۆ نەوەکانە،

١٨بۆ ئەوانەی پەیمانی بەجێدەگەیەنن، ئەوانەی ڕێنماییەکانی ئەویان لەبیرە بۆ ئەوەی پەیڕەوی بکەن.

١٩یەزدان تەختی خۆی لە ئاسمان چەسپاندووە و پاشایەتییەکەشی بەسەر هەمووانەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات.

٢٠ئەی فریشتەکانی یەزدان، ستایشی بکەن، ئەی ئەو بەهێزانەی وتەکانی بەجێدەهێنن، ئەی ئەوانەی گوێڕایەڵی وتەی ئەو دەبن.

٢١ئەی هەموو سوپاکانی، ستایشی یەزدان بکەن، ئەی خزمەتکارانی کە بە ڕەزامەندی ئەو کار دەکەن.

٢٢ئەی هەموو کارەکانی، ستایشی یەزدان بکەن لە هەموو شوێنێکی ژێر دەسەڵاتی. ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.

لە ئەپەکە بیخوێنەرەوە (گەڕان، گوێگرتن، هاوبەشی) ←
دەقی کتێبی پیرۆز: کوردیی سۆرانیی ستاندارد (KSS) © Biblica, Inc. (CC BY-SA 4.0). لە کتێبخانەی هیوا، بەشێک لە hiwabokurd.com.