١ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە، با هاوارم بگاتە لات.
٢لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە، لەو ڕۆژەی کە هاوارت بۆ دەکەم گوێم بۆ شل بکە، زوو وەڵامم بدەوە.
٣ڕۆژگارم وەک دووکەڵ ڕەوییەوە، ئێسکم وەک پشکۆ گڕی گرتووە.
٤هەڵپڕووکاوە، دڵم وشک بووەتەوە، نانخواردنم لەبیر نەماوە.
٥لە دەنگی ناڵەم ئێسکم بە پێستمەوە نووساوە.
٦وەک کوندەپەپووی بیابانم لێهاتووە لە چۆڵەوانیدا، وەک کوندەپەپووی کەلاوەم لێهاتووە.
٧ڕادەکشێم و وەک چۆلەکەیەکی تەنهای سەربانم لێهاتووە.
٨بە درێژایی ڕۆژ دوژمنەکانم سووکایەتیم پێ دەکەن، ئەوانەی لە دژی منن وەک شێتیان لێ هاتووە، نەفرەتم لێدەکەن.
٩بۆیە خۆڵەمێش دەخۆم وەک نان، فرمێسکم تێکەڵ بە خواردنەوەم بووە،
١٠لەبەر تووڕەیی زۆری تۆ، چونکە هەڵتگرتم و فڕێتدام.
١١ڕۆژگارم وەک سێبەری خوارە، خۆشم وەک گیا وشک دەبمەوە.
١٢تۆش ئەی یەزدان، هەتاهەتایە لەسەر تەختی، نەوە دوای نەوە یادت دەکەنەوە.
١٣تۆ هەڵدەستیت و بەزەییت بە سییۆن دێتەوە، چونکە ماوەی میهرەبانییە، کاتی هاتووە.
١٤خزمەتکارەکانت بە تاسەوەن بۆ بەردەکانی، دڵیان دەسووتێ بۆ خۆڵەکەی.
١٥هەموو نەتەوەکان لە ناوی یەزدان دەترسن، هەموو پاشاکانی زەویش لە شکۆمەندیت،
١٦چونکە کە یەزدان سییۆن بنیاد دەنێتەوە، بە شکۆمەندی خۆی دەبینرێت.
١٧ئاوڕ لە نوێژی ڕووتوڕەجاڵەکان دەداتەوە، نوێژەکانیان بە کەم نازانێت.
١٨ئەمە بۆ نەوەی داهاتوو دەنووسرێت، تاکو ئەو نەوەیە ستایشی یەزدان بکەن، کە هێشتا لەدایک نەبوونە:
١٩«یەزدان لە بەرزایی پیرۆزگای خۆیەوە دەڕوانێتە خوارێ، لە ئاسمانەوە سەیری زەوی دەکات،
٢٠بۆ ئەوەی گوێی لە ناڵەی دیلەکان بێت، ئەوانە ئازاد بکات کە دراونەتە دەست مردن.»
٢١جا لە سییۆن ناوی یەزدان ڕادەگەیەنرێت، لە ئۆرشەلیم ستایشی،
٢٢کاتێک گەلان و پاشایەتییەکان پێکەوە بۆ پەرستنی یەزدان کۆدەبنەوە.
٢٣لە ناوەڕاستی تەمەنم هێزی کزکردم، ڕۆژگاری کورتکردم.
٢٤گوتی: «ئەی خودای من، لە ناوەڕاستی ڕۆژگارم لام مەدە، ساڵانی تۆ بۆ نەوە دوای نەوەیە.
٢٥لە سەرەتاوە بناغەی زەویت دانا، ئاسمانیش دەستکردی تۆیە.
٢٦ئەوان لەناودەچن، بەڵام تۆ دەمێنیت، هەموو وەک کراس کۆن دەبن، وەک جلوبەرگ دەیانگۆڕیت و فڕێدەدرێن.
٢٧بەڵام تۆ هەروەک خۆتی، ساڵانی تۆ کۆتایی نایەت.
٢٨کوڕی خزمەتکارەکانت نیشتەجێ دەبن و نەوەکانیان لەبەردەمت دەچەسپێن.»